لەم ماوەیەدا بە هیچ شێوەیەک دار لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان نەبڕدراوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی تەتەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا بە هیچ شێوەیەک دار لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان نەبڕدراوە و ئەو دارانەی دەبینرێن لە ناو خاکی تورکیاوە دەهێنرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بەڵگەیەکیان لەبەردەستە کە شوێنی بڕینی دارەکان لە قووڵایی خاکی تورکیادایە و بارهەڵگرەکان لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێوە دەهێنرێنە ناو هەرێم. تەتەر وتیشی کە دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆکان، حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم پرسە کردوە تاوەکوو ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
پارێزگاری دهۆک ڕوونیکردەوە، تۆپۆگرافیای ناوچەکە، شێوەی ڕێگەکان و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بە ڕوونی دەردەخەن کە ئەو شوێنانە هەرێمی کوردستان نین، بەڵکوو ئەو ئۆتۆمبێلانە لە تورکیاوە دێنە ناو هەرێم.
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەکرد، "هەر هاوڵاتییەک گومانی هەیە، دەتوانێت بچێتە دەروازەی سەرزێڕێ و ڕاستەوخۆ لە خەڵکی ناوچەکە یان شۆفێری بارهەڵگرەکان بپرسێت کە سەرچاوەی ئەو دارانە کوێیە و لە چ دورییەکەوە دەهێنرێن".
پرسی بڕینەوەی دارستانەکان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک لە ساڵانی ڕابردودا چەندین جار بوەتە جێگەی مشتومڕ. چالاکوانانی ژینگە تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە کاتی دروستکردنی بنکەی سەربازی و ڕێگەوبان لە ناو خاکی هەرێم، زیانێکی زۆر بە سروشت دەگەیەنێت. ئەم بابەتە پەیوەندیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاوە کە لە ناوچە شاخاوییەکان جێگیر بوون و زۆرجار بوەتە هۆی چۆڵکردنی گوندەکان.
بۆچوونی بەکارهێنەران