کورتەی هەواڵەکانی 20ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ی هەتاوی
لێکەوتەکانی پڕۆسەی ئاشتی سنوورەکانی تورکیا تێدەپەڕێنێت
گالیپ دالای لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ گۆڤاری «نیوریجن» جەختی کردەوە کە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریا، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ئامادەیی سەربازیی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا هەبێت و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەندێک لە گرژییە ئەمنییەکان.
........
ئامانج گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانی سەرێکانییە پێش هاتنی زستان
«مەحموود خەلیل» جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگەی حەسەکە، ڕایگەیاند پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی بۆ گوندەکانی خۆیان بەردەوامە و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی ئەم شارەش لە جێبەجێکردندایە؛ ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامانج گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکانە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان پێش ڕەگەیشتنی زستان.
.......
نێچیرڤان بارزانی: سامانی ڕاستەقینەی وڵات، عەقڵ و هزر و دەستپێشخەریی نەوەی نوێیە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی جەختی کردەوە، داهاتووی کوردستان بە نەوت مسۆگەر نابێت بەڵکوو بە توانای هزر و عەقڵی نەوەی نوێ بەدی دێت. وتیشی ئاڵنگاریی گەورەی بەردەم نەوەی ئەمڕۆ، بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر و بەهێزکردنی دامەزراوەکانە تا بتوانن ڕکابەریی جیهانی بکەن.
.......
هاوبەشێکی تۆم باراک گرێبەستێکی نەوتیی گەورەی لە عێراق بەدەستهێناوە
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، تۆم باراک نێردەی ترەمپ بۆ عێراق، فشاری دروستکردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیای "تی ئای کاپیتاڵ" بەشداری لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس بکات. ئەم کۆمپانیایە لە لایەن زیاد غەندورەوە خاوەندارێتی دەکرێت کە هاوبەشێکی بازرگانیی کۆنی تۆم باراکە.
بۆچوونی بەکارهێنەران