خبر 2026-10-12 11:33 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

تورکیا کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد بێنێت و پەکەکەش وازلە خەباتی چەکداری بهێنێت

موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە - لقی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان)، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەبێت بباتە سەر دانپێدانانی مافە سیاسی، زمانەوانی و کلتوورییەکانی کورد، ڕایگەیاند کە چەکداماڵین بە تەنیا پرسی کورد چارەسەر ناکات. ناوبراو ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دانپێدانان بە پێگە و مافی یاسایی ئەو وەک دانوستانکاری سەرەکی و بەرپرسیار لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتیی بە مەرجەکانی پێشکەوتنی ئەم ڕێڕەوە زانی و گوتی پەکەکە بە پاشەکشەکردن لە هەندێک ناوچە و گۆڕینی شێوازی خەبات، جدییەتی خۆی نیشان داوە؛ ئێستاش دەبێت دەوڵەتی تورکیا دەست بکات بە هەڵگرتنی هەنگاوی بەرامبەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئامارگى ڕایگەیاند: "گه‌ریلا ئامادەیه‌ کۆتایی بەڕاپەڕینی چەکداریی بهێنێت ئەگەر ئەنكەرە کۆتایی بەسیاسەتی نکۆڵیکردنی مافەکانی کورد بهێنێت؛ هاوکات هاوکێشەی شەڕەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە"جەنگی سێیەمی جیهانی" پێناسە کرد".

قه‌ره‌یلان ، ڕونیکردەوە، جەنگی سێیەمی جیهانی جیاوازە لەجەنگەکانی پێشوو؛ چونکە بەشێوازی پلەبەندی ‌و لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوەتەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم جەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گرتنی سەرچاوەکانی وزە (نەوت، گاز، یۆڕانیۆم‌ و کانزا دەگمەنەکانی دروستکردنی چیپ) ‌و کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانی وزەیە.

ئاماژه‌ى به‌ترسی واشنتۆن لە پەکین كرد و وتى: "هێزە سەرمایەدارەکانی ڕۆژئاوا بەسەرکردایەتیی ئەمریکا، ترسی گەورەیان لەپێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکردی (AI) چین هەیە، ئەوان پێیانوایە چین لە 10 ساڵی داهاتوودا دەگاتە ئاستی ئەمریکا و دەستبەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگرێت؛ بۆیە ئەم جەنگە بۆ بلۆککردنی چینە لەڕێگەی لاوازکردنی ڕووسیا و شکستپێدانی ئێران، تا هێڵێکی ستراتیژیی لەمیسرەوە بۆ کازاخستان بکێشرێت بۆ ڕاگرتنی پەکین".

فەرماندەی هه‌په‌گه‌ ئاماژەی بەوەدا، ناوچەکە لەئێستادا تەنها لەبەردەم جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران‌ و حزبوڵڵادا نییە، بەڵکوو شەڕەکە بەتەواوی تەشەنەیسەندوە؛ لەوانە قورسبوونی جەنگی نێوان عەرەبستانی سعوودی ‌و حوسییەکان لە یەمەن‌ و بەردەوامیی گۆڕانکارییە خێراکان لە سووریا پاش گۆڕینی ڕژێم، هاوکات تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەمریکا لە هەکاتێکدا قۆناغ بە قۆناغ لە عێراق‌ و هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە، بەڵام هەژمونی خۆی دەپارێزێت.

قه‌ره‌یلان جەختیکردەوە، پەکەکە شەڕ بەچارەسەر نابینێت ‌و بەتەواوی دژی ڕژێمە سەرمایەدارییەکانە.

ئەو ستراتیژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی وەک تەنها چارەسەر خستەڕوو کە لەسەر بنەمای «نەتەوەی دیموکراتی ‌و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی» داڕێژراوە، ئەم پڕۆژەیە بەستراوەتەوە بە شۆڕشی ئازادیی ژنان‌ و دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش لەنێوان کورد، عەرەب، تورک، فارس، ئەرمەنی ‌و سوریان-ئاشورییەکاندا، دوور لەچوارچێوەی تەسکی دەوڵەت-نەتەوەکان.

وه‌كو قه‌ره‌یلان ڕایگەیاند، هێزە هەرێمییەکان (ئیسرائیل، سعوودیە، تورکیا و ئێران) یەکگرتوو نین ‌و هەریەکەیان ستراتیژیی خۆی هەیە؛ ته‌نانەت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ناتۆش ناکۆکیی قووڵیان هەیە، وەک ئاماژەکەی مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە داوای هێورکردنەوەی کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنانی کردبوو.

لەبارەی پێگەی کوردیشەوە، قه‌ره‌یلان جه‌ختیكرده‌وه‌، سەره‌ڕای نەبوونی دەوڵەت، کورد و عەرەب لە سووریا و ناوچەکەدا بنەمایەکی زۆر بەهێزیان هەیە تا پێکەوە ببنە هێزێکی دیموکراتیی گەورە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هێنانەدیی ئاشتیی ڕاستەقینە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.