11 گەنجی دیکە لە وڵاتی لیبیاوه دهگهڕێنرێنهوه هەرێمی کوردستان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وهزارهتی ناوخۆی حکوومەتی ههرێمی کوردستان له ڕاگهیهندراوێکدا باسی لهوهکردوه: "دوای ئەوەی کە هەواڵی بێسەروشوێنبونی کۆمەڵێک هاونیشتیمانی لە وڵاتی لیبیا بەدەستمان گەیشت، راستەوخۆ لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاسپێردران، کە بەپەلە ڕێککاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن و هێنانەوەیان، لە ئێستاشدا تەواوی مامەڵەکانی تایبەت بە هەر یازدە هاونیشتیمانی تەواوبوە لەو چەند ڕۆژە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".
ئاماژهی بهوهشکردوه، لەهەمان کاتدا وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە هەمو هەوڵ و توانایەکیان بۆ دۆزینەوە و سۆراخی 10 هاونیشتیمانی دیکهی راپەرین چڕکردوهتەوە کە ماوەیەکە بێ سەروشوێنن و بەهەماهەنگی لەگەل باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا و لەرێگەی نوێنەرایەتیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەران و بەدواداچون بەردەوامە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا.
ئهوهشی خستهڕوو، ئەوجۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی ئەو گەنجانە بوەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی ههشت مانگ لە بەندینخانەکاندا بون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی ڕووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بونەتەوە.
دیاردەی کۆچی گهنجان له ههرێمی کوردستانهوه بۆ وڵاتانی ئهوروپا، یەکێکە لە بابەتە هەستیار و گرنگەکانی چەند ساڵی ڕابردو، کە کاریگەری گەورەی لەسەر دیمۆگرافیا، ئابوری و داهاتوی کۆمەڵگەی کوردی جێهێشتوە. ئەگەرچی لە ساڵانی دواییدا ڕێژەی کۆچی نایاسایی بەهۆی ڕێوشوێنە توندەکانی تورکیا، جەنگی ئۆکرانیا و هۆشیاری میدیایی کەمبوەتەوە، بەڵام هێشتا وەک خەون و خواستێک لای زۆرێک لە گەنجان ماوەتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران