خبر 2026-11-28 15:23 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵ:

وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێت بزانن پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و پشتگیری دەسەڵاتەکەی ئێستای دوو پرسی جیاوازن

گۆڤاری فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵ لە شیکردنەوەیەکدا بە ڕەخنەگرتن لە ئەدای حکوومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان، داوای لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کرد کە وێڕای پاراستنی پشتگیریی ستراتیژی لەم ناوچەیە، کارکردی پێکهاتەی سیاسیی دەسەڵاتدار بەسەر هەولێردا لە ڕووی بەرپرسیارێتی‌، شەفافیەت و کارایییەوە هەڵبسەنگێنن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵ لە شیکردنەوەیەکدا بە ڕەخنەگرتن لە کارکردی حکوومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، چەقبەستوویی سیاسی، لاوازیی ئابووری، وابەستەیی بە داهاتە نەوتییەکان و گواستنەوەی بودجە لە بەغداوە و لاوازیی دامەزراوە حکوومییەکانی بە گرنگترین ئەو هۆکارانە دەزانێت کە تواناکانی هەرێمیان بۆ گێڕانی ڕۆڵ وەک هاوبەشێکی ستراتیژیی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لاواز کردووە. ئەم گۆڤارە جەختی کردەوە کە پشتگیریی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان نابێت بە مانای پشتگیریی بێ مەرج بێت لە پێکهاتەی سیاسی و حکوومەتە جێگیرەکەی هەولێر.

تیمۆتی مەیسن، نووسەری ئەم وتارە کە ڕۆژی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە ماڵپەڕی فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵدا بڵاو کرایەوە، پێی وایە هەرێمی کوردستان بە درێژاییی چەند دەیەی ڕابردوو بە هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا، بەشداریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەبوونی سەقامگیریی ڕێژەیی بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراقدا، پێگەیەکی گرنگی لە هاوکێشە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوادا بە دەست هێناوە؛ بەڵام بڕیارە سیاسییەکان و کارکردی حکوومەتی ئێستا لە هەولێر، ئەو متمانە و پێگەیەیان خستووەتە بەر مەترسی کە هەرێم لە پەیوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ هاوبەشە ڕۆژئاوایییەکان دروستی کردووە.

بە گوێرەی ئەم گۆڤارە، یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی لاوازیی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەردەوامبوونی چەقبەستوویی سیاسییە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤. لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٣٩ کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ٢٣ کورسی لە پلەی دووەمدا جێگیر بوون، بەڵام هیچ کام لە حیزبەکان نەیانتوانی زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە دەست بهێنن. ناکۆکییەکانیش لەسەر پێکهێنانی کابینە و دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکان، دانوستانە سیاسییەکانی چەندین جار بەرەو شکست برد.

ئەم بارودۆخە تا چوارەمی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بەردەوام بوو؛ ئەو کاتەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە وەستان جارێکی تر کۆبوونەوەی ئەنجام دا. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند حیزبێکی سیاسی بەهۆی ناکۆکی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستە گرنگەکان، ئەم دانیشتنەیان بایکۆت کرد. پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی ٥٢ کەس لە کۆی ١٠٠ نوێنەر، دانیشتنەکەی بەڕێوە برد و بەربژێرەکەی خۆی، ڤالا فەرید، گەیاندە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵ پێی وایە ئەگەرچی بەرپرسیارێتیی ئەم چەقبەستووییە سیاسییە تەنیا ڕووبەڕووی یەک حیزب یان ڕەوت نابێتەوە و کۆی دەستەبژێرە سیاسییەکانی هەرێم لە شێوەگرتنیدا ڕۆڵیان هەیە، حکوومەتی ئێستایش بەهۆی هەبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکاری و دەرفەتی پێویست بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ناتوانێت لە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە بەردەوامبوونی قەیرانەکە خۆی بدزێتەوە. بە بڕوای نووسەر، بانگهێشتکردن بۆ یەکڕیزی و پێکهێنانی حکوومەتی گشتگیر، بە بێ سازانی سیاسی و بەشدارپێکردنی ڕەوتە جیاوازەکان لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا، ناتوانێت ببێتە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

ئەم گۆڤارە لێکەوتەکانی چەقبەستوویی سیاسی بەتایبەتی لە بارودۆخە ناسکە ئابوورییەکەی هەرێمدا بە جێی نیگەرانی دەزانێت. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، پەککەوتن لە کارکردی حکوومەتدا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان داناوە و خۆی لە دواکەوتنی پێدانی مووچەی کارمەندان، زیادبوونی تێچووەکانی ژیان، نادیاربوونی کاتی پێدانە حکوومییەکان و سنوورداربوونی دەرفەتەکانی کاردا نیشان داوە. ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداش لەسەر گواستنەوەی بودجەی فیدراڵ و داهاتە نەوتییەکان لەو هۆکارانە بوون کە پێدانی ڕێکوپێکی مووچە و دابینکردنی سەرچاوە دارایییەکانی حکوومەتی هەرێمیان تووشی کێشە کردووە.

وتارەکە بە ئاماژەدان بەوەی کە حکوومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار باسی لە بەرنامەکانی خۆی بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنان کردووە، پێی وایە ئەنجامەکانی ئەم سیاسەتانە هێشتا جێی ڕەزامەندی نین. کەرتی تایبەت ڕووبەڕووی کەشێکی نادڵنیای ئابووری بووەتەوە و بەشێکی بەرچاوی دەرفەتەکانی کار هێشتا بە خەرجییەکانی حکوومەت و تۆڕە ئابوورییە پەیوەندیدارەکان بە پەیوەندییە سیاسییەکانەوە وابەستەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە ڕوانگەی نووسەرەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە ژێرخانێکی ئابووریی جێی متمانە بۆ بوون بە مەبەستێکی جددیی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی دروست بکات.

فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵ هەروەها یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی هەرێم بە وابەستەییی لەڕادەبەدەری داڕشتەی سیاسی، ئابووری و کارگێڕی بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دەزانێت. بە گوێرەی ئەم گۆڤارە، تێکەڵبوونی هەژموونی حیزبەکان لەگەڵ دەسەڵاتدارییەکانی حکوومەت و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، پرسیارگەلی جددیی سەبارەت بە ڕوونی، بەرپرسیارێتی‌پەسەندکردن و چاودێریکردنی کارکردی دامەزراوە حکوومییەکان دروست کردووە. لە بارودۆخێکی لەم چەشنەدا، گەشەپێدانی سیستەمێکی کارگێڕیی پیشەیی، ڕوونی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە گشتییەکاندا، بەهێزکردنی دامەزراوە چاودێرییە سەربەخۆکان و دروستکردنی کەشێکی کێبڕکێکارانە بۆ چالاکیی ئابووری بە پێویستییەکانی چاکسازیی داڕشتەی حوکمڕانیی هەرێم هەژمار دەکرێن.

نووسەر پێی وایە ئەم کێشانە تەنیا بە پرسە ناوخۆیییەکانەوە سنووردار نابن و دەتوانن کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا دابنێن. بە گوێرەی ئەو، وەبەرهێنەرە بیانییەکان بۆ ئامادەبوون لە هەرێمدا بە بەڵێنە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە ئابوورییەکان ڕازی نابن، بەڵکوو بە دوای ڕێسای پێشبینیکراو، ئاسایشی یاسایی، ڕوونیی ئابووری و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکوومەتدا دەگەڕێن. لاوازی لەم بوارانەدا دەتوانێت سەرنجڕاکێشیی هەرێم بۆ وەبەرهێنان و هاوکارییە درێژخایەنەکان کەم بکاتەوە.

ئەم گۆڤارە لە بەشێکی تری شیکردنەوەکەی خۆیدا ئاماژە بە پێویستیی پێداچوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکات و دەنووسێت پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپادا لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکان، بەرەنگاربوونەوەی داعش و متمانەی سیاسی بنیات نراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پێشینەیە نابێت بە مانای پارێزراوبوونی حکوومەتی ئێستا بێت لە هەڵسەنگاندن و ڕەخنە.

بە بڕوای نووسەر، وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت جیاوازی لە نێوان پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی داڕشتەی سیاسیی دەسەڵاتدار بەسەریدا بکەن. واشنتن و حکوومەتە ئەورووپییەکان کە لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا جەخت لە بنەماگەلێکی وەک بەرپرسیارێتی‌پەسەندکردنی دیموکراتیک، ڕوونیی دامەزراوەیی و باڵادەستیی یاسا دەکەنەوە، دەبێت هەمان ئەم پێوەرانە لە پەیوەندییەکانی خۆشیاندا لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەکار بهێنن.

فۆرن پۆڵەسی جۆرناڵ هەروەها بە ئاماژەدان بە گرنگیی پێگەی جوگرافی و سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی هەژموونی هەندێک لە دراوسێکان، نیگەرانییە ئەمنییەکان و گرنگیی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا، سەقامگیریی هەرێمیان بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا پێویست کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامبوونی ناکۆکییە سیاسییەکان و لاوازیی دامەزراوە حکوومییەکان لە هەولێر، توانای هەرێم بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە ستراتیژییە کەم دەکاتەوە.

ئەم گۆڤارە لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی گرنگیی ستراتیژی، پێشینەی سیاسی و پێگەکەی لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، نابێت ببێتە قوربانیی ناکارایییە ناوخۆیییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکان. بە باوەڕی نووسەر، ڕۆژئاوا دەبێت بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی خۆی لە هەرێم، بەڵام هاوکات لە هەڵسەنگاندنی کارکردی حکوومەتی ئێستادا لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی ئابووری، چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوە حکوومییەکاندا جددیبوونێکی زیاتر بنوێنێت.

بە گشتی، ئەم گۆڤارە جەخت دەکاتەوە کە متمانەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان ناکرێت تەنیا بە پشتبەستن بە پەیوەندییە مێژوویییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپادا بپارێزرێت؛ بەڵکوو بەردەوامبوونی ئەم پێگەیە بە کاراییی حکوومەت، سەقامگیریی ئابووری، چاکسازیی داڕشتە کارگێڕییەکان و دروستکردنی سیستەمێکی بەرپرسیارێتی‌پەسەند و خاوەن ڕەواییی سیاسییەوە وابەستەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.