بەجێهێشتنی هەرێم بەبێ سیستەمی بەرگریی گونجاو جێی شەرمەزارییە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاینانشاڵ تایمز ڕایگەیاند: مەترسییەکان لەسەر هەرێم ڕاستەقینەن و لە ئێستادا بێبەرگرین و هێرشیان دەکرێتە سەر. ئاماژەی بەوەکرد کە بەجێهێشتنی هەرێم بەبێ سیستەمی بەرگریی گونجاو جێی "شەرمەزارییە".
بارزانی ڕەخنەی لەوە گرت کە ڕێگرییان لێ دەکرێت كە ئەو چەکە پێویستانە بكڕن كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مووشەک و دڕۆن و سیستەمە پێشکەوتوانە پێویستن، وتیشی، "بێگومان بە ئەنقەست دەکرێینە نێچیرێکی لاواز و بێهێز".
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، سەرۆکی حکوومەت وتی: گفتوگۆکانیان هەمیشە ڕوون بوون و هەرێم هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەوان.
بارزانی جەختی کردەوە کە لە پرسی مەترسیی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا زیادەڕەوی کراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی جێگەی شانازیی ئەمریکایە و پێویستە ئەم هاوبەشییە بەردەوام بێت.
مەسروور بارزانی هۆشداریی دایە جیهان و وتی: "ئەگەر دۆخی ئەمنی تێکبچێت، ڕەنگە جارێکی تر پێویست بکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە بۆ ئێرە بۆ سەقامگیرکردنی، بەڵام دەتوانن هەر ئێستا ئەوە بکەن، نەک چاوەڕێ بکەن تاوەکوو دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات ئینجا هەوڵی باشکردنی بدەن".
بۆچوونی بەکارهێنەران