پێویستیی بەشداریی لایەنی بێلایەن لە پڕۆسەی ئاشتیی کوردەکان و تورکیا
کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری «ئامارگی» کە لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی نیسان ئالجی، توێژەری پرۆسەکانی ئاشتی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی دێمۆس، و ڕۆکن ئای ئایدین، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکراوە، کۆتاییهاتنی ململانێیەکی چەکداری تەنیا بە واژۆکردنی ڕێکەوتنێک یان ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنی گرووپێکی چەکداری بەدەستناهێنرێت، بەڵکوو پێویستە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، دروستکردنی متمانە، چاودێریی سەربەخۆ و ڕەخساندنی زەمینەی بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوکات پێش بچێت.
پڕۆسەی ئێستا لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە، هاوکات لەگەڵ بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ کۆتاییهاتنی تێکۆشانی چەکداری، قۆناغێکی نوێی بەخۆوە بینیوە. هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥ لە مەراسیمێکی هێمایی چەکەکانیان سووتاند. لە بەردەوامیدا، چوارچێوەیەکی یاسایی پەیوەست بە چەکدانەوە لە تورکیا پەسەند کرا. یاسای «بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەیی و تۆکمەیی کۆمەڵایەتی» کە لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦ پەسەند کرا، جێبەجێکردنی هەندێک لە لێپرسینەوە و دادگایی و بڕیارەکانی پێشوو لەسەر ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی یاسادا چەکەکانیان ڕادەست دەکەن، دوای پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی چالاکیی ڕێکخراوەیی و ڕادەستکردنی چەک و پشتڕاستکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەنجام دەبێت.
بەم حاڵەشەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانی ڕاپۆرتەکەی «ئامارگی»، ئەم چوارچێوەیە هێشتا دوو پرسیاری بنەڕەتیی یەکلا نەکردووەتەوە: چ دامەزراوەیەک دەبێت سەرپەرشتی و ڕاستیپشکنینی پرۆسەی چەکداماڵین بکات، و لە دوای کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری، بڕیارە چ گۆڕانکارییەکی سیاسی لە تورکیادا ڕوو بدات.
ئەم پرسیارانە کاتێک گرنگیی زیاتر پەیدا دەکەن کە وەزیری دەرەوەی تورکیاش باس لە نەبوونی پێشکەوتنی کردەیی لە ڕادەستکردنی چەکەکاندا دەکات. «هاکان فیدان» لە ۲۰ی ئەیلوولی ۲۰۲۶دا ڕایگەیاند کە بەپێچیوانەی تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئایاری ۲۰۲۵دا، هێشتا هەنگاوی بەرچاو بۆ ڕادەستکردنی چەکەکان نەنراوە.
چاودێریی سەربەخۆ؛ ئەزموونی کۆلۆمبیا
نیسان ئالجی بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگیی ئامادەییی لایەنی سێیەم، ئاماژە بە پرۆسەی ئاشتیی کۆلۆمبیا دەکات. لەوێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاڵ دەوڵەت و هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆلۆمبیا (فارک-ئێپ)، وەک لایەنی سێیەم ئامادەییی هەبوو و سازوکارێکی سێقۆڵی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پێکهات. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ۲۰۱۷دا ڕایگەیاند کە چەکی لایەنەکان تۆمار کراون. لە دیدی ئالجییەوە، بەهای سازوکارێکی لەم شێوەیە تەنیا لە تۆمارکردنی چەکەکاندا نییە، بەڵکو لە دروستکردنی مەرجەعێکی سەربەخۆدایە کە بتوانێت لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکاندا، ڕاستییەکان بپشکنێت و دیاری بکات کە ئایا پێشێلکارییەک ڕووی داوە یان نا.
ئەم بابەتە لەبارەی تورکیاوە گرنگیی تایبەتی هەیە؛ چونکە ساختاری چاودێریی ئێستا، بەپێی هەڵسەنگاندنی خستراوەتەڕوو لە ڕاپۆرتی «ئامارگی»دا، لە دامەزراوە دانیشتووەکانی دەوڵەت پێکهاتووە. بە بڕوای ئالجی، ساختارێکی لەم شێوەیە ناتوانێت هەمان ڕۆڵی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و جێی بڕوا بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی چەکداماڵین بگێڕێت. ئەو هەروەها لەو بڕوایەدایە کە سازوکاری ئامادە ناتوانێت هەمان ئاست لە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر رای گشتیی ناوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ دەتوانێت دروستی بکات، بگرێتە ئەستۆ.
لە ناو ئەم ڕوانگەیەوە، بابەتی ئامادەییی ناوەندگیرێک تەنیا بە مانای دەستوەردانی وڵاتێکی بیانی نییە، بەڵکو دەتوانێت ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، گرووپێک لە چاودێرانی سەربەخۆ یان سازوکارێکی پەسەندکراوی لایەنەکان بێت کە بتوانێت پرۆسەی ڕادەستکردن و لەناوبردنی چەکەکان ڕاستیپشکنینی بۆ بکات و سەبارەت بە ناکۆکییە ئەگەرییەکان ڕاپۆرتی بڕواپێکراو پێشکەش بکات.
ئەزموونی باسک؛ کاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی هاتووە مەیدانەکەوە
ڕوکن ئای ئایدینیش ئەزموونی باسک بە جیاواز بەڵام پەیوەندیدار دەزانێت. بە وتەی ئەو، پرۆسەی وەلاوەنانی چەک لەلایەن «ئێتا»وە لە ئیسپانیا بڕیارێکی لەپڕ نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی هەنگاو بە هەنگاو بوو کە لە ساڵی ۱۹۸۹وە دەستی پێ کرد و سەرەنجام بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ۲۰۱۸دا. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئیسپانیا ئامادە نەبوو جێبەجێکردنی دامەزراوەیەکی فەرمی بۆ ڕاستیپشکنین پەسەند بکات، لە ساڵی ۲۰۱۱دا «کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕاستیپشکنین» پێکهێنرا؛ دامەزراوەیەکی ناوفەرمی کە پەیوەندیی بە نەتەوە یەکگرتووەکان یان دەوڵەتی ئیسپانیاوە نەبوو و لەگەڵ دەوڵەتی باسک، پارتەکان، سەندیکاکان، خاوەنکاران و دامەزراوە ئایینییەکاندا لە پەیوەندیدا بوو.
لە سەرنجی ئەم شێوازەدا، کۆکردنەوەی خێرای چەکەکان خاڵی دەستپێک نەبوو. سەرەتا شوێنی کۆگاکان دەستنیشان کران و مۆر کران تا متمانەی نێوان لایەنەکان هەنگاو بە هەنگاو دروست بێت. دواتر، کاتێک پرۆسەکە لە ئیسپانیادا تووشی بەستەڵەک بوو، بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنیی باسک بە دروستکردنی گرووپێک بە ناوی «سازندەکانی ئاشتی» هاتوونە مەیدانەکەوە. ئەم گرووپە لە ۸ی نیسانی ۲۰۱۷دا شوێنی کۆگاکانی چەکی خستە بەردەست چاودێرانی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی فەرەنسی و کۆکردنەوەی چەکەکانی سپاردە دەوڵەت.
ئای ئایدین لەسەر ئەم بنەمایە پێی وایە کۆمەڵگەی مەدەنی بڕیار نییە شوێنی دەوڵەت بگرێتەوە، بەڵکو لە بارودۆخی بەستەڵەکدا دەتوانێت یاریدەدەری دروستکردنی ڕێگەی پەیوەندی و زیادکردنی متمانە بێت. لە ڕوانگەی ئاوەوە، بابەتی سەرەکی لە تورکیاداش تەنیا ئامادەیی یان نەبوونی نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەستەیەک یان لێژنەیەکی فەرمیدا نییە؛ بەڵکو ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی چۆن ببێتە بەشێک لە جۆگەی زانیاری، چاودێری، وەڵامدانەوە و پەیوەندیی نێوان پرۆسەی ئاشتی و ڕای گشتی.
کەلێنی دووەم؛ ئاسۆی سیاسیی دوای چەکداماڵین
بەپێی نووسینی «ئامارگی»، بابەتی دووەم پەیوەندیی بە داهاتووی سیاسیی دوای چەکداماڵینەوە هەیە. ئالجی دەڵێت تورکیا بە پێچەوانەی هەندێک نموونەی دەرەکی، هێشتا سازوکارێکی بۆ حەقیقەتپشکنین و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکراوان دروست نەکردووە. بە وتەی ئەو، پارتی دیموکراتی و یەکسانیی گەلانیش داوای دروستکردنی سازوکارێکی لەم شێوەیەی کردبوو، بەڵام ئەم پێشنیارە نەگەیشتە ئەنجام.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئامانجەکە تەنیا قەرەبووکردنەوەی تەواوەتیی زیانەکانی چەندین دەیە لە شەڕ و پێکدادان نییە، بەڵکو دروستکردنی سازوکارێک بۆ بەفەرمییناسینی زیانلێکراوان و قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکان دەتوانێت نیشان بدات کە کۆتاییهاتنی شەڕ تەنیا هەنگاوێکی ئاسایشی نەبووە. لە دیدی ئاوەوە، پەروەردەش لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و بەرنامە پەروەردەیییەکانی پەیوەندیدار بە ئاشتی دەبێت بتوانن مێژووی شەڕ، جیاکاری و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی تاوتوێ بکەن، نەکو پرۆسەکە تەنیا بە چەمکی «کۆتاییهاتنی تێرۆریزم» ڕوون بکەنەوە.
وەرگرتنەوەی هەڵگرانی چەکی پێشوو لە کۆمەڵگەدا
بەشێکی تری ئەم پرۆسەیە پەیوەندیی بە وەرگرتنەوەی هەڵگرانی چەکی پێشوو لە کۆمەڵگەدا هەیە. بە وتەی ئالجی، ئەم بابەتە ناکرێت تەنیا بە دابینکردنی شوێنی کار یان دۆخی یاسایی چارەسەر بكرێت و دەبێت بابەتگەلێکی وەک وەرگرتنی کۆمەڵایەتی، پەروەردەی ئاشتی، پشتیوانیی دەروونی، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها بابەتی ڕەگەزیی ئاوڕی لێ بدرێتەوە. ئەو ئاماژە بە ئەزموونی کۆلۆمبیا دەکات کە تێیدا ژنە شەڕڤانەکان لە دوای گەڕانەوە بۆ ژیانی شارستانی لە هەندێک حاڵەتدا تووشی ناوزڕاندن و گوشاری کۆمەڵایەتیی زیاتر بوونەتەوە و تەنانەت گوشار بۆ گەڕانەوەیان بۆ ڕۆڵە نەریتییەکانی ڕەگەزی لەسەریان زیاد ببوو.
نیپاڵ؛ چەکداماڵین هاوکات لەگەڵ گۆڕانکاریی سیاسیدا
ئەزموونی نیپاڵیش لە دیدی ئای ئایدینەوە نیشان دەدات کە چەکداماڵین کاتێک بەردەوامتر دەبێت کە هاوکات لەگەڵیدا، دیدگایەکی دیاریکراو بۆ گۆڕانکاریی سیاسی بوونی هەبێت. ڕێککەوتنی گشتگیری ئاشتیی ساڵی ۲۰۰۶ لە نیپاڵ تەنیا سەبارەت بە چەک نەبوو؛ بەڵکو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی دامەزرێنەران، شێوەگرتنی نەزمی نوێی دەستووری و ئامادەییی هێزە ماوئستییەکانی پێشوو لە پرۆسەی سیاسیدا دەگرتەوە. چەکی شەڕڤانان لە کامپەکاندا ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانرا و هاوکات پرۆسەی شێوەگرتنی نەزمی سیاسیی نوێ چووە پێشەوە. لە نیسانی ۲۰۰۸دا ماوئستییەکان زۆرترین کورسییەکانی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانیان بەدەست هێنا و «پراچاندا» لە ئابی همان ساڵدا گەیشتە پۆستی سەرۆکوەزیرانی.
ئای ئایدین جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئەزموونە ناکرێت وەک خۆی بۆ تورکیا بگوازرێتەوە، بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی بوونی هەیە: تورکیا لە ئێستادا نە ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی و نە لایەنی سێیەمی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی چەکداماڵین هەیە و ئەو یاسایەی پەسەند کراوە زیاتر لەسەر ڕەهەندە یاسایییەکانی ڕادەستکردنی چەک، سزاکان، چاودێری و هەماهەنگی جەخت دەکاتەوە.
بە بڕوای ئەو، گۆڕانکاری دەبێت دوولایەنە بێت؛ هێزە چەکدارەکانی پێشوو دەبێت لە ساختارە پلەبەندی و نھێنییەکان دوور بکەونەوە و بچنە ناو سیاسەتی دیموکراتیکەوە و لە بەرامبەردا، سیستەمی سیاسی دەبێت ڕێگەیەکی یاسایی و گەرەنتییەکی دابین کراو بۆ دەربڕینی ئەو داواکارییانەی پێشتر لە چوارچێوەی خەباتی چەکداریدا دەخرانەڕوو، بڕەخسێنێت. ئەمە بە مانای بەڵێنی بەرپرسانی سیاسی یان ئیمتیازی تایبەت بۆ هێزە چەکدارەکانی پێشوو نییە، بەڵکو بە مانای ڕوونبوونی مافەکان، گەرەنتییەکان و جۆگە دیموکراتیکەکانە پێش چوونە ناو قۆناغی چەکداماڵینەوە.
دوو ڕێگە، یەک نیگەرانی
شیکارییەکانی نیسان ئالجی و ڕوکن ئای ئایدین لە دوو زاویەی جیاوازەوە سەیری ڕەوتی ئێستای تورکیا دەکەن، بەڵام هەردوایان لەسەر بابەتێکی هاوبەش جەخت دەکەنەوە: یاسای چوارچێوە دەتوانێت دەستپێکی پرۆسەکە بێت، بەڵام بە تەنیایی بۆ گۆڕینی کۆتاییی خەباتی چەکداری بۆ ئاشتییەکی بەردەوام بەس نییە. لە لایەکەوە، سازوکارێکی سەربەخۆ بۆ ڕاستیپشکنینی پرۆسەی چەکداماڵین پێویستە و لە لایەکی ترەوە دەبێت ڕوون ببێتەوە کە کۆتاییهاتنی چالاکیی چەکداری چۆن لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ کۆمەڵگە، بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامەکانی شەڕ و دروستکردنی ئاسۆیەکی سیاسی هاوڕێ دەبێت.
لە یاسای پەسەندکراوی ئابی ۲۰۲۶دا، دەستنیشانکردنی کۆتاییهاتنی چالاکیی ڕێکخراوەکە و ڕادەستکردنی چەکەکان سپێردراوەتە دەست دامەزراوە ئاسایشییەکان و پشتڕاستکردنەوەشی دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیییەوە ئەنجام بدرێت. ئەم ساختارە یاسایییە، ڕێک هەمان ئەو خاڵەیە کە پێویستیی گفتوگۆ سەبارەت بە ناوەندگیرێک یان چاودێرێکی سەربەخۆ تۆخ دەکاتەوە؛ چونکە بابەتەکە تەنیا ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری نییە، بەڵکو دروستکردنی متمانەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕاستەقینە و هۆشیارانەی بەڵێنەکانی لایەنەکان.
بۆچوونی بەکارهێنەران