خبر 2026-10-04 08:34 کاتی خوێندنەوە: 11 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئاسایشی هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی ئەمریکا؛ لە پاشکۆیەتییی دەرەکییەوە بۆ بنیاتنانی هێزی ناوخۆیی/ مەنسوور ئەولا

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کۆتاییهاتنی مێژووییی ئەركێکی سەربازییە؛ بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێکی قۆناغێکە کە تێیدا پشتبەستنی زیاتر بە تواناکانی ناوخۆ، هاوکاری لەگەڵ بەغدا و پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکان گرنگیی زۆرتری دەبێت.

کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، قۆناغێکی نوێی لە هاوکێشە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتەدا کردەوە؛ قۆناغێک کە تێیدا بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پاراستنی ئاسایش و جێگیری، زیاتر لە پێشوو دەکەوێتە سەر شانی دامەزراوە عێراقییەکان.

دواین هێزەکانی ئەمریکا لە ٣٠ی ئەیلوولدا عێراقیان جێهێشت و ئەرکی «ئۆپراسیۆنی ئیرادەی دێرین» لە عێراق کۆتایی هات. بەم حاڵەشەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی بە مانای بڕانی تەواوەتیی پەیوەندییە ئەمنییەکانی واشنتن و بەغدا نایەت؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییە بەرگرییە دووقۆڵییەکان و هەندێک هاوکاریی ڕاهێنان و زانیاریبەخشین (هەواڵگری) بەردەوام دەبن. بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانانیش بۆ ئوردن گوازراوەتەوە.

ئەم گۆڕانکارییە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی دوو هێندەی هەیە. بەشێکی گرنگ لە ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە قۆناغی کۆتاییدا لە ڕێگەی هەرێمەوە ئەنجام دەدرا و دواین هێزەکانی ئەمریکاش لە بنکەی ئاسمانیی هەولێرەوە کشانەوە. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی شوئوونی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاندووە کە کشانەوەی ئەمریکا لەگەڵ دروستکردنی سیستەمێکی جێگرەوەی بەرگریی ئاسمانیدا نەبووە و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسمانی عێراق و هەرێمی لە چوارچێوەی دەستووردا خستووەتە سەر شانی حکومەتی فیدراڵ.

کەواتە، پرسیاری سەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان چیتر تەنیا ئەوە نییە کە «کێ جێگەی ئەمریکا دەگرێتەوە؟» بەڵکو پرسیارە گرنگترەکە ئەوەیە کە هەرێم چۆن دەتوانێت پێکهاتەی ئاسایشیی خۆی بە جۆرێک دابڕێژێتەوە کە لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوچەیییەکان و کشانەوە یان کەمبوونەوەی هەر هێزێکی دەرەکیدا، خاوەنی جێگیری و توانای خۆڕاگریی دامەزراوەیی بێت؟

ئاسایشی بەردەوام لەگەڵ ئامادەییی دەرەکی یەک نین

ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئاسایشییەکان، بەتایبەت داعش، گرنگییەکی زۆری هەبووە. هێزەکانی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا و پشتیوانیی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانانیش لە بوارەکانی ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و هاوکاریکردندا لە بەهێزکردنی توانای هێزە عێراقی و کوردستانییەکاندا کاریگەر بوو.

بەڵام بنەمایەکی گرنگ لە سیاسەتی ئاسایشیدا هەیە: هیچ ئامادەیییەکی دەرەکی ناتوانرێت بۆ هەمیشە بە مسۆگەر دابنرێت.

هێزە دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و دۆخی تایبەتیی خۆیان بڕیار دەدەن و ئەگەری هەیە ئەرک، لەپێشینەیی کارەکان و ئاستی ئامادەیییان بگۆڕێت. بەم هۆیەوە، پشتبەستن بە پشتیوانیی دەرەکی دەتوانێت لە دۆخی قەیرانیدا سوودبەخش بێت، بەڵام ناتوانێت جێگەی دروستکردنی توانای بەردەوامی ناوخۆیی بگیرێتەوە.

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ڕێک لەم ڕوانگەیەوە گرنگیی هەیە. ئەم ڕووداوە دەتوانێت هەرێم بەرەو پێناسەکردنەوەی چەمکی ئاسایش ئاڕاستە بکات؛ ئاسایشێک کە تێیدا هاوکاریی دەرەکی هێشتا بوونی هەیە، بەڵام کۆڵەکەی سەرەکیی لەسەر دامەزراوە ناوخۆیییەکان، هاوکاری لەگەڵ بەغدا و پەیوەندیی هاوسەنگی ناوچەیی بنەما نراوە.

یەکەم پێداویستی؛ تەواوکردنی پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە

یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییە ناوخۆیییەکانی هەرێم لە دەستپێکی ئەم ساڵەدا (٢٠٢٦) ڕووی داوە. وەزارەتی شوئوونی پێشمەرگەی هەرێم لە ئەیلوولدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی شوئوونی پێشمەرگەدا تەواو بووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئەم وەزارەتە، هێزەکان لە ناو پێکهاتەیەکی یەکگرتووی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵدا ڕێکخراون و دوو فەرماندەییی ناوچەییش دەستیان بە چالاکی کردووە.

ئەم گۆڕانکارییە، تەنیا گۆڕانکارییەکی ڕێکخراوەیی نییە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بنەماکانی دروستبوونی پێکهاتەیەکی ئاسایشیی بەردەوام لە هەرێمدا. لە ڕابردوودا، پرسی لێکترازانی پێکهاتە ئاسایشییەکان و بەستنەوەیان بە حزبە سەرەکییەکانی کوردستانەوە یەکێک لە کێشە ناسراوەکانی هەرێم بوو. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشتر جەختی لەسەر سەختیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر پێکهاتەیەکی ئاسایشیی یەکگرتوودا کردبووەوە.

ئێستا کە هەرێم بە فەرمی باس لە تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە دەکات، قۆناغە سەختەکە دەست پێدەکات: گۆڕینی یەکێتیی ڕێکخراوەیی بۆ یەکێتییەکی ڕاستەقینە لە فەرماندەیی، ڕاهێنان، دیسپلین، بودجە، بڕیاردان و کلتووری دامەزراوەییدا.

ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بتوانن ببنە دامەزراوەیەکی پیشەیی، نیشتمانی و وەڵامدەرەوە، کشانەوەی هێزە دەرەکییەکان بە پێویستی بە مانای کەمبوونەوەی ئاسایش نایەت؛ بەڵکو دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ زیاترکردنی بەرپرسیارێتی و پشتبەستنی دامەزراوەیی بە تواناکانی ناوخۆ.

ئاسایشی هەرێم بەبێ بەغدا تەواو ناکرێت

پرسی دووەم، پەیوەندیی هەولێر و بەغدایە. ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناتوانرێت بە جیا لە ئاسایشی کۆماری فیدراڵی عێراق وێنە بکێشرێت. هەرێم بەشێکە لە پێکهاتەی سیاسی و دەستووریی عێراق و زۆربەی پرسە ئاسایشی، ئابووری و سنوورییەکانی بە هاوکاری لەگەڵ حکومتە فیدراڵییەکەدا بەستراونەتەوە.

سەرەڕای پێشکەوتن لە هەندێک بوواردا، ڕاکێشەکێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە سەرچاوە سروشتییەکان، داهاتەکانی نەوت، بودجە، ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتەکانی فیدراڵ و هەرێم بەردەوام بوونیان هەیە.

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم بابەتانەیان وەک پرسی چارەسەرنەکراوی گرنگ لە پێکهاتەی سیاسیی عێراقدا داناوە. لەم ڕووەوە، یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئاسایشی داهاتووی هەرێم دەبێت کەمکردنەوەی گرژییە بونیادییەکان بێت لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و میتۆدە دامەزراوەیییەکانەوە.

لە دۆخێکی وەهادا، هاوکاریی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و سوپای عێراق، هەماهەنگی لە سنوورەکان، ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکاری لە بەرامبەر مەترسییە تیرۆریستییەکاندا دەتوانێت بۆ هەردوولا بەسوود بێت.

ئەم ڕوانگەیە بە مانای دەستبەرداربوون لە خۆبەڕێوەبەریی (ئۆتۆنۆمی) هەرێم نایەت؛ بەڵکو بە مانای بەکارهێنانی باشترە لە توانای دەستووری و فیدراڵیی عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاوبەش.

داعش لاواز بووە، بەڵام لەناونەچووە

نابێت لە هەڵسەنگاندنی دۆخە نوێیەکەدا، مەترسیی داعش پشتگوێ بخرێت. داعش چیتر ئەو توانایە و جۆغرافیایە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ی لە عێراقدا نەماوە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا ئەم کۆمەڵەیە و لقەکانی بە مەترسییەکی بەردەوام بۆ ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەزانن.

کەواتە، کەمبوونەوەی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا نبێت بەو بڕوایەوە وەربگیرێت کە پرسی تیرۆریزم لە عێراقدا کۆتایی پێهاتووە. لە قۆناغی نوێدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە زیاتر لە پێشوو پێویستی بە بەهێزکردنی توانای ناوخۆیی، هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە عێراقییەکان، هاوکاریی بەغدا و هەولێر و بەکارهێنانی هاوکاریی زانیاریبەخشین و ڕاهێنانی نێودەوڵەتی دەبێت.

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە خەبات دژی تیرۆریزم تەنیا پرسێکی سەربازی نییە. گەشەپێدانی ئابووری، ڕەخساندنی کار، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بڕوای کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی زەمینەکانی بێبەشی و بێجێگیرییش بەشێکن لە سیاسەتی ڕێگری لە پەڕگیری (توندڕەوی).

دراوسێکان؛ لە سەرچاوەی نیگەرانییەوە بۆ دەرفەتی هاوکاری

هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە هەستیارترین ناوچە جوگرافییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. ئێران و تورکیا دوو دراوسێی ڕاستەوخۆین و گۆڕانکارییەکانی سوریا و بەشەکانی تری عێراقیش کاریگەرییان لەسەر ژینگەی ئاسایشیی هەرێم هەیە.

پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دراوسێکانیدا، بە شێوەیەکی سروشتی بێ کێشە و ئاڵنگاری نییە. پرسەکانی پەیوەندیدار بە چالاکیی کۆمەڵە چەکدارەکان، ئۆپراسیۆنە ئەوبەری سنوورەکان، ململانێ ناوچەیییەکان و ئاسایشی سنوورەکان، بەشێکن لە واقیعی ژینگەی دەوروبەری هەرێم. بەڵام ڕوانینی تەنیا ئاسایشی بۆ دراوسێکان ناتوانێت ستراتیژییەکی تەواو بێت بۆ داهاتوو. هەرێم دەبێت لە پاڵ بەڕێوەبردنی کێشە و نیگەرانییە ئاسایشییەکاندا، پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گەشە پێبدات.

بازرگانی، گواستنەوە و ترانزێت، وەبەرهێنان، وزە، گەشتیاری و هاوکارییە سنوورییەکان دەتوانن بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بپێکێنن کە لە کۆتاییدا تێچووی بێجێگیری بۆ هەموو لایەک بەرز دەکاتەوە.

لە مانگەکانی ڕابردووشدا بەرپرسانی هەرێم جەختیان لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە کردووەتەوە. بۆ نموونە، لە گفتوگۆی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ ئێراندا جەخت لەسەر فرەوانکردنی بازرگانی و هەماهەنگیی سنووری کراوتەوە و لە پەیوەندییە ئابوورییەکانیشدا لەگەڵ تورکیا تیشک خراوەتە سەر زیاترکردنی وەبەرهێنان و هاوکاریی بازرگانی.

کەواتە، سیاسەتی ناوچەییی هەرێم دەتوانێت لەسەر بنەمایەک لەم شێوەیە دابمەزرێت: «نە پاشکۆیەتیی یەکلایەنە بۆ هێزێک، نە دابڕان لە دراوسێکان؛ بەڵکو دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.»

ئاسایشی ئابووری، بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی

یەکێک لەو خاڵانەی لە باسەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی هەرێمدا کەمتر ئاوڕی لێ دەدرێتەوە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئابووری و ئاسایشە. ئابوورییەک کە داهاتەکانی بە چەند سەرچاوەیەکی سنووردارەوە بەستراوبێتەوە، لە بەرامبەر قەیرانە دەرەکییەکاندا زۆر سست و زیانپێگەیشتوو دەبێت. لە هەرێمیشدا نەوت و گاز هێشتا ڕۆڵێکی گرنگ لە ئابووری و داهاتە گشتییەکاندا دەگێڕن.

بانکی جیهانی لە توێژینەوەکانی خۆیدا دەربارەی عێراق چەندین جار جەختی لەسەر پێداویستیی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، زیاترکردنی بازرگانیی ناوچەیی و دروستکردنی ئابوورییەکی هەمەرەنگ کردووەتەوە. ئەم پرسە بۆ هەرێمیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ئەگەر داهاتەکانی نەوت لە پاڵ گەشەپێدانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری، تەکنەلۆژیا، گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکاندا دابنرێت، ئابووریی هەرێم لە بەرامبەر شووکە سیاسی و ناوچەیییەکاندا خۆڕاگرتر دەبێت. لە ڕاستیدا، فرەچەشنکردنی ئابووری تەنیا سیاسەتێکی گەشەپێدان نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە سیاسەتی ئاسایشی.

هەرێم خاوەنی توانای ئابووریی گرنگە

هەرێمی کوردستان تەنیا ناوچەیەکی نەوتدار نییە. پێگە جوگرافییەکەی، نزیکی لە بازاڕە گەورەکانی عێراق، تورکیا و ئێران، تواناکانی گەشتیاری، سەرچاوە کشتوکاڵییەکان و هێزی مرۆیی خوێندەوار، کۆمەڵێک دەرفەت و بڕستی زۆری خستووەتە بەردەست ناوچەکە.

ئاماری فەرمیی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٦دا باس لە زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ٨٥٦ پڕۆژەدا لە بەشە جیاوازەکاندا دەکات؛ لەوانە گەشتیاری، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵ، پەروەردە و تەندروستی.

بێگومان ئەم ژمارانە دەبێت وەک ئاماری ڕاگەیەندراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە سەیر بکرێن نەک هەڵسەنگاندنێکی سەربەخۆ. بەڵام تەنانەت بەبێ ڕەچاوکردنی قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم وەبەرهێنانانه، ئاڕاستەی گشتی دەریدەخات کە فرەچەشنکردنی ئابووری کەوتووەتە سەر هێڵی کاری بڕیاردەرانی هەرێم. پرسی سەرەکی لەمە بەدواوە، گۆڕینی ئەم توانایانەیە بۆ ئابوورییەکی بەرهەمهێن و بەردەوام.

بازرگانیی ناوچەیی دەتوانێت بەشێک لە چارەسەرەکە بێت

پێگە جوگرافییەکەی هەرێم دەتوانێت لە فاکتەرێکی زیانبەخشەوە بگوێزرێتەوە بۆ دەرفەتێکی ئابووری. هەرێم لە حاڵەتی گەشەپێدانی ژێرخانەکانی ڕێگەوبان، سنووری و لۆجستی و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ بەغدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگتر لە بازرگانیی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێدا بگێڕێت.

بەرنامەکانی گەشەپێدانی گواستنەوەی عێراقیش جەخت لەسەر گۆڕینی ئەم وڵاتە بۆ مەڵبەندێکی ناوچەیی بۆ بازرگانی و ترانزێت دەکەنەوە. پرۆسەیەکی وەها دەتوانێت بۆ هەرێمیش دەرفەت بخوڵقێنێت.

بەڵام کەڵکوەرگرتن لەم دەرفەتە پێویستی بە چاکسازیی ناوخۆیی هەیە: شەفافییەت لە گومڕەکەکاندا، کەمکردنەوەی بیرۆکراسی، باشترکردنی ژینگەی کاسبی و کار، گەشەپێدانی ژێرخان، جێگیریی یاساکان و چارەسەرکردنی کێشە دارایییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. کەواتە، ئابووری و ئاسایش جارێکی تر بە یەک دەگەنەوە. هەرچەندە هەرێم لە ئابووریی ناوچەییدا زیاتر لێکبئاڵێت، هاندەری زیاتری دەبێت بۆ پاراستنی جێگیری، ئاسایشی سنوورەکان و پەیوەندیی دروستکەر لەگەڵ دراوسێکاندا.

کشانەوەی ئەمریکا دەبێت هۆشدارییەکی ستراتیژی بێت، نەک قەیرانێکی بەردەوام

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بێ مەترسی نییە. وەک چۆن وەزارەتی شوئوونی پێشمەرگە خۆی نیگەرانیی سەبارەت بە نەبوونی سیستەمی جێگرەوەی بەرگریی ئاسمانی دەربڕیوە. لە لایەکی ترەوە، بەردەوامیی مەترسیی داعش و چالاکیی کۆمەڵە چەکدارە جیاوازەکان لە عێراقدا، ژینگەیەکی ئاسایشیی ئاڵۆز دروست دەکات. بەڵام ئەم دۆخە نبێت تەنیا بە چەمکی «بۆشاییی ئاسایشی» شیکاریی بۆ بکرێت. بۆشاییی ڕاستەقینە کاتێک دروست دەبێت کە کۆمەڵگەیەک هیچ توانایەکی ناوخۆیی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییەکان نەبێت.

ئەگەر هەرێم بتوانێت هێزە ئەمنییەکانی بە ڕاستی یەکبخات و پیشەیییان بکات، هاوکاری لەگەڵ بەغدا گەشە پێبدات، پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکاندا هەبێت و ئابووریی خۆی خۆڕاگرتر بکات، کەمبوونەوەی ئامادەییی هێزێکی دەرەکی بە پێویستی بە مانای هەرەسهێنانی ئاسایشی نایەت.

لە پارادایم و ڕوانگەیەکی وەهادا، کشانەوەی ئەمریکا دەتوانێت هۆشدارییەکی ستراتیژی بێت: هیچ ناوچەیەک نبێت ئاسایشی درێژخایەنی خۆی بە ئامادەییی هەمیشەییی ئەکتەرێکی دەرەکییەوە ببەستێتەوە.

ستراتیژیی داهاتوو؛ «پشتبەستن بە خۆ، هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەدا»

لە سەر بنەمای دۆخی بێشوێن، دەتوانرێت چوار میوەر بۆ سیاسەتی ئاسایشیی داهاتووی هەرێم ڕەچاو بکرێت.

میحوەری یەکەم، بەهێزکردنی توانای ناوخۆیییە: هەرێم دەبێت چاکسازییە بونیادییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئاسایشییەکان بەردەوام بکات و یەکێتیی فەرماندەیی و پیشەییکردنیان بکاتە واقیعێکی بەردەوام.

 

میحوەری دووەم، هاوکاری لەگەڵ بەغدایە: ئاسایشی سنوورەکان، خەبات دژی تیرۆریزم، ئاڵوگۆڕی زانیاری و پاراستنی ژێرخانە گرنگەکان ئەو بوارانەن کە هاوکاریی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ تێیاندا دەتوانێت بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بکات.

میحوەری سێیەم، گەشەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ دراوسێکان: ئێران و تورکیا واقیعی جوگرافی و ئابووریی هەرێمن. گەشەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە پاڵ بەڕێوەبردنی کێشە ئاسایشییەکاندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی بەرژەوەندیی دووقۆڵیی.

میحوەری چوارەم، فرەچەشنکردنی ئابوورییە: نەوت دەتوانێت هێشتا یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات بێت، بەڵام داهاتووی ئابووریی هەرێم نەبێت تەنیا وابەستەی نەوت بێت. کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری، تەکنەلۆژیا، خزمەتگوزاری و لۆجستیک دەبێت پشکێکی زیاتریان لە ئابووریی ناوچەکەدا هەبێت.

ئاسایشی هەمیشەیی لە ناوخۆوە دەست پێدەکات

ئەزموونی عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا واقیعێکی گرنگی نیشان داوە: هێزی دەرەکی دەتوانێت لە قۆناغێکی مێژووییدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە دروستکردن یان پاراستنی ئاسایشدا هەبێت، بەڵام هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت جێگەی دامەزراوە ناوخۆیییەکانی وڵاتێک یان ناوچەیەک بگرێتەوە.

هەرێمی کوردستان ئێستا لە خاڵێکدایە کە دەبێت لە قۆناغی «وەرگرتنی پشتیوانیی ئاسایشی»یەوە بەرەو قۆناغی «دروستکردنی توانای ئاسایشیی بەردەوام» هەنگاو بنێت.

ئەمە بە مانای بڕینی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا یان وڵاتانی ئەوروپی نایەت. بە پێچەوانەوە، پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هاوکاریی ڕاهێنان و زانیاریبەخشین و بەکارهێنانی ئەزموونی وڵاتانی تر دەتوانێت هێشتا بۆ هەرێم بەسوود بێت. جیاوازییەکە لەوەدایە کە هاوکاریی دەرەکی دەبێت تەواوکەری هێزی ناوخۆیی بێت، نەک جێگرەوەی. ئەگەر هەرێم بتوانێت ئاسایشی خۆی لەسەر بنەمای دامەزراوە پیشەیییەکان، ئابووریی فرەچەشن، پەیوەندیی دروستکەر لەگەڵ بەغدا و پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکاندا بنیات بنێت، لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا خاوەنی نەرمی و توانای گونجاندنی زیاتر دەبێت.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کۆتاییهاتنی قۆناغێکە لە ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لەم وڵاتەدا؛ بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەستپێکی قۆناغێکی گرنگتر بێت: قۆناغێک کە تێیدا چەمکی ئاسایش دەبێت لە «پشتیوانیی دەرەکی»یەوە بەرەو «توانای ناوخۆیی و هاوکاریی ناوچەیی» ئاڕاستە بکرێت.

هەرێم ئه‌مڕۆ خاوەنی توانایانێکە کە دەتوانن بنەمای ئەم ڕێگەیە بن: هێزەکانی پێشمەرگە، پێگەی جوگرافی، توانای ئابووری، سنوورە بازرگانییەکان، کەرتی تایبەت، سەرچاوە سروشتییەکان و پەیوەندییە بەربڵاوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

ئاڵنگاریی سەرەکی، شێوازی ڕێکخستن و بەکارهێنانی ئەم توانایانەیە. بەرپرسانی هەرێم دەبێت بە ڕوانینێکی واقیعبینانە بۆ ژینگەی دەوروبەر، هەم مەترسییەکان و هەم دەرفەتەکانی نەاشی لە دراوسێیەتی لەگەڵ ئێران و تورکیادا ببینن؛ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی پرسە مابووەکان هاوکاری بڕەخسێنن؛ پرۆسەی پیشەییکردن و یەکخستنەوەی دامەزراوە ئاسایشییەکان بچەسپێنن؛ و هاوکات ئابووریی ناوچەکە لە وابەستەییی لەڕادەبەدەر بە یەک سەرچاوەی داهات ڕزگار بکەن.

لە چوارچێوەیەکی وەهادا، ئاسایشی بەردەوام نە لە دابڕانەوە دەست دەکەوێت و نە لە پاشکۆیەتییەوە. ئاسایشی بەردەوامی هەرێم دەتوانێت بەرهەمی لێکدانی توانای ناوخۆیی، حوکمڕانیی کاریگەر، هاوکاری لەگەڵ بەغدا، پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکان، ئابووریی فرەچەشن و بەکارهێنانی ژیرانەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بێت.

ئەمە ڕەنگە گرنگترین وانە بێت کە قۆناغی دوای کشانەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانی پێیە: دۆستە دەرەکییەکان دەتوانن لە دروستکردنی ئاسایشدا یارمەتیدەر بن، بەڵام بنەمای ئاسایشی بەردەوام دەبێت لە ناوخۆوە بونیات بنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.