خبر 2026-10-01 12:20 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئۆجەلان داوا دەکات یەبەشە تێکەڵ بە سوپای عێراق بکرێت و لە شنگال بمێنێتەوە

رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ کوردی ئێزدی رایگەیاند، پێویستە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال بچنە چوارچێوەی سوپای عێراقەوە، بەڵام لە شنگال بمێننەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کە لەلایەن ئەنجوومەنی گەلی شنگالەوە رێکخرابوو و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی ئێزدی، خەڵکی ناوچەکە و نوێنەرانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) بەشداربوون، پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لە زیندانی ئیمراڵییەوە ناردوویەتی، جەختی لەسەر گرنگیی چوونی یەبەشە بۆ ناو سوپای عێراق کردووەتەوە و دەڵێت: "ئەگەر یەبەشە لەناو سوپای عێراقدا جێبگرێت، دەبێت لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە. لە شنگال بەرگریی رەوا پێویستییە. یەبەشە دەبێت شوێنی خۆی لەناو سوپای عێراقدا بگرێت".

ئۆجەلان هۆشداریی داوە و دەڵێت: " گەلی ئێزدی ئێستا لە قۆناخی کۆمەڵکوژیدایە و ئەم گەلە لە رووی یاساییەوە پارێزراو نییە".

ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەنێوان یەبەشە و حکومەتی عێراقدا گفتوگۆ هەبووە و تەنانەت بەڵگەنامەی رێککەوتنیش ئامادە کراوە، بەڵام لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە واژۆ نەکراوە. ئۆجەلان دەڵێت: "باس لەوە دەکرێت کە دەوڵەتی تورکیا رێگری لە رێککەوتنەکە کردووە. نابێت دەوڵەتی تورکیا رێگری لەمە بکات، چونکە ئێزدییەکان باسی هەرێمێکی ئۆتۆنۆم ناکەن، بەڵکو داوای دیموکراسیی خۆجێی دەکەن".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان باسی لە رۆڵی پەکەکە کردووە و دەڵێت: "بۆ شنگال، دەبێت مۆدێلێک وەک (مۆدێلی تورکی) پەرەی پێبدرێت. بۆیە من کۆسپی پەکەکەم لابرد. پەکەکە چیدی لەبەردەم چارەسەریی کێشەکاندا رێگر نییە. واتە پەکەکە وادەی خۆی بەسەربردووە و رۆڵی خۆی گێڕاوە. بڕیارمدا پەکەکە هەڵبوەشێنمەوە و بەرپرسیارێتیی ئەمەش لە ئەستۆ دەگرم".

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە لە 11ـی ئەیلوول، شاندێکی یەبەشە لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، موراد ئیسماعیل، پەرلەمانتاری کوردی ئێزدی رایگەیاندبوو رێککەوتن کراوە بۆ "تێکەڵکردنی یەبەشە لەگەڵ هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.