ئایا هەرێمی کوردستان پشتیوانە سەربازییەکەی لە دەست دا؟
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بۆ هەرێمی کوردستان واتایەکی لەوە گەورەتری هەیە لە داخرانی کۆتا بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر؛ چونکە هاوکات لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی جێگیرکراو بۆ پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە هەرێم براونەتە دەرەوە و بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی دابینکردنی ئاسایش، کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکان، زیاتر لە پێشوو کەوتووەتە سەر شانی بەغدا و هێزەکانی پێشمەرگە. بەهەموو ئەمانەشەوە، لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، تام باراک، مەسعود بارزانی و مەسروور بارزانی و هەروەها ڕووماڵی میدیا بڕواپێکراوەکانی ئەمریکا و ئەورووپا دەریدەخەن کە کۆتاییهاتنی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا ناگەیەنێتە کۆتاییهاتنی پەیوەندیی ئەمنیی واشنتن لەگەڵ هەولێر.
ئەوەی لە کۆتایی ئەیلوولدا ڕووی دا، لانیکەم بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان و لێدوانی بەرپرسانی پەیوەندیدار، لە ئاستی فەرمیدا "کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی"ی ئەمریکا بوو لە عێراق، نەک پچڕانی تەواوەتیی هەموو شێوازەکانی هاوکاریی ئەمنیی ئەمریکا لەگەڵ ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێز و کەرەستەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کشاونەتەوە و ئۆپراسیۆنی "ئیرادەی نەبەرد" لە عێراق کۆتایی پێهاتووە. هاوکات، واشنتن ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تری هەرێمی کوردستان، لەمەودوا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە دابینکردنی ئەمنی عێراق و ڕاگرتنی پاشماوەکانی داعش، و ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی ئامانجدار و پشتیوانیی زانیاریی و هەواڵگری.
بەڵام سەبارەت بە هەرێم، جیاوازیی نێوان "کۆتایی ئەرک" و "کۆتایی پشتیوانی" گرنگییەکی سەرەکی پەیدا دەکات. هەرێمی کوردستان پێش کشانەوەی ئەمریکا، لە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی سەربازی، هەواڵگری، لۆجیستی، درۆنی و بەتایبەتی داپۆشینی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا سوودمەند بوو. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە ٢٨ی ئەیلوولدا ڕایگەیاند کە کشانەوەی ئەمریکا لە دۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی لە مانگەکانی ڕابردوودا کراوەتە سەر هەرێم و هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی جێگرەوە هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا دروست نەکراوە. ئەم وەزارەتە جەختی کردەوە کە ئاسمانی هەرێم بەشێکە لە ئاسمانی عێراق و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پاراستنی دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی فیدراڵ.
بەهەمان هۆکار، لە ڕووی سوودمەندبوونی کورد لە ئامرازە سەربازی و ئەمنییە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا وەک ئامادەیی سەربازیی ڕاستەوخۆ، بنکە، هێزی جەنگاوەر، زانیاریی مەیدانیی ڕاستەوخۆ، کەرەستەی بەرگری و چەتری پاراستنی سەرچاوەگرتوو لە جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا، ئەم بەشە لە پشتیوانیی ئەمریکا لە ٣٠ی ئەیلوول کۆتایی پێهاتووە. بەڵام ئەگەر پەیوەندیی ئەمنی و ستراتیژی لەبەرچاو بگرین، پەیوەندییەکی وەها کۆتایی نەهاتووە و سەرجەم بەرپرسانی ئەمریکی و ڕێبەرانی هەرێم جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی کردووەتەوە.
ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان سەرنجی تەواویان لەسەر ئەم دووڕیانە کۆکردووەتەوە.
ڕۆیتەرز کشانەوەی ئەمریکای زیاتر لە گۆشەنیگای گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا خستووەتە بەر باس و هۆشداریی داوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەتوانێت بوارێکی زیاتر بۆ دەستوەردانی دەرەکی و گرووپە چەکدارەکان دروست بکات و هاوکات دەرفەتێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی تۆڕەکانی داعش بڕەخسێنێت. ئەم ئاژانسە لە سەرچاوەی سیروان بارزانی، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەوە بڵاوی کردووەتەوە کە نەبوونی زانیاری، پشتیوانیی لۆجیستی و درۆنەکانی ئەمریکا دەتوانێت توانای بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی داعش کەم بکاتەوە، و ناوبراو ئاماژەی بە زیادبوونی جوولەی شانە نوستووەکانی داعش داوە لە هەفتەکانی پێش کشانەوەکە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا، هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا لە نێوەندی دوو مەترسیدا جێگیر دەبێت؛ لە لایەک مەترسیی گەڕانەوەی داعش بەهۆی کەمدبوونەوەی پشتیوانیی هەواڵگری و مەیدانی، و لە لایەکی ترەوە، زیادبوونی لاوازی بەرامبەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان. ڕۆیتەرز دەنووسێت کە هێزەکانی ئەمریکا لەم ساڵدا لە چوارچێوەی جەنگی ئەمریکا و ئێراندا لە عێراقدا کراونەتە ئامانجی هێرشەکان و کۆتاییهاتنی ئامادەیییان توێژێکی گرنگی ڕێگریکردن لە ناو دەبات.
ئاسۆشیەیتد پرێس و واشنتن پۆست، بە پێچەوانەی ڕاپۆرتە گشتییەکان سەبارەت بە عێراق، سەرنجێکی تایبەتیان بە نیگەرانیی کوردەکان داوە. ڕاپۆرتێکی هاوبەشی بڵاوکراوە لە واشنتن پۆست دەڵێت هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکا نیسگەرانە و گرنگترین پرس لەم بوارەدا، کشانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکایە لە دەوروبەری هەولێر. ئەم ڕاپۆرتە هەروەها دەڵێت هەرێم لە ڕەوتی جەنگی دوایی نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە. ئەمە ژمارەیەکە کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ڕاگەیەندراوە.
واشنتن پۆست لە هەمان کاتدا بیر دەخاتەوە کە کاریگەریی کشانەوەکە ڕەنگە دەستبەجێ دەرنەکەوێت، چونکە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا پێشتریش بە توندی کەمی کردبوو، بەڵام لێکەوتەکەی بۆ هەرێم لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا هەستپێکراوتر دەبێت. کەواتە لە گێڕانەوەی ئەم ڕۆژنامەیەدا، پرسەکە تەنیا کشانەوەی سەربازی ئەمریکی نیست، بەڵکوو چوونەدەرەوەی کۆمەڵێک توانای سەربازییە لە هەولێر.
نیویۆرک تایمزیش هەرێمی کوردستانی وەک یەکێک لە لاوازترین بەشەکانی سیستەمی نوێی ئەمنیی عێراق ناساندووە. ئەم ڕۆژنامەیە دەنووسێت هەرێمی کوردستان، کە لە نزیکترین هاوبەشە ئەمنییەکانی ئەمریکا بووە لە ناوچەکەدا، لەم ساڵدا چەندین جار کراوەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان. کیفا ح مەحموود، ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی، ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەم ڕاپۆرتەدا دەڵێت نە لە هەرێم و نە لە عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بەس بوونی نییە و هەر ئەم پرسەش بووەتە هۆی دروستبوونی هەستی دڵگرانی و نادیاری.
نیویۆرک تایمز ڕەهەندێکی تریش بۆ پرسەکە دەزێدێت و کشانەوەی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخاتە پاڵ کشانەوەی لە عێراق. لە ڕوانگەی ئەم ڕاپۆرتەوە، کوردەکانی عێراق ئەزموونی سوریا بە وردییەوە پەیڕەوی دەکەن؛ بەتایبەتی کە دوای کەمبوونەوەی ئامادەیی ئەمریکا لە ناوچە کوردییەکانی سوریا، کۆنتڕۆڵی بەشێک لەم ناوچانە بەرەو حکوومەتی ناوەندیی سوریا گوازرایەوە. کەواتە، دڵگرانی لە هەرێم تەنیا سەبارەت بە هێرشی مووشەکی نیست، بەڵکوو پەیوەستە بە داهاتووی پێگەی سیاسی و ئەمنیی هەرێم لە سیستەمی نوێی ناوچەکەدا.
فاینانشاڵ تایمزیش پێش کشانەوەکە، توندترین هۆشداریی لە زمانی مەسروور بارزانییەوە بڵاو کردەوە. ئەم ڕۆژنامەیە لێدوانێکی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گواستەوە کە کشانەوەی ئەمریکای بەبێ دروستکردنی سیستەمی بەرگریی گونجاو بە "شەرمەزارکەر" ناودێر کردبوو و ئەوی بە هۆی لاوازیی هەرێم بەرامبەر هێرشەکانی ئێران زانیبوو. نوسینگەی مەسروور بارزانی دواتر ڕایگەیاند کە ڕاپۆرتەکەی فاینانشاڵ تایمز لێدوانەکانی ئەوی بە تەواوی و وشەبەوشە نەگواستووەتەوە و مەبەستی ئەو "مایەی دڵگرانی بوون"ی کشانەوەکە بووە. فاینانشاڵ تایمز هێشتا سەردێڕە سەرەتاییەکەی خۆی هێشتووەتەوە و ئەم جیاوازییە لە گێڕانەوەی میدیاکاندا ماوەتەوە.
بەهەموو ئەمانەشەوە، هەڵوێستی مەسروور بارزانی لە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، واتە لە ٣٠ی ئەیلوولدا، تۆنێکی جیاوازی پەیدا کرد. ئەو لە وتارەکەیدا وێڕای سوپاسکردنی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانان، ڕایگەیاند کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە واتای کۆتایی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم وڵاتانە نییە و پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، ڕۆشنبیری، سیاسی، ئەمنی و سەربازیدا دەچنە قۆناغێکی نوێوە. ئەو هەروەها ڕایگەیاند هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە مەترسییەک ئامادەن.
ئەم گۆڕانکارییەی تۆنی قسەکردن دەکرێت بە جیاوازیی نێوان "دڵگرانی لە لێکەوتەی سەربازیی کشانەوەکە" و "جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندیی سیاسی و ئەمنی" ئەژمار بکرێت. مەسروور بارزانی هاوکات لەگەڵ هۆشداریدان سەبارەت بە بۆشایی بەرگری، هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەڵ واشنتن دوای کشانەوەکەش بپارێزێت. ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ هەڵوێستی فەرمیی هەرێمیشدا یەک دەگرێتەوە کە لە لایەک نەبوونی سیستەمی جێگرەوەی بەرگریی ئاسمانیی بە پرسێکی جدی زانیوە و لە لایەکی ترەوە جەختی لەسەر هاوکاری لەگەڵ بەغدا و بەردەوامیی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانان کردووەتەوە.
مەسعود بارزانی لە ٣٠ی ئەیلوولدا هەڵوێستێکی جیاواز و تا ڕادەیەک ئارامتری گرتە بەر. ئەو وێڕای دەستخۆشی لە ڕۆڵی هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعش و بەهێزکردنی هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە، گوتی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازی بە واتای کۆتایی هاوکاریی ئەمنی نیست و حکوومەتی عێراق و هەرێم دەتوانن لەسەر بنەمای دۆخەکە، ڕێککەوتنی دووقۆڵیی نوێ لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانان بۆ پاراستنی سەقامگیری ئیمزا بکەن. ئەو هەروەها ڕایگەیاند لە نێوان هەولێر و بەغدا هەماهەنگییەکی باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە مەترسییەک هەیە و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان ئامادەیە.
ئەم هەڵوێستە لە لایەکەوە گرنگیی هەیە، چونکە مەسعود بارزانی بە پێچەوانەی هەندێک گێڕانەوەی میدیاکان سەبارەت بە دروستبوونی "بۆشایی دەستبەجێ" لە هەرێمدا، جەختی لەسەر توانای هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا کردووەتەوە. لە ئەنجامدا، پەیامی ئەو زیاتر لەسەر بەرپرسیارێتیی ناوخۆیی و بەردەوامیی هاوکاریی دەرەکی بنەما نراوە، نەک لەسەر داواکاری بۆ پاراستنی ئامادەیی هەمیشەیی هێزەکانی ئەمریکا.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی ئەمریکای لە عێراق بە کۆتاییهاتنی ئەرکێکی درێژخایەن و پڕتێچوو زانی و هیچ ئاماژەیەکی بۆ ئارەزووی پاراستنی ئامادەیی سەربازیی هەمیشەیی لە عێراقدا نیشان نەدا. ئەو لە پەیامی ٣٠ی ئەیلوولی خۆیدا کشانەوەکەی بە "سەرکەوتن" بۆ ئەمریکا و عێراق و سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەسەر داعشدا ناو برد و گوتی ئەم دەستوەردانە بۆ ماوەیەکی درێژ سەرچاوەگرتوو بووە لە "بڕیاردانی زۆر خراپ". ترەمپ کشانەوەی ڕێکخراوی هێزەکان و کەرەستەکانی لە بنکەی ئەمریکا لە هەولێر وەک کۆتاییهاتنی "سەرکێشییەکی زۆر پڕتێچوو" وەسف کرد و گوتی لەو کاتەی ئەمریکا دەیستوانی بلیتەوە یان بکشێتەوە، بڕیاری دا وڵاتەکە بەجێ بهێڵێت.
هەڵوێستی ترەمپ لەم ڕووەوە لەگەڵ نیگەرانییەکانی هەرێمدا جیاوازیی هەیە کە سەرۆکی ئەمریکا کشانەوەی هێزەکانی وەک پرسێکی نەرێنی بۆ هاوپەیمانە کوردەکان وەسف نەکرد و لە بری ئەوە جەختی لەسەر گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی بۆ عێراق کردەوە. لە هەمان کاتدا، ئەو پەیوەندیی ئەمریکا و عێراقی بە کۆتاییهاتوو نەزانیوە و حکوومەتی عێراقی وەک هاوبەشی داهاتووی واشنتن ناساندووە.
لێدوانەکانی تام باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی ئیدارەی ترەمپ بۆ سوریا و عێراق، بۆ تێگەیشتن لەم جیاوازییە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. باراک لە ٣٠ی ئەیلوولدا کشانەوەکەی تەنیا بە "بەجێهێشتنی عێراق" نەزانی و گوتی گواستنەوەی هێزەکان بۆ ئەمریکا بەبێ وەلانانی عێراق ئامادە کراوە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی هەماهەنگکردنی بەغدا، هەولێر، هاوبەشە ناوچەیییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی ستراتیژیی یەکگرتوودا ئەنجام دراوە. ئەو ئەمریکای دوای کشانەوەکەی بە "دۆست" ناو برد، نەک "سەربازگە".
باراک چەند ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەش گوتبووی کوردەکان "دۆستی گەورە"ی ئەمریکان و کشانەوەی هێزەکان بە واتای دەستبەرداربوون لەوان نیست. ئەو گوتبووی ئیدارەی ترەمپ مەیلی هەیە دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا کەم بکاتەوە، بەڵام هاوکات یارمەتی هاوبەشەکانی دەدات تا توانای زیاتریان بۆ دابینکردنی ئەمنی خۆیان دەستبکەوێت.
ئەم هەڵوێستە، لە ڕاستیدا بۆشایی نێوان دوو پێناسەی "پشتیوانی ئەمریکا" ڕوون دەکاتەوە. واشنتن چیتر ئامادە نیست بۆ دابینکردنی ئەمنی هەرێم هێزی سەربازی لە هەولێردا بهێڵێتەوە، بەڵام دەیەوێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەولێر لە شێوازی هاوپەیمانیی جەنگییەوە بگوازێتەوە بۆ شێوازی هاوکاریی ئەمنی و سیاسی. بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوەیە کە بەرپرسانی ئەمریکی کۆتاییهاتنی ئامادەیی سەربازی هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی ڕاهێنان، هەواڵگری و پەیوەندییە ئەمنییەکان پەیڕەوی دەکەن.
دۆیچە ڤێلە ئەم ڕاوبۆچوونە دژبەیەکە بە ڕاشکاوییەکی زیاترەوە خستووەتە بەر باس. ئەم میدیا دەنووسێت کشانەوەی ئەمریکا هاوڕێیە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر و لەم ڕوانگەیەوە، کەمینەکان و بەتایبەتی کوردەکان لە یەکی تشرینی یەکەمەوە لە بەرامبەر مەترسیی زیاتردان. لە هەمان کاتدا، دۆیچە ڤێلە جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لە ٣٠ی ئەیلوولدا کۆتایی پێنایەت و ڕەنگە لە پەیوەندییەکی ئەمنیی چڕکراوەوە بگوازرێتەوە بۆ بوارەکانی تر، لەوانە پەیوەندییە ئابوورییەکان.
گاردینیش گێڕانەوەی خۆی لە نێوان "کۆتایی ئەرک" و "بەردەوامیی پشتیوانی"دا جێگیر کردووە. ئەم ڕۆژنامەیە ڕاپۆرتی داوە کە پێنتادۆن کۆتایی فەرمیی ئۆپراسیۆنەکەی ڕاگەیاندووە، بەڵام واشنتن هێشتا ڕاهێنان و پشتیوانیی زانیاری و هەواڵگری پێشکەش دەکات.
فاینانشاڵ تایمز و ۆڵ ستریت ژورنالیش زیاتر لە پرسی داعش، پەرەیان داوە بە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە عێراقدا. ۆڵ ستریت ژورنال کشانەوەی ئەمریکا لە دۆخێکدا دەخاتە بەر باس کە گرووپە چەکدارەکان هێشتا کاریگەریی سیاسی و سەربازیی بەرچاویان هەیە و بەرنامەی بەغدا بۆ چەککردنیان نەگەیشتووەتە ئەنجامی تەواو. ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها ڕاپۆرتی داوە کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان و بەڵێندەرە ئەمریکییەکان ڕەنگە بۆ پاراستنی شوێنە دیپلۆماسییەکان یان پاراستنی کەرەستەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بێنەوە.
ئەم خاڵە نیشانی دەدات تەنانەت دەربڕینی "کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا"ش دەبێت بە وریاییەوە پەیڕەوی بکلرێت. ئەرکی جەنگاوەری و ئامادەیی بنکەیی ئەمریکا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ڕاپۆرتەکەی ۆڵ ستریت ژورنال لە بەردەوامبوونی هەندێک ئەرکی پاراستن و بەڵێندەرایەتی زانیاری دەدات و میدیاکانی تریش ئاماژە بە بەردەوامی توانای زانیاریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەن. کەواتە لەدەستدانی "ئامادەیی جەنگاوەری" نابێت بە هەمان واتای لەدەستدانی "سەرجەم شوێنپێی ئەمنیی ئەمریکا" سەیر بکارێت.
بی بی سی و میدیا ئەورووپییەکانیش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیایان لە هەولێر وەک کۆتایی قۆناغی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراقدا وەسف کردووە. حکوومەتی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا گووتوویەتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە ئێستا لە دۆخێکدان کە بەرپرسیارێتیی سەرەکیی دابینکردنی ئەمنی وڵات بگرنە دەست، بەڵام لەندەن لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیدا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ عێراق.
یۆرۆنیوزیش لە ڕاپۆرتی یەکی تشرینی یەکەمدا سەرنجی خستووەتە سەر کۆتایی ئۆپراسیۆنی دژی داعش و گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمنی بۆ عێراق و هاوکات ڕۆڵی پێشمەرگەی لە تێکشکاندنی داعشدا بیر خستووەتەوە. ئەم میدیا، وەک زۆربەی سەرچاوە ئەورووپییەکان، کشانەوەی ئەمریکای زیاتر وەک "گواستنەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ" لە سیستەمی ئەمنیی عێراقدا ناساندووە نەک کۆتایی تەواوی پەیوەندییە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ عێراق.
ئەلجەزیرە لەم ناوەندەدا سەرنجی زیاتری داوە بەو توانایانەی کە بە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دەچنە دەرەوە. ئەم میدیا دەنووسێت تەنیا سەربازە ئەمریکییەکان عێراقیان بەجێ نەهێشتووە، بەڵکوو کەرەستە و سیستەمە گرنگەکانی بەرگریی ئاسمانیش چوونەتە دەرەوە و هەر ئەم پرسەش لە هەرێمدا هەستیارترە. ئەلجەزیرە هەروەها ئاماژە بە هۆشداریدان سەبارەت بە لەدەستدانی سێ توانای تر دەکات، کە بريتین لە زانیاری، پشتیوانیی لۆجیستی و درۆنەکان. لە هەمان کاتدا، بەغدا ڕایگەیاندووە کە لە گفتوگۆدایە بۆ خریدنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە وڵاتانێک لەوانە کۆریای باشوور، تورکیا و ئەمریکا.
لە پێناو ئەمەدا، پرسی داعش هێشتا بە تەواوی دانەخراوە. میدیاکانی وەک ڕۆیتەرز، AP، DW و The National بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی عێراقی و کوردی هۆشدارییان داوە کە تێکشکاندنی داعش به واتای کۆتایی تۆڕە ژێر زەمینییەکانی نییە. ڕۆیتەرز بە دیاریکراوی لە زیادبوونی جوولەی شانە نوستووەکان لە دەوروبەری کەرکووک زانیاری داوە و The National یش ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنی هێزە عێراقییەکان دژی ئەندامانی داعش لە ڕۆژانی پێش کشانەوەکە کردووە.
لە ئاستی عێراقیشدا گۆڕانکارییەکی گرنگ هاوکات لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا ڕووی داوە کە بۆ هەرێم گرنگیی هەیە. بەغدا لە سەرەتادا کۆتایی ئەیلوولی بە دوا مۆڵەتی چەککردنی گرووپە چەکدارەکانەوە بەستبووەوە، بەڵام ئەم مۆڵەتە بەکردەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٧ دوا خراوە. ئەم پرسە بۆ میدیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی تاقیکردنەوەی ئەمنیی عێراق دوای کشانەوەی ئەمریکا دەژمێردرێت.
لە ڕوانگەی هەرێمەوە، پرسێکی تریش دەهێنرێتە ئاراوە کە لە مانگی ئەیلوولدا گرنگیی زیاتری پەیدا کرد، ئەویش ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو. وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەیلوولدا ڕایگەیاند پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی دووبارەی هێزەکان لە ژێر چاودێری وەزارەتدا کۆتایی پێهاتووە و ئەم گۆڕانکارییە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا ئەنجام دراوە. مەسروور بارزانیش لە ڕێوڕەسمی ئەم یەکخستنەوەیەدا، پشتیوانیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ چاکسازیی پێکهاتەی پێشمەرگە بەرز نرخاند. کەواتە هەرێم ڕێک لە لێواری کشانەوەی ئەمریکادا، هەوڵی داوە یەکێک لە گرنگترین تواناکانی باقیماوەی خۆی لە وابەستەیی حزبییەوە بگوازێتەوە بۆ پێکهاتەی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە.
بە سەرنجدان بەم پرسانە، هەرێمی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ پشتیوانە سەربازییەکەی بە واتای هێزی سەربازیی جێگیر، بنکەی مەیدانی، پشتیوانی جەنگیی نزیک و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای لە دەست داوە. ڕووماڵی AP، نیویۆرک تایمز، واشنتن پۆست، فاینانشاڵ تایمز، دۆیچە ڤێلە و ئەلجەزیرە جەختیان لەسەر لێکەوتەی ئەم بەشە لە کشانەوەکە کردووەتەوە.
بەڵام هەرێمی کوردستان پشتیوانە سیاسی و ئەمنییەکەی بە تەواوی لە دەست نەداوە. حکوومەتی ئەمریکا دەڵێت پەیوەندیی دووقۆڵی بەردەوام دەبێت، ڕاهێنان و هەواڵگری پێشکەش دەکرێت و بەرپرسانی ئەمریکی وەک تام باراک هێشتا لە کوردەکان وەک هاوبەش و دۆستی ئەمریکا یاد دەکەن. مەسعود و مەسروور بارزانیش هەردووکیان جەختیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندییە ئەمنی، سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانان کردووەتەوە.
بەهەمان هۆکار، ئەوەی لە یەکی تشرینی یەکەمەوە بۆ هەرێم دەستی پێکردووە، زیاتر لەوەی تەنیا "پاش ئەمریکا" بێت، قۆناغی گواستنەوەیە لە پەیوەندییەکی بنەماکراو لەسەر ئامادەیی سەربازیی ئەمریکاوە بۆ پەیوەندییەک کە تێیدا هەرێم دەبێت ئەمنی زەمینیی خۆی زیاتر بە پێشمەرگە و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دابین بکات و لە بەرامبەردا، بۆ هەواڵگری، ڕاهێنان، کەرەستە و هاوکاریی ستراتیژی هێشتا پشتبەستوو بێت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا. میدیا بڕواپێکراوەکانی جیهان لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دەقی ئەم گواستنەوەیەیان بە ناوەرۆکی سەرەکیی پرسەکە زانیوە. ئەم پرسە هەروەها لەگەڵ لێدوانەکانی چەند مانگی ڕابردووی بەرپرسانی ئەمریکادا سەبارەت بە گۆڕانی ڕوانگەی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرنجدان لەسەر پرسەکانی وزە یەک دەگرێتەوە.
ڕەنگە وردترین وەسف بۆ دۆخی نوێی هەرێمی کوردستان ئەوە بێت کە ئەمریکا لە هەولێر چووەتە دەرەوە، بەڵام پرسی ئەمریکا بۆ هەولێر کۆتایی نەهاتووە؛ ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا پەیوەندیی نوێی واشنتن لەگەڵ بەغدا و هەولێر دەتوانێت بەشێک لە توانای ئەمنیی لەدەستچوو، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی ئاسمانی، هەواڵگری و ڕێگریکردندا، لە شێوازێکی جیاواز و بەبێ ئامادەیی جەستەییی سەربازی قەرەبوو بکاتەوە یان نا. ئەم بەشە هێشتا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نییە و میدیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان خۆشیان بە بڕوابوونێکی تەواوەوە قسەیان لەسەر نەکردووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران