خبر 2026-09-28 13:12 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

بەبێ ئازادکردنی دەمیرتاش، باوەڕکردن بە پرۆسەی ئاشتی ئەستەمە

سەلجوق مزراکڵی، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد، ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بە یەکێک لە پێوەرەکانی ڕاستگۆیی لە پرۆسەی ئاشتیدا وەسف دەکات. هاوکات بوونی هەر جۆرە دژایەتی و ناکۆکییەکی لە نێوان دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجالاندا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند درێژەکێشانی نهێنیکاری لە گفتوگۆکاندا، ڕێگرە لە بەردەم دروستبوونی متمانەی گشتی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلجوق مزراکڵی کە بەم دوایییە لە زیندان ئازاد کراوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جاندان یڵدز، نووسەری پێگەی هەواڵیی «T24»، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاشتی، پێگەی سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجالان، و بەرنامەکانی خۆی دوای ئازادبوونی کرد.

مزرکڵی کە ماوەی چوار ساڵ و هەشت مانگ لە زیندانی ئەدیرنە لەگەڵ دەمیرتاش لە یەک ژووردا بووە، جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییەکان و ئازادکردنی ناوبراوی بە یەکێک لە یەکەمین نیشانەکانی گەڕانەوەی تورکیا بۆ دەسەڵاتی یاسا دانا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد ئەو کەسانەی لە ڕەوت و پارتە سیاسییە جیاوازەکانەوە دوای ئازادبوونی سەردانیان کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە: «هەتا دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، باوەڕ ناکەین ئەم پرۆسەیە ڕاستەقینە و لەسەر بنەمای دڵسۆزی بێت.»

مزرکڵی گوتیشی ئەم کەسانە ئەندامی دەم پارتی نین و سەر بە ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانن؛ بۆیە پشتگوێخستنی تێڕوانینێکی لەو شێوەیە لە نێو کۆمەڵگەدا، کێشەیەکی جدی بۆ متمانەپێکردنی پرۆسەکە دروست دەکات. هه‌روه‌ها تەئکیدی کردەوە کە دەوڵەتیش ڕەنگە ئەم ڕاستییەی لە ئەنجامی ڕاپرسییە گشتییەکاندا بینیبێت و دەبێت ئازادکردنی دەمیرتاش ببێتە یەکێک لە یەکەمین نیشانەکانی گەڕانەوە بۆ سەروەریی یاسا.

هیچ دژایەتییەک لە نێوان دەمیرتاش و ئۆجالاندا نییە

هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد، هەر جۆرە کێبڕکێ، دووبەرەکی یان دژایەتییەکی لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجالان و سەلاحەدین دەمیرتاشدا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ئەم وێنەیە لە دەرەوەی ئەم دوو کەسایەتییە دروست کراوە.

بە بڕوای مزرکڵی، هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئۆجالان و دەمیرتاشدا، هەنگاوێکە بە ئامانجی دروستکردنی لێکترازانی ناوخۆیی لە دەم پارتیدا: «نە سەبارەت بە ئۆجالان و نە دەمیرتاش، هەست بە هیچ دژایەتییەک ناکەم. هیچ دووبەرەکی یان نەیارییەک لە نێوانیاندا نییە؛ بەڵام لە دەرەوەی ئەوان، بە چڕی کار لەسەر دروستکردنی ئەم دژایەتییە دەکرێت.»

ئاماژەی بەوەش کرد کە هەم ئۆجالان و هەم دەمیرتاش پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد دەکەن و ئێستا زۆرێک لە ئەکتەرە سیاسییەکانی تورکیاش جەخت لەسەر پێویستیی ئاشتی دەکەنەوە.

مزرکڵی، دەمیرتاشی بە یەکێک لەو کەسایەتییانە پێناسە کرد کە توانای پیادەکردنی سیاسەتێکی ئازادیخوازانەیان هەیە: «ئەو خاوەنی بنکەیەکی جەماوەریی بەرفراوانە و دەتوانێت لە نێو گروپ و ڕەوتە سیاسییە جیاوازەکانیشدا دەنگدانەوە و کاریگەری دروست بکات.»

درێژەکێشانی نهێنیکاری لە پرۆسەی ئاشتیدا، متمانەی گشتی لەناو دەبات

سەبارەت بە پێویستیی شەفافیەت لە پرۆسەکەدا، مزرکڵی ڕایگەیاند کە بوونی ئاستێک لە نهێنیکاری لە قۆناغە سەرەتایییەکانی دانوستاندا جێی تێگەیشتنە؛ بەڵام درێژەکێشانی، ڕێگری لە دروستبوونی متمانەی گشتی دەکات.

ئەو وتی خەڵک دەیانەوێت ئامانج، قۆناغەکان و نەخشەڕێگای پرۆسەکە بزانن و ناڕوونیی ئێستا، کۆمەڵگە بەرەو گومان دەبات: «لە پرۆسەی لەم شێوەیەدا دەبێت گومانەکان بۆ کەمترین ئاست داببەزێنرێن و کەشێکی ڕوون بخوڵقێنرێت تا خەڵک بتوانن ڕاستییەکان ببینن.»

مزرکڵی جەختی لەوە کردەوە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەبێت لەبارەی داهاتووی پرۆسەکە، نەخشەڕێگا و هەنگاوەکانی داهاتوو ڕوونکردنەوەی ڕوونتر بدات. هەروەها وتیشی پێویستە دەرفەت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالانیش بڕەخسێنرێت تا دیدگا و بەرچاوڕوونیی خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و شیاو بخاتە بەردەم ڕای گشتی.

ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە نهێنیکاری بە قۆناغ کەم بکرێتەوە و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەشداری گفتوگۆکانی تایبەت بە نەخشەڕێگای پرۆسەکە بن، تا پرۆسەی ئاشتی جێی متمانە و باوەڕپێکراو بێت.

مرۆڤ نە لە پزیشکی خانەنشین دەبێت، نە لە سیاسەت

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، مزرکڵی لەبارەی بەرنامەکانی داهاتووی خۆیەوە گوتی، هەرچەندە ڕووبەڕووی قەدەغەی کاری سیاسی بووەتەوە و ناتوانێت لە دامەزراوە گشتییەکان یان پێکهاتەی فەرمیی پارتێکدا چالاکی بکات، بەڵام سیاسەت تەنیا لە ئەندامێتیی حیزبیدا کورت نابێتەوە.

مزرکڵی لە کۆتاییدا وتی: «مرۆڤ نە لە پزیشکی خانەنشین دەبێت و نە لە سیاسەت. دەست بە کاری پزیشکی دەکەمەوە و هاوکات وەک یەکێک لە ڕێبوارانی ڕێبازی دیموکراسی، ئازادی و ئاشتی بەردەوام دەبم.»

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.