بڕیارەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەرامبەر ئامەدسپۆر ڕەگەزپەرستانەیە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باکرهان ڕایگەیاند، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا و دەستەی ناوبژیوانان لەلایەن کەسانی بێتواناوە بەڕێوەدەبرێن و جەختی لەوە کردەوە کە هێنانەئارای "تۆپی پێی پاک" بەبێ بەدیهێنانی دیموکراسی مەحاڵە. هاوکات ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی فیدراسیۆنەکە گرت بەرامبەر ئەو جیاکاری و هەڕەشانەی لە یاریگاکاندا ئاڕاستەی ئامەدسپۆر دەکرێن و پرسیاری کرد: "بۆچی دەبێت بەردەوام یانەیەکی کوردی تووشی دژایەتیکردن بێتەوە؟"
لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی تیشکی خۆستە سەر هەڵبژاردەی تۆپی پێی تورکیا و ڕەخنەی لێگرتن بەوەی ڕێگە بە بەشداریی ئەو یاریزانە کوردانە نادات کە لە ئاستی ئەوروپادا درەوشاونەتەوە، تاكە هۆکارێکیشی بۆ ئەمە تەنیا بۆ "شوناسی کوردی"یان گەڕاندەوە.
ئەم لێدوانە توندانەی باکرهان دوای ئەوە دێن، کە لیژنەی ڕێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، بە پاساوی "بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسی" لە کاتی یارییەکاندا، سزایەکی دارایی قورسی بە بڕی زیاتر لە ۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار لیرەی تورکی بەسەر یانەی ئامەدسپۆردا سەپاند. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و لەلایەن بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کوردستانەوە وەک بەردەوامیی سیاسەتی جیاکاری و نادادپەروەری لێکدرایەوە.
یانەی ئامەدسپۆر کە نوێنەرایەتیی شاری ئامەد لە کوردستانی تورکیایە، بە یەکێک لەو یانانە دادەنرێت کە لە مێژووی وەرزشی تورکیادا زۆرترین سزای لەلایەن فیدراسیۆنەوە بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، سزاکان تەنیا بە بڵندکردنەوەی دروشمەوە نەوەستاونەتەوە، بەڵکوو پێشتریش بە بیانووی بوونی نووسین و دروشمی کوردی لەسەر درێسی یاریزانەکان سزای دارایی توندیان بەسەردا دراوە، جگە لەوەی بۆ چەندین ساڵ هاندەرانی لە ئامادەبوون لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆیان قەدەغە کرابوون.
سەرەڕای ئەوەی ئامەدسپۆر لە وەرزی ڕابردوودا سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمارکرد و گەیستە خولی پلە یەکی تورکیا، بەڵام تا ئێستاش ڕووبەڕووی ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانەی بەشێک لە یانەکان و فشاری بەردەوامی دەسەڵاتدارانی وەرزشی دەبێتەوە؛ ئەمەش وایکردووە چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی کورد ئەم ڕەفتارانە وەک جیاکارییەکی ڕوون و ئاشکرا پێناسە بکن.
بۆچوونی بەکارهێنەران