خبر 2026-10-07 13:34 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

باخچەلی: پشتیوانیی خۆمان بۆ خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان ڕادەگەیەنین

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، ڕایگەیاند پێویستە ئەردۆغان خۆی بۆ پۆستی سەرک کۆمار کاندید بکاتەوە و ببێتەوە بە سەرۆکی تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باخچەلی لە ناو کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان جەختی کردەوە کە کارنامەی سەرەکیی ئەوان لە خولی نوێدا جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەیی و گرتنەبەری هەنگاوەکانی چاکسازییە، هاوکات بە فەرمی پشتیوانیی پارتەکەی بۆ کاندیدکردنەوەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دووپات کردەوە.

ناوەندە سیاسی و یاسادانانەکانی تورکیا لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی پەرلەماندا، بەرەو قۆناغی گۆڕانکاریی جۆری هەنگاو دەنێن. سەرۆکی مەهەپە لە پەیامێکدا لەبەرامبەر فراکسیۆنی پارتەکەیدا، کایە و کارنامەی داهاتووی هاوپەیمانیی دەسەڵاتی خستە ڕوو.

باخچەلی ڕایگەیاند کە لە خولی نوێی یاساداناندا، کارەکانی لیژنە پەرلەمانییەکان و هێنانەکایەی مەرجەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەیی (پرۆسەی ئاشتی)، لە پێشەنگی گرنگترین بابەتەکانی ڕۆژەڤی ئەواندا دەبێت.

سەرۆکی مەهەپە تیشکی خستە سەر بوونی دەرفەتێکی مێژوویی بێوێنە لە وڵاتەکەدا و بە گەشبینییەوە ڕایگەیاند: «لە شوێنی توندوتیژی و زمانی چەک، لەم قۆناغەدا بەستێنی سیاسی و دیموکراسی لەبەردەمماندا کراوەیە؛ ئێمە ئێستا لە ناو پرۆسەیەکی سەخت و گرنگی بەهێزکردنی برایەتیداین. خولی نوێی پەرلەمان نابێت بشێوێنرێت بە دەمەقاڵێی ڕۆژانەی سیاسی و نابێت کات بەفیڕۆ بڕوات، بەڵکو دەبێت ببێتە سەردەمی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازیی ڕیشەیی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ناوخۆیییەکان».

خاڵی هەرە سەرنجڕاکێش و ستراتیژی لە پەیامەکەی ڕێبەری مەهەپەدا، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کاندیدی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بوو. باخچەلی بە شێوازێکی فەرمی گوتی: «وەک مەهەپە، کاندیدی فەرمیمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ جارێکی تر، هاوپەیمانەکەمان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە».

باخچەلی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەو هاوکێشە سەرەکییەی کە تورکیای پێ بەڕێوە دەچێت لە چوار خاڵی بنەڕەتیدا کورت کردەوە و گوتی: «یاسای کۆتایی و فۆرمۆلی کارکردنی ئێمە ڕوونە؛ لە بواری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردندا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کایەی داڕشتنی یاساکاندا مەهەپە، لە ناو جەرگەی تورکیادا هاوپەیمانیی کۆمار، و لەسەر ئاستی گشتیی جیهانیشدا تەنیا هێز و ناوی تورکیایە».

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.