میتحەت سانجار: پرۆسەی ئاشتی پێش هەموو شتێک پێویستی بە متمانەیە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەسەر بانگهێشتی «پلاتفۆرمی ئاشتی و هاوپشتی» سەردانی سویسرای کرد و لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆ بووەوە.
سانجار لە پەرلەمانی فیدراڵی سویسرا لەگەڵ شاندەکانی پارتی سۆسیالیست و پارتی سەوز کۆبووەوە و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی پلاتفۆرمی دیموکراسیی سویسرا لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی نوێنەرانی دامەزراوە جیاوازەکان بەشدار بوو.
ناوبراو لە درێژەی سەردانەکەیدا، لە پانێڵێکدا سەبارەت بە دواپێشهاتەکانی تورکیا و دۆخی «پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» وتارێکی پێشکەش کرد. پانێڵەکە لەلایەن پلاتفۆرمی ئاشتی و هاوپشتییەوە ڕێکخرابوو و مەڕاڵ چیچەک، نوێنەری بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەورووپاش یەکێکی دیکە بوو لە وتاربێژەکان.
میتحەت سانجار بە ئاماژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەم دانوستانانەدا گۆڕانکاری ڕوویانداوە و هەنگاویش نراوە؛ بەڵام ئەو پرسەی پێویستە هەرچی زووە چارەسەر بکرێت، نەبوونی متمانەیە.
سانجار وتیشی: «بە شێوەیەکی گشتی پێویستمان بە متمانەیە. کاتێک باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین، دەبێت متمانەش هەبێت؛ بەڵام لەم بوارەدا کەموکوڕی دەبینرێت و پێویستە لە زووترین کاتدا چارەسەر بکرێن.»
سانجار لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: «بانگەوازی ٢٧ی شوبات و ئەو پێشهاتانەی دواتر هاتنە ئاراوە، ئەوەیان سەلماند کە گەلی کورد هاوشانی بەڕێز ئۆجەلان پێداگری لەسەر ئاشتی دەکەن و لەو باوەڕەدان جگە لە ئاشتی هیچ ڕێگەیەکی دیکە لە بەردەمیاندا نییە.»
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەربارەی کۆبوونەوەکانی لە سویسرا ڕایگەیاند: «لە پەرلەمانی فیدراڵ لەگەڵ شاندی پارتە سیاسییەکان کۆبووینەوە. سویسرا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەی ئاشتییەدا بگێڕێت و دەبێت هاوکاریی بکات؛ بەڵام تا ئێستا هەوڵێکی بەرچاو لەم بارەیەوە نەدراوە.»
سانجار ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کرد و ڕوونی کردەوە کە ئەم پێشهاتانە زیاتر لە جاران گرنگیی پرۆسەی ئاشتی نیشان دەدەن و وتی: «پێویستە دەوڵەت پرۆسەکە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریدا بەرەوپێش ببات و بۆ کێشە هەنووکەییەکان چارەسەر بدۆزێتەوە.»
بۆچوونی بەکارهێنەران