خبر 2026-10-07 12:22 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

هاوڕایی کورد و عەرەب لەسووریا لەبارەی زمانی دایکییەوە

ئەلمۆنیتۆر دەنووسێت ئاستەنگە نوێکانی دیمەشق بۆ وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی سووریادا، جگە لە دروستکردنی ناڕەزاییی بەرفراوانی قوتابیانی کورد، زەمینەی هاوسۆزیی بەشێک لە کۆمەڵگەی عەرەبی سووریایشی ڕەخساندووە؛ بە جۆرێک کە هەندێک خێزانی عەرەب بە پشتبەستن بە ئەزموونی بێبەشبوونی زمانیی خۆیان لە تورکیادا، پشتیوانی لە مافی کوردان بۆ خوێندن بە زمانی دایک دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاپۆرتی نوێی ئەلمۆنیتۆر نیشانی دەدات کە ئاستەنگە نوێکانی وانەی زمانی کوردی لە سووریا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی نێوان کوردان و حکومەتی دیمەشق. بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی سووریا لە ۲۷ی ئابدا، زمانی کوردی تەنیا سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا و وەک زمانی دووەم لە قوتابخانەکاندا دەوترێتەوە؛ بڕیارێک کە ناڕەزاییی توندی قوتابیانی کوردی لە قامیشلۆ، کۆبانێ و ناوچەکانی تری کوردنشین لێ کەوتووەتەوە. زۆرێک لە قوتابیان داوای گەڕانەوەی بەرنامەی خوێندنی کوردی و بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی لە یاسای بنەڕەتیدا لە پاڵ عەرەبیدا دەکەن.

ئەم ئاستەنگانە بەشێکن لە دەرئەنجامەکانی ڕێککەوتنی کانونی دووەمی ۲۰۲۶ی نێوان مەظڵوم کۆبانێ، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ژێر فەرمانی کوردان و ئەحمەد ئه‌لشەرع، سەرۆککۆماری سووریا، کە کۆتایی بە ململانێی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی حکومەت هێنا و جەختی لەسەر تێکەڵکردنی پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکانی کورد لە دەوڵەتی ناوەندیدا دەکردەوە. ڕەخنەگران ئەم ڕێککەوتنە بە هۆکاری کەمبوونەوەی توندی دەسەڵاتەکانی کورد دەزانن، بەڵام ڕاپۆرتی ئەلمۆنیتۆر جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەشوهەوای کۆمەڵایەتیی سووریا ئاڵۆزترە لە گێڕانەوەی باوی ڕووبەڕووبوونەوەی عەرەب و کورد، و ئەزموونی هاوبەشی جیاکاریی زمانی، لە هەندێک ناوچەدا بووەتە هۆی دروستبوونی هاوسۆزی لە نێوان هەردوو کۆمەڵگەکەدا.

ئەم ڕاپۆرتە بە ئاماژەدان بە ئەزموونی خێزانە عەرەبە سوریییە گەڕاوەکان لە تورکیاوە دەنووسێت هەندێکیان بەهۆی بێبەشبوونی منداڵەکانیان لە خوێندنی عەرەبی لە قوتابخانەکانی تورکیادا، ئاستەنگە پەروەردەیییەکان دژی قوتابیانی کورد بە تێگەیشتنەوە تەماشا دەکەن. لە دارایا، کچێکی عەرەبی سوری تەنانەت پشتیوانی لە مافی کوردان بۆ فێرکاری بە زمانی دایک و هەبوونی جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری کردووە.

هاوکات، بەرپرسانی سووری باس لە کێشە بەرفراوانەکانی سیستەمی پەروەردە دوای ساڵانێکی درێژ لە جەنگ دەکەن. دەوڵەت ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەو قوتابیانەی لە وڵاتانی دەرەوە گەڕاونەتەوە، پۆلی بەهێزکردنی زمانی عەرەبی ڕێک دەخات، بەڵام کەمیی مامۆستا و قەرەباڵغیی پۆلەکان جێبەجێکردنی ئەم بەرنامانەی دژوار کردووە. نێزیکەی ۱۰۰ هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی ژێر بەڕێوەبەریی کورددا خوێندوویانە و بەپێی ڕاگەیەندراوی نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی سووریادا، نێزیکەی ۴۰ هەزار کەسیان توانای ئاخاوتن، خوێندنەوە یان نووسینی عەرەبییان نییە؛ پرسێک کە ئەو وەک مەترسیی دروستبوونی «نەوەیەکی فەوتاو» وەسفی کردووە.

لەگەڵ جەختکردنەوەی دیمەشق لەسەر وتانەوەی زمانی کوردی وەک وانەیەک، هەندێک ئیمتیازی کاتی؛ لەوانە ڕێکخستنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆیەم و دوازدەیەم بەپێی بەرنامەی خوێندنی زمانی کوردی و وتانەوەی هەندێک وانە وەک مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بە زمانی کوردی بۆ قوتابیانی کورد لە بەرچاو گیراوە. بەم حاڵەشەوە، ڕەخنەگرانی کورد پێیان وایە ئەم سیاسەتە لەگەڵ فێرکاری بە زمانی دایک جیاوازیی بنەڕەتیی هەیە و ڕەنگە ببێتە مۆدێلێک هاوشێوەی سیاسەتەکانی ڕابردووی تورکیا.

ئەلمۆنیتۆر لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا، دۆخی کوردانی نیشتەجێی گەڕەکی ڕوکنەدینی دیمەشق بە جیاواز هەڵدەسەنگێنێت. زۆرێک لەم کوردانە لە دەیەکانی ڕابردوودا بۆ پاراستنی ناسنامەی خۆیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و تەنانەت زمانی کوردییان لە دەست داوە، بەڵام ڕاگەیاندنی وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکوومییەکاندا بە پێشوازیی بەرفراوانیان ڕووبەڕوو بووەتەوە. هەندێک لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە خەریکی ڕێکخستنی پۆلی نافەرمین بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان و بەساڵاچووان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم گۆڤارە، لە کاتێکدا زۆرێک لە کوردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سیاسەتی نوێی دیمەشق بە پاشەکشەیەکی جدی لە بواری مافەکانی خۆیان لە خوێندن بە زمان دەزانن، لە نێوان هەندێک کۆمەڵگەی عەرەب و کورد لە ناوچەکانی تری وڵاتەکەدا، ئەزموونی هاوبەشی چەوسانەوە و بێبەشبوون لەم مافانە دەتوانێت زەمینەی دروستبوونی هاوسۆزییەکی نوێ لە نێوان هەردوو کۆمەڵگەکەدا بڕەخسێنێت.

زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.