خبر 2026-09-29 12:13 کاتی خوێندنەوە: 6 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

گۆڕینی خانوو و تەلارە دێرینەکانی سلێمانی بۆ ناوەندی پاراستنی ناسنامەی کوردی

هاوكات لەگەڵ گەشەکردنی خێرای دروستکردنی تەلار و گۆڕانی سیمای سلێمانی، گرووپێک لە چالاکوانانی کەلتووری لەم شارەدا هەوڵ دەدەن خانووە مێژووییەکان و بناغە لەبیرکراوەکان لە وێرانبوون ڕزگار بکەن و بیانکەنە جێگەیەک بۆ شیعر، مۆسیقا، کەلەپووری جەماوەری و پاراستنی یادەوەریی بەکۆمەڵی کوردان.

کوردپرێس: ڕاپۆرتی گۆڤاری «نیوریجن» بە گێڕانەوەی «نیشتمان کاکەڕەش»، شاعیری کورد و دانیشتووی غوربەت دەست پێ دەکات؛ ژنێک کە لە دوای بەجێهێشتنی سلێمانی و ژیان لە نورنبێرگی ئەڵمانیا، ساڵانێک دواتر گەڕایەوە بۆ گەڕەکی شێخان، کە یەکێک لە دێرینترین گەڕەکەکانی شارەکەیە، تا لە حەوشەی خانووێکی بەردینی نۆژەنکراوەدا شیعر بخوێنێتەوە. ئەم خانووە لە ڕابردوودا ببووە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵوخاشاکی بازارچەی تەنیشتی، بەڵام ئێستا بووەتە «ماڵی کەلتووریی ئاحای کۆرنۆ».

بەپێی نووسینی ئەم گۆڤارە، بۆ نیشتمان ئەم شیعرخوێندنەوەیە تەنیا بەرنامەیەکی هونەری نەبوو، بەڵکو گەڕانەوەیەکی سۆزدارانە بوو بۆ شارێک کە لە درێژەی ساڵانی نەبوونیدا بە خێرایی گۆڕابوو. نووسەری ڕاپۆرتەکە، ئەم دیمەنە وەک هێمایەک لە کێشمەکێشی نێوان گەشەی شارستانی و هەوڵدان بۆ پاراستنی یادەوەریی کەلتووریی سلێمانی وەسف دەکات کە تێیدا بناغە دێرینەکان لە بەردەم مەترسیی ڕووخاندندان و گرووپە خۆجێییەکان هەوڵ دەدەن پاشماوەی ئەم کەلەپوورە بگوڕن بۆ «ناوەندە زیندووەکانی کەلتووری کوردی».

ماڵێک بۆ خەڵکی ئاسایی

پڕۆژەی ئاحای کۆرنۆ لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی دەوڵەتی نەبوو، بەڵکو لە دەستپێشخەرییەکی جەماوەرییەوە بۆ ڕزگارکردنی چەند خانووێکی چۆڵبوو دەستی پێ کرد. جەزا ساز، بەڕێوەبەری ماڵی کەلتووریی ئاحای کۆرنۆ دەڵێت ئەم بینایانە لە ڕابردوودا کەلاوە بوون و کاسپکارانی بازارچەی دەوروبەریان بۆ فڕێدانی زبڵوخاشاک بەکاریان دەهێنان. ئەنجومەنی هونەرە جەماوەرییەکانی سلێمانی بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی هەمیشەیی بۆ چالاکییەکانی، داوای مۆڵەتی نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەی لە بەرپرسانی شارەوانی کرد و پرۆسەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەکە بە هاوکاریی دارایی «طه ڕەسوڵ»، کەسایەتیی کەلتووری و ڕووناکبیری کورد، دەرفەتی جێبەجێبوونی پەیدا کرد.

بەڵام لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا، دانیشتووانی گەڕەک پێشنیارێکی تریان خستە ڕوو. ئەوان داوایان کرد کە خانوە دێرینەکان وەک شوێنی ژیانی بنەماڵە ناودارەکانی سلێمانی بپارێزرێن تا بەشێک لە مێژووی کۆمەڵایەتیی شارەکە لەناو نەچێت. لە کۆتاییدا ئەم پڕۆژەیە لە شوێنێک بۆ چالاکیی ئەنجومەنی مۆسیقاوە گۆڕا بۆ کۆمەڵەیەک کە هاوکات گۆڕەپانی چالاکیی ڕووناکبیران، شاعیران و نووسەران و شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکە.

ناوی ئەم کۆمەڵەیەش لە هەمان ڕوانگەی جەماوەرییەوە سەرچاوە دەگرێت. «کۆرنۆ» کەسایەتییەکی سیاسی یان دەوڵەمەندێکی دیار نەبوو، بەڵکو کەسێکی دەستکورت بەڵام خۆشەویستی گەڕەک بوو کە بە خۆشزوبانی، بەسەرهاتگێڕانەوە و فروشتی ئاوی ترێ بە عەرەبانەیەکی سەرشەقام ناوبانگی دەرکردبوو. هەڵبژاردنی ناوی ئەو بۆ ئەم ناوەندە، دەربڕی ئەم بیرۆکەیەیە کە کەلەپووری سلێمانی تەنیا هی کەسایەتییە سیاسییەکان و نوخبەکان نییە، بەڵکو سەر بە هاووڵاتییانی ئاساییشە.

گۆڕینی خانوویەکی کەلاوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی ئەهل و خەمخۆرانی کەلتوور

ماڵی کەلتووریی ئاحای کۆرنۆ لە دوای کردەنەوەی توانێویەتی سەرنجی بەردەنگانێک لە تەواوی هەرێمی کوردستان، بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەروەها کوردانی دانیشتووی ئەوروپاش ڕابکێشێت. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەم ناوەندە هەندێک جار لە یەک کاتژمێردا پێشوازیی لە نزیکەی ۱۰۰ کەس کردووە. لە ناوەوەی خانوو سەراکەدا، بەرنامەکانی مۆسیقای ڕەسەن بەرێوە دەچن و کەلوپەلی دێرین، بەرهەمە بەخشراوەکان و یادگارییە بنەماڵەیییەکان لە پاڵ دیوارە بەردینەکانی بیناکەدا دەپارێزرێن.

لە ئامێزی ئەم گێڕانەوەیەدا، گرنگیی ماڵە کەلتوورییەکان تەنیا لە پاراستنی تەلارسازیدا کورت نابێتەوە. خانوەکان بوونەتە شوێنێک بۆ پاراستنی مۆسیقا، ئەدەبیات، یادەوەرییە بنەماڵەیییەکان، چیڕۆکە خۆجێییەکان و کەلتووری گشتی؛ بابەتێک کە لە دیدی ڕاپۆرتنووسەوە، ڕۆڵێکی بەرزتر لە موڵک یان مۆزەخانەیان پێ دەبەخشێت و دەیانکاتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی شار.

بەبوونی پێشوازیی گشتی، ماڵی کەلتووریی ئاحای کۆرنۆ هێشتا لەگەڵ گرفت و کێشەی جدی بۆ بەردەوامیی چالاکییەکانی بەرەوڕووە. بەڕێوەبەری ئەم ناوەندە دەڵێت هیچ کام لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام پشتیوانییان لێ نەکردوون. ئەنجومەنی بەرپرس لەم ماڵە نە تەنیا یارمەتیی گشتی وەرناگرێت، بەڵکو کرێی ساڵانەی بیناکە دەداتە شارەوانی و تێچووی ئاو و کارەباش دەگرێتە ئەستۆ. سەقفی بیناکەش پێش دەستپێکردنی بارانبارینی زستان پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە.

ئەو مۆسیقاژەنانەی لەم ماڵەدا چالاکی دەکەن بە هەمان جۆر لە هیچ هاوکارییەکی دارایی دەوڵەت سوودمەند نین. بەڕێوەبەری ماڵی کەلتووریی ئاحای کۆرنۆ، دۆخی ئێستا وەک نیشانەیەک لە نێوان گرنگیی کەلتووریی ئەم بناغانە و ئاستی پشتیوانیی کردەییی دامەزراوە فەرمییەکان دەبینێت. ئەو بە ئاماژەدان بە وڵاتانی تر دەڵێت بناغە مێژووییەکان لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا لە ژێر پشتیوانیی دەوڵەتدان و بەشێک لە تێچووە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.

ئەم چالاکوانە کەلتوورییە هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی پێشووی «هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد»، خانمی یەکەمی پێشووی عێراق کردووە. بە وتەی ئەو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کاتێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوا کردبوو خانوە مێژووییەکان بکڕدرێنەوە تا لە شوێنی گۆڕینیان بۆ پارکینگ یان ناوەندی بازرگانی، ڕێگری لە ڕووخاندنیان بكرێت. ئامانجی سەرەتایی، ڕزگارکردنی ناوچەیەکی مێژوویی کامڵ بوو، بەڵام بە وتەی جەزا ساز، پێش هاتنەدیی ئەم پڕۆژەیە دەیان خانووی سەدساڵە بە هۆی بارانی بەخوڕەوە ڕوویان دا.

خانوویەک لە دڵی شەقامی گۆراندا

ڕاپۆرتی «نیوریجن» دواتر دەچێتە سەر «ماڵی کەلەپووریی سۆفی کەریم سراج» لە نزیک شەقامی گۆران؛ بناغەیەک کە نموونەیەکی ترە لە هەوڵدان بۆ گونجاندنی پاراستنی کەلەپووری کەلتووری و مێژوویی لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی شاردا. ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی ۱۸۹۷دا دروست کراوە و لە دوای نۆژەنکردنەوە، بووەتە مۆزەخانە و ناوەندی کەلتووری جەماوەری.

لە کەشوهەوای ناوەوەیدا، بەرگی ڕەسەنی کوردی، ئامرازە مێژووییەکانی دەستکرد و وێنە ڕەش و سپییەکانی کەسایەتییە دیارەکانی کەلتووری سلێمانی خراونەتە ڕوو. لە حەوشەی بیناکەشدا پەیکەری «حەسەن زیرەک»، گۆرانیبێژی ناوداری کورد داندراوە کە ڕێز لە کەلەپووری مۆسیقایی شارەکە دەگرێت.

لە دەرەوەی ئەم ماڵە، ژیانی ڕۆژانە هێشتا بەردەوامە و دەنگی مۆسیقای حەسەن زیرەک لە چایخانەیەکی هاوسێوە دەبیسترێت؛ لەوێ پیاوانی گەڕەک بۆ یاریی دۆمینە و نێرد و خواردنەوەی چا کۆ دەبنەوە. ڕاپۆرتەکە بە دانانی ئەم دیمەنە لە پاڵ کەشوهەوای مۆزەخانەکەدا، نیشان دەدات کە کەلەپووری کەلتووریی سلێمانی تەنیا لە ناو بینا مێژووییەکاندا نەپارێزراوە، بەڵکو هێشتا لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا پەیوەستە.

ئەکرەم عوسمان، بەڕێوەبەری بەشی کەلتوور و کەلەپووری ماڵی صۆفی کەریم دەڵێت ئەم بینایە لەلایەن ئیدارەی کەلەپوور و شوێنەوارە دێرینەکانەوە نۆژەن کراوەتەوە و دواتر بەڕێوەبردنی سپێردراوەتە دەست ئەوان؛ چونکە ئەم کۆمەڵەیە شوێنێک و بەرهەمێکی بەربڵاوی لە کەلوپەلی مۆسیقایی و مێژووییی لەبەردەستدا بوو. ئەو جەخت دەکاتەوە کە خانوە مێژووییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی کەلتوور و کەلەپووری هەرێمی کوردستاندا هەیە.

نەهێشتنی نیگەرانی لە سڕینەوەی بەرەبەرەی کەلەپووری کوردی

بەبوونی ئەمەش، نیگەرانی سەبارەت بە داهاتووی ئەم کەلەپوورە هێشتا جدییە. ئەکرەم عوسمان هۆشداریدەدات کە لە کاتی ئەنجامندانی هەنگاوی بەپەلەدا، بەشێک لە کەلەپووری کوردی لەوانەیە بۆ هەمیشە لەناو بچێت. گەشەی خێرای شارستانی لە حاڵی قووتدانی موڵکە مێژووییەکاندایە و بە وتەی ئەو، دەنگە سەربەخۆکانی بەرگریکار لە پاراستنی کەلتووری جەماوەریش لە پرۆسەی بەرنامەرێژیی شارستانیدا زۆربەی جار فەرامۆش دەکرێن.

لەم نێوەندەدا، بەرپرسانی شار جەخت دەکەنەوە کە پاراستنی کەلەپوور هێشتا لە کارنامەی کاردایە. «موحسین ئەدیب»، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی گشتیی کەلتوور و هونەری سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی شار، خانوە مێژووییەکان بە سەرمایەی گرنگی خەڵک دەزانێت. بە وتەی ئەو، نۆژەنکردنەوەی خانوەکانی سەر بە کەسایەتییە دیارەکانی شار دەبێتە هۆی پاراستنی ناو و یادەوەرییان و ئەم بناغانە هاوکات بۆ پاراستنی شارستانییەت، تەلارسازی و کەلەپووری کەلتووریی سلێمانی و هەرێمی کوردستان گرنگن.

ئەدیب دەڵێت نووسینگەی ئەو لەگەڵ ئیدارەی شوێنەوارەکان لەسەر پڕۆژەگەلێک بۆ دیاریکردنی هەندێک گەڕەکی سلێمانی وەک ناوچە مێژووییەکان کار دەکات. هەروەها بڕیارە ژمارەیەک لە خانوە دێرینەکان بگوڕدرێن بۆ نووسینگەی کەلتووریی شارەوانی. بە وتەی ئەو، بڕی دوو ملیار دیناری عێراقی، کە بەرامبەرە لەگەڵ زیاتر لە ۱.۵ ملیۆن دۆلار، بۆ کڕین و نۆژەنکردنەوەی خانوە مێژووییەکان لەبەرچاو گیراوە، بەڵام ئەم بودجەیە هێشتا نەدراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تا ئێستا نزیکەی پێنج ماڵی کەلتووری لە سلێمانیدا بەپێی ڕێنمایییە فەرمییەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان نۆژەن کراونەتەوە کە ئامانجیان پاراستنی ساختاری سەرەکیی بیناکانە لە کاتی سەرلەنوێ دروستکردنەوەدا.

سلێمانی و کێبڕکێ لەگەڵ کاتدا

ڕاپۆرتی «نیوریجن» لە کۆتاییدا، هەوڵی هونەرمەندان و خۆبەخشانی بەڕێوەبەری ئەم ماڵانە، وەک جۆرێک لە کێبڕکێی ڕۆژانە لەگەڵ کاتدا وەسف دەکات. لە لایەکەوە، سلێمانی هێشتا وەک پایتەختی کەلتووریی هەرێمی کوردستان دەناسرێت و لە لایەکی ترەوە، بینا بەرزەکان و گەشەی مۆدێرنی شارستانی بە خێرایی لە حاڵی گۆڕینی سیمای شارن. شەڕەکان، قەیرانە ئابوورییەکان و نۆژەنکردنەوەی بەربڵاویش بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی سەدەی نۆزدەیەمی سلێمانییان لەناو بردووە.

لە گێڕانەوەی ئەم گۆڤارەدا، بەهای ماڵە کەلتوورییەکان لەوەدایە کە کەلەپوور لە کۆمەڵە کەلوپەلێکی بەستەڵەکبوو لە مۆزەخانەکاندا دەبەنە پێشەوە و دەیانکەنە گۆڕەپانێکی زیندەوەر بۆ دەربڕینی شیعر، مۆسیقا، گفتوگۆ و کۆبوونەوەی خەڵک. شیعرخوێندنەوەی نیشتمان لە حەوشەی ماڵی کەلتووریی ئاحای کۆرنۆدا، کە سەردەمێک شوێنی کۆکردنەوەی زبڵوخاشاک بوو، وێنەیەکە لەم گۆڕانکارییە. ئەم بینایە جارێکی تر بووەتەوە شوێنی شێوەگرتنی یادەوەری، هونەر و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.