خبر 2026-10-10 13:52 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەو هەڕەشە و دەرفەتانەی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە

گۆڤاری «کۆنڤێرسەیشن» (The Conversation) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێت مەترسیی ببوونە ئامانج بۆ ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی واشنتن و تاراندا کەم بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا لەگەڵ لاوازبوونی بەشێک لە تواناکانی بەرگریی هەرێم، نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامیی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، توانای بەغدا بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق و داهاتووی پەیوەندییە ئەمنییەکانی کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا زیاتر کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر، لەپاڵ کەمکردنەوەی ئەگەری ببوونە ئامانجی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاڵۆزییە پەیوەندیدارەکانی واشنتن و تاران، توانای بەرگریی ئەم ناوچەیەی لەبەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکاندا تووشی ئاستەنگ کردووە. گۆڤاری «کۆنڤێرسەیشن» لە ڕاپۆرتێکدا جەختی کردووەتەوە کە داهاتووی ئاسایشی کوردەکان بەستراوەتەوە بە توانای بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی ئاسمانی عێراق، و هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی ئابووری و دیپلۆماسیدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری «کۆنڤێرسەیشن»، کشانەوەی دوا سەربازی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، تەنیا بە مانای کۆتاییهاتنی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لەم بنکەیەدا نییە، بەڵکو هاوکێشە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیشی گۆڕیوە.

ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەکەوە پشتیوانیی سەربازی و ئاستێک لە پاراستنی لەبەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکاندا دابین دەکرد، لەلایەکی ترەوە هەرێمی کوردستانی کردبووە یەکێک لە خاڵەکانی ناو ململانێ بەربڵاوەکەی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا. لەبەر ئەمە، کشانەوەی ئەمریکا دۆخێکی دووفاقیی دروست کردووە؛ جێی خۆیەتی هەرێمی کوردستان بە کەمبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا، کەمتر ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە کە بە مەبەستی گوشارخستنەسەر واشنتن ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێک لە تواناکانی بەرگریی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تر لەدەست دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرێمی کوردستانی عێراق کە ناوچەیەکی فیدراڵ و نیمچەسەربەخۆیە و دانیشتووانەکەی نزیکەی ٦.٥ ملیۆن کەسن، لەمێژە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی بووەتەوە کە لە ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی عێراق و رکابەرییە ناوچەیییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە، و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش لە ساڵانی ڕابردوودا ئامانجە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەم ناوچەیەیان کردووەتە ئامانجی هێرش. ئەنجامدانی ڕاپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ و پشتیوانیی ٩٢.٧٣٪ی بەشداربووان لە سەربەخۆیی، ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای قووڵتر کردەوە. دوای سەرنەکەوتنی ئەم هەوڵە، هێزەکانی پێشمەرگە بەشێک لە ناوچە جێناکۆکەکانیان لەدەست دا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکان دەستیان گەیشتە پێگە نێزیکترەکان لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان. هەندێک لەم ناوچەیانە دواتر بوونە شوێنی دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە کوردییەکان.

ژێرخانەکانی وزە، لەوانە کێڵگە نەوتییەکان، پاڵاوگەکان و دامەزراوە گازییەکان، لەو ئامانجانە بوون کە هێرشیان کراوەتە سەر. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار حکوومەتی فیدراڵی عێراقیان بە دەستەوسانی لە ڕێگریی ئەم هێرشانە تۆمەتبار کردووە.

نووسەری ڕاپۆرتەکە پێی وایە ململانێی ئەمریکا و ئێران ئەم نائارامییانەی زیاتر کردووە؛ هەرچەندە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە نیازیان نییە بچنە ناو ئەم ئاڵۆزییەوە. لە کاتی دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، بەپێی ئەو ئامارانەی ڕاپۆرتەکە پشتی پێ بەستوون، زیاتر لە هەزار درۆن و مووشەک هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، کە ئەویش گوشارخستنەسەر ئامادەیی سەربازیی ئەمریکایە، لەنێو ببات، بەڵام جیاوازییە سیاسی و ئەمنییە ناوخۆییەکانی عێراق و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.

یەکێکی تر لە گۆڕانکارییە گرنگەکان هاوزەمان لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو لەژێر چەتری فەرماندەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. ئەم هێزانە ساڵانێکی زۆر سەر بە دوو حزبی سەرەکیی کوردستان بوون، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. یەکخستنەوەی پێشمەرگە کە بە پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچوو، هەنگاوێکی گرنگە لە چاکسازیی پێکهاتەی ئەمنیی هەرێمدا.

بە هەموو ئەمەشەوە، نووسەر جەخت دەکاتەوە کە یەکخستنەوەی هێزە وشکانییەکان بەتەنیا ناتوانێت بۆشایی بەرگریی ئاسمانی پڕ بکاتەوە. هێزەکانی پێشمەرگە لە جەنگە وشکانییەکاندا ئەزموونێکی زۆریان هەیە و لە جەنگی دژی گرووپی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی مووشەک و درۆنەکان پێویستی بە سیستەم و توانایەک هەیە کە هەرێمی کوردستان بەتەنیا لەبەردەستیدا نییە.

مەسروور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی توانای سەربازی، دەستگەیشتن بە چەکی پێشکەوتوو و دروستکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کردووەتەوە. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش بە ئاماژەدان بە هەستیاریی دۆخی ئەمنی هاوزەمان لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا، بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسمانی عێراقی خستووەتە سەر شانی حکوومەتی فیدراڵ.

سەرەڕای ئەمەش، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق هێشتا بە تەواوی نەکەوتووەتە کار. بەم شێوەیە، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دۆخێکەوە کە بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆی زیاتر لە جاران پشتی بە بەغدا بەستووە، بەڵام حکوومەتی ناوەندیش هێشتا تەواوی تواناکانی پێویستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکان لەبەردەستدا نییە.

بە گووێرەی «کۆنڤێرسەیشن»، ئەم دۆخە جیاوازیی نێوان سەروەریی فەرمی و توانای ڕاستەقینەی حکوومەت بۆ سەپاندنی دەسەڵات دەردەخات. عێراق کشانەوەی هێزە دەرەکییەکان وەک نیشانەی گەڕانەوەی تەواوی بەرپرسیارێتیی ئەمنی بۆ دامەزراوە ناوخۆییەکان دەناسێنێت، بەڵام بەغدا هێشتا کۆنترۆڵی کاریگەری بەسەر هەموو گرووپە چەکدارە چالاکەکانی ئەم وڵاتەدا نییە.

حکوومەتی عێراق مۆڵەتی چەکداماڵینی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتدان، لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦وە بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ درێژ کردووەتەوە. دژایەتیکردنی هەندێک گرووپی بەدەسەڵات بۆ قبووڵکردنی ئەو کاتەی دیاری کراوە، گومانی لەسەر توانای بەغدا بۆ قۆرغکردنی کۆنترۆڵی چەک زیاتر کردووە.

لە دۆخێکی وەهادا، پرسی سەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئایا حکوومەتی فیدراڵ دەتوانێت پارێزگاری لە تەواوەتیی خاک عێراق و ئاسمانی خۆی بكات، لەوانەش لەبەرامبەر هێرشە درۆنییەکاندا، یان نا.

ڕاپۆرتی «کۆنڤێرسەیشن» لە درێژەدا دەپەرژێتە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و پێی وایە کشانەوەی سەربازیی ئەمریکا مەرج نییە بە مانای کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانی هەردوولا بێت. پەیوەندییەکانی واشنتن و کوردەکانی عێراق لە چەند دەیەی ڕابردوودا زیاتر پشتی بە هاوکارییە ئەمنییەکان بەستووە؛ لە دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١دا بگرە تا هاوکاری لە جەنگی دژی داعشدا.

پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بنەمای سەربازیی ئەم پەیوەندییە گۆڕاوە، بەڵام بوارەکانی تر بۆ بەردەوامیی هاوکاری هەن. کاتێک کۆمەڵەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٥دا کرایەوە، زەمینەیەکی درێژخایەنی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسی، ئابووری، پەروەردەیی و بازرگانییەکان ڕەخساند. ئەمریکا هەروەها بە یەکێک لە هاوبەشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بوارە جیاوازەکانی ئەم ناوچەیەدا چالاکن.

بە باوەڕی نووسەر، پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە دەتوانێت هاوکاریی هەردوولا لە وابەستەییی ڕەها بە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا دەربهێنێت. بۆ هەرێمی کوردستان، ڕوانگەیەکی لەم شێوەیە بە مانای کەمبوونەوەی وابەستەیی دەبێت بە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی سەربازیی واشنتن، و بۆ ئەمریکاش دەرفەتی پاراستنی کاریگەری و هاوکاری لەگەڵ کوردەکان بە بێ جێگیرکردنی بەردەوامی هێزە سەربازییەکانی دابین دەکات.

ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە کشانەوەی ئەمریکا مەرج نییە ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی، بەڵکو بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی هەڕەشە بووەکان دەگۆڕێت. ئەگەر دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کەم بێتەوە، دەکرێت ئەنجام بگیریێت کە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەوتنەبەرباسی ئەم ناوچەیە بووە بۆ هێرشەکان. بەڵام ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، نیگەرانیی بەرپرسانی کورد لەبارەی کەمبوونەوەی توانای بەرگریی هەرێم و دەرئەنجامە ئەمنی و ئابوورییەکانی بەهێزتر دەبێت.

لە کۆتاییدا، داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە چەند هۆکارێک لەوانە: توانای بەغدا لە کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی ئاسمانی عێراق، بەهێزکردنی توانای بەرگریی هێزەکانی پێشمەرگە، و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی ئابووری و دیپلۆماسیدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.