خبر 2026-09-28 12:42 کاتی خوێندنەوە: 10 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

کوردانی تورکیا خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕن، بەڵام متمانەی تەواویان بە حکوومەت نییە

ڕۆژنامەی «تەلەگراف» لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا لە دیاربەکرەوە، پرۆسەی نوێی ئاشتیی نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە نزیکەی پێنج دەیە پێکدادانی چەکداری ناوزەد دەکات. ئەم ڕەوتە لە نێو کوردانی تورکیادا هیوای لەبارەی کۆتاییهاتنی توندوتیژی، گەڕانەوەی ئەندامانی خێزانەکان و گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە؛ بەڵام ئەزموونی تاڵی شکستی پرۆسەی پێشووی ئاشتی و بەردەوامیی دەستبەسەربوونی ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی کورد، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم هیوایە لەگەڵ وریایی و دڵەڕاوکێدا بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەگراف ڕاپۆرتەکەی لە گەڕەکی مێژووییی سوور لە دیاربەکرەوە دەست پێدەکات؛ ئەو ناوچەیەی لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی ساڵی ۲۰۱۵ی نێوان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و پەکەکە بووە یەکێک لە چەقە سەرەکییەکانی پێکدادان. شوێنەواری فیشەکەکان تا ئێستاش بەسەر دیوارەکانی دەوروبەری نانەواخانەیەکی داخراوەوە دەبینرێن. تورهان ڕاپسۆر، کە تەمەنی ۵۶ ساڵە و پێش دەستپێکردنی شەڕ بەڕێوەبەری ئەم نانەواخانەیە بوو، بە تەلەگرافی ڕاگەیاندووە لەو سەردەمەدا «فیشەکەکان وەک بارانی ڕەهێڵە دەبارین» و سەرەنجام ماڵ، کەلوپەل، مێژوو و یادەوەرییەکانی ژیانی لەدەست دا.

ڕاپسۆر، کە دواتر خانووەکەیشی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوکردنی ناوچەکەدا ڕووخێنرا، ئێستا لە شوقەیەکدا دەژی کە نزیکەی نیو کاتژمێر بە پاس لە شوێنی ژیانی پێشوویەوە دوورە. ئەو دەڵێت هێشتا کۆڵانە بەردڕێژکراوەکانی سوور و ماڵە کۆنەکانی بە باشی لە بیرە، بەڵام دوای شەڕ ئیتر حەز ناکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە، چونکە هێشتا دەنگی ئازاری خەڵک لە هۆشیدا ماوەتەوە.

تەلەگراف دەنووسێت ئەم جۆرە یادەوەرییانە هۆکاری سەرەکیی وریایی و دوودڵیی کوردانی تورکیایە بەرامبەر بە پرۆسەی نوێی ئاشتی. زۆرینەیان خوازیاری کۆتاییهاتنی توندوتیژین، بەڵام شکستی هەوڵی پێشوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ساڵی ۲۰۱۵، وای لێ کردوون بە وریایی و گومانەوە لە بەڵێنە سیاسییەکان بڕوانن.

سەرەڕای ئەم گومانانە، پێشهاتەکانی ئێستا لە ڕووی ڕەهەندی سیاسی و یاساییەوە لە پرۆسەی پێشوو جیاوازن. پەرلەمانی تورکیا لە مانگی ئابدا یاسایەکی پەسەند کرد کە چوارچێوەیەک بۆ چەکدانانی پەکەکە و گەڕانەوەی بەشێک لە ئەندامانی ئەو حزبە بۆ ژیانی ئاسایی فەراهەم دەکات. بەپێی ئەم یاسایە، جێبەجێکردنی سزای هەندێک لە سزادراوان ڕادەگیرێت و بەشێک لە لێکۆڵینەوە و دۆسیە دادوەرییەکانیش، بەگوێرەی جۆری تۆمەتەکە، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دوادەخرێن.

سەرەڕای ئەوەش، ئەم میکانیزمە هەموو ئەندامانی پەکەکە ناگرێتەوە. یاساکە ئەو کەسانەی بە کوشتنی ئەنقەست سزا دراون یان سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، لەم پرۆسەیە بەدەر کردووە. لەبەر ئەم هۆکارەش، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پەکەکە کە لە زینداندایە، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی ئەو حزبە لە زینداندا دەمێننەوە.

یاساکە هەروەها وادەیەکی شەش مانگی بۆ سوودوەرگرتن لەم میکانیزمانە دیاری کردووە. ئەم وادەیە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان، بە فەرمی چەکدانانی پەکەکە ڕابگەیەنێت. سیاسەتوانانی کورد هۆشدارییان داوە لە سنوورداربوونی ئەم ماوەیە، چونکە بەشێک لە هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری عێراق جێگیرن و بە دەستپێکردنی وەرزی سەرما و بارینی بەفر، کشانەوەیان لەو ناوچانە ئەستەمتر دەبێت.

تەلەگراف پرۆسەی ئێستا دەبەستێتەوە بەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۴ دەستیان پێکرد؛ کاتێک دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و هاوپەیمانی سیاسیی ئەردۆغان پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و لە ئەگەری ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا، وتارێک لەسەر کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی ئەو حزبە پێشکەش بکات.

ئەم پێشنیازە بەهۆی پێشینەی هەڵوێستەکانی دەوڵەت باخچەلی بەرامبەر بە کورد، بۆ زۆر کەس چاوەڕواننەکراو بوو؛ بەڵام دەستپێشخەرییەکە ڕێگەی بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان خۆش کرد. چوار مانگ دواتر، ئۆجەلان پەیامێکی لە زیندانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد چەکەکانیان دابنێن و پەکەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

لە تەممووزی ۲۰۲۵یشدا، پەکەکە لە باکووری عێراق ڕێوڕەسمێکی بۆ سووتاندنی چەکەکانی ساز کرد. تەلەگراف ئەم هەنگاوەی بە شێوەیەکی سەرەکی بە هێمایی، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بە گرنگ هەڵسەنگاند؛ چونکە ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە پەکەکە خۆی بۆ چوونە نێو قۆناغێکی جیاواز لە چالاکییەکانی ئامادە دەکات.

ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدا ڕووی دا کە گوشارە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە زیادی کردبوو. تەلەگراف ئاماژە بە توانای سەربازیی تورکیا و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەکات و دەنووسێت لە ساڵانی ڕابردوودا پەکەکە رووبەڕووی توانایەکی سەربازیی پێشکەوتووتری تورکیا بووەتەوە. لە ئەنجامدا، گۆڕینی ڕوانگەی پەکەکە دەکرێت لە چوارچێوەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی سیاسی، ئەمنی و هەرێمیدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ڕاپۆرتەکەی تەلەگراف پرۆسەی ئاشتیی تورکیا لە گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانابڕێت. بە وتەی جەیلان ئاکچا، پەرلەمانتاری پارتی دەم (DEM)، جەنگی غەززە، ململانێکانی دواتری ناوچەکە و گۆڕانی ئەگەریی ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێکهاتەی بەرگری و سیاسیی ناوچەکەی گۆڕیوە.

ئاکچا لەو بڕوایەدایە کە هێرشەکەی ۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳ بۆ سەر ئیسرائیل وای لە دەوڵەتانی ناوچەکە کرد جارێکی دیکە لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەکتەرە چەکدارە ناخۆجێیی و نادەوڵەتییەکان لە ناوخۆ یان دەوروبەری سنوورەکانیاندا بڕیار بدەن. بە وتەی ئەو، شەڕەکانی دواتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەم گوشارەیان زیاتر کردووە و دەوڵەتانیان ناچار کردووە چاو بە پرسە ئەمنییەکاندا بخشێننەوە.

لە هەمان چوارچێوەدا، تەلەگراف تیشک دەخاتە سەر نیگەرانییەکانی ئەنقەرە لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا و ئێران. بە نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە، بەرپرسان و شیکارانی تورکیا نیگەرانی ئەوە بوون کە گۆڕانکارییە هەرێمییەکان ببنە هۆی زیادبوونی خۆبەڕێوەبەری یان بەهێزبوونی دەسەڵاتی سیاسیی کورد، و ئەم فراوانبوونەی هەژموونەش سەرەنجام کاریگەری لەسەر کەشوهەوای سیاسی و ئەمنیی ناوخۆی تورکیا دابنێت.

جەیران ئۆزجان، توێژەری پرسی کورد لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە شیکارییەکدا کە تەلەگراف ئاماژەی پێ کردووە، دەنووسێت یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئەنقەرە ئەوە بووە کە گۆڕانکارییەکانی سووریا و ئێران دەبنە هۆی بەهێزبوونی خۆبەڕێوەبەری یان توانای دانوستانی کورد. ناوبراو هەروەها ئەگەری پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ لایەنە کوردییەکان وەک فاکتەرێک دەبینێت کە دەتوانێت هاوکێشە هەرێمییەکان و کێبڕکێی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بگۆڕێت.

لە بارودۆخێکی وەهادا، حکوومەتی تورکیا بەدوای ئەو پرۆسەیەوەیە کە ئەردۆغان پێی دەڵێت «تورکیای بێ تیرۆر». تەلەگراف دەنووسێت ئەم ڕەوتە لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، دەتوانێت لێکەوتەی ئەمنی و سیاسیی بەرفراوانی بۆ تورکیا هەبێت و تەنانەت لە هاوکێشە سیاسییەکانی ساڵی ۲۰۲۸یشدا کاریگەر بێت.

ئەردۆغان لە مانگی حوزەیراندا وتبووی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە نەک هەر بەرەی ناوخۆیی تورکیا بەهێز دەکات، بەڵکوو ئاسایشی وڵاتیش بەرز دەکاتەوە و «دەرگای نوێ» بەڕووی تورکیادا دەکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، پرسی کورد بۆ ئەردۆغان تەحەدایەکی سیاسییە. نزیکبوونەوە لە کورد و هاوکاری لەگەڵ ڕەوتە سیاسییە کوردییەکان دەکرێت بەشێک لە پێگەی ج جەماوەریی ناسیۆنالیستی دەوڵەت تووشی نیگەرانی بکات. هەر بۆیە تەلەگراف پێشنیازەکەی باخچەلی لە ساڵی ۲۰۲۴ وەک هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دەدات کە توانی لە نێوان ئەردۆغان و بەشێک لە ڕەوتی ناسیۆنالیستدا، زەمینەی پشتگیریی سیاسی بۆ پرۆسە نوێیەکە فەراهەم بکات.

لە لایەکی دیکەشەوە، زۆرێک لە کوردانیش هێشتا گومانیان لە مەبەستەکانی دەوڵەتی تورکیا هەیە. تەلەگراف دەنووسێت بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی لەو بڕوایەدان کە ئەم ڕەوتە مەرج نییە بە مانای گۆڕانی بنەڕەتی لە دیدی دەوڵەت بەرامبەر پرسی کورد بێت و ڕەنگە لێکدانەوە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەنقەرە لە دروستبوونیدا ڕۆڵی سەرەکییان بینیبێت.

سەرەڕای ئەمەش، ڕاپۆرتەکە دەری دەخات کە کۆمەڵگەی کوردیی تورکیا داخوازیی دیاریکراوی لە پرۆسەی ئاشتی هەیە. کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری، ئازادکردن یان یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ژمارەیەک لە زیندانیانی کورد، ڕەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوە بۆ ئەو هێزانەی لە چیا و دەرەوەی وڵاتن، و فەراهەمکردنی مەرجەکانی ژیانێکی ئاسایی بۆ ئەو خێزانانەی ساڵانێکی درێژە لەژێر کاریگەریی شەڕدان، لە گرنگترین داواکارییەکانن.

لە نێو ئەم پرسانەدا، بابەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین تەوەرەکانی پرۆسەی ئاشتی دەمێنێتەوە. یاسا نوێیەکە ڕێگە بۆ ئازادکردنی ئەو ناکاتەوە و بەهۆی سزای زیندانی هەتاهەتایییەوە لە زینداندا دەمێنێتەوە. ئۆزجان پێیوایە ئەگەر تورکیا بیەوێت پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەوپێش ببات، پێویستە ڕێگە بە ئۆجەلان بدات بەردەوام بێت لەسەر ڕۆڵی خۆی لە بەڕێوەبردن و ڕێبەرایەتیکردنی ئەم پرۆسەیە لە لایەنی کوردییەوە؛ چونکە بە وتەی ئەو، ئۆجەلان خاوەنی زۆرترین سەرمایەی سیاسییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە پێوەندیدارەکانی پرۆسەی ئاشتی.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتوانی دیاری کورد و یەکێک لە سەرکردە گرنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش، هێشتا لە زینداندایە. تەلەگراف ئاماژە بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەستبەسەربوونی ناوبراو دەکات و دەنووسێت کە پێگە و گرنگیی دەمیرتاش بۆ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە.

لە دیاربەکر، ئەم بابەتە تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکوو گرێدراوی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە. تەلەگراف باسی چیرۆکەکەی ڕاپسۆر دەکات کە بە یادی دەمیرتاشەوە ناوی دوو لە نەوەکانی ناوە «سەڵاحەدین». بۆ بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی، ئازادکردنی کەسایەتییە سیاسییە زیندانیکراوەکان هێشتا وەک یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان لە هەڵسەنگاندنی پرۆسەی ئاشتیدا سەیر دەکرێت.

لە پاڵ پرسە سیاسییەکاندا، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبینرێن. هەندێک لە خێزانەکان ئێستا بۆ یەکەمجار دەتوانن بە ئاشکرا باسی ئەو خزم و کەسوکارەیان بکەن کە وەک ئەندامی پەکەکە گیانیان لەدەست داوە و شیوەنیان بۆ بگێڕن. تەلەگراف ئەم گۆڕانکارییە بە نیشانەیەک لە زیادبوونی شەفافیەت لە کۆمەڵگەی تورکیادا دەزانێت؛ لەبەر ئەوەی لە قۆناغەکانی پێشوودا، ڕێوڕەسمی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی سنووردارکردن یان گوشار دەبووەوە.

سەرەڕای ئەوەش، گەڕانەوەی ئەندامانی پێشووی پەکەکە بۆ ناو کۆمەڵگە کۆمەڵێک پرسیاری قورس دروست دەکات؛ ڕوون نییە ئەم کەسانە چۆن دەچنە نێو ژیانی مەدەنییەوە، چ دەرفەتێکی کاری و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکرێت، و کۆمەڵگەی تورکیا چۆن پێشوازییان لێ دەکات. ئەم پرسە بەتایبەتی لە کاتێکدا گرنگیی هەیە کە یادەوەریی چەندین دەیە لە شەڕ هێشتا لە نێو خێزانە تورک و کوردەکاندا زیندووە.

عەبدولقادر گولەرچ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر، داوای پەسەندکردنی یاسای دیاریکراوی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕق و کینە. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە یاسای لەم شێوەیە دەبێت کورد و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە بەرامبەر جیاکاری و توندوتیژیدا بپارێزێت. بەشداریی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر لە پێشکەشکردنی پێشنیازەکان بە پەرلەمان، یەکێکە لە ئاماژەکانی زیادبوونی هاوکاریی نێوان دامەزراوە مەدەنییەکان و دەسەڵاتی سیاسی لە پرۆسەی ئێستادا.

تەلەگراف لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی کوردانی تورکیا لە دەیەکانی ڕابردوودا دەکات و بیردەخاتەوە کە زۆرێک لە نەوە کۆنەکان ئەو سەردەمەیان لە بیرە کە قسەکردن بە زمانی کوردی لە هەندێک لە ناوەندە فەرمییەکاندا قەدەغە یان سنووردار بوو، و خوێندن بە زمانی کوردیش لە قوتابخانەکاندا ڕێگەی پێ نەدەدرا. هەروەها چەندین حاڵەتی جیاکاری دژی کورد، سنووردارکردنی چالاکیی هونەرمەندانی کورد و گوشاری کۆمەڵایەتی بۆ سەر ئەو خێزانانەی ئەندامی کوردیان هەبووە، تۆمار کراوە.

لە دیاربەکر تەنانەت وەرزشیش لە لێکەوتەکانی ئەم گرژییانە بەدوور نەبووە. تەلەگراف ئاماژە بە یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر دەکات و دەنووسێت یاریزانانی ئەم تیمە و خێزانەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سووکایەتیی توند بوونەتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە هەموو کوردانی تورکیا پشتگیری لە توندوتیژی ناکەن. لە هەمان کاتدا، بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا پەکەکە بە لایەنێک دەزانن کە لە ماوەی دەیان ساڵدا توانیویەتی لە ڕێگەی گوشاری چەکدارییەوە حکوومەت ناچار بکات بەشێک لە داواکارییەکان و ئازادییەکان قبووڵ بکات. بوونی دروشمی «بژی پەکەکە» لە هەندێک شوێنی دیاربەکر ڕەنگدانەوەی ئەم ڕوانگەیەیە؛ هەرچەندە ئەم دروشمانە هەندێک جار دەسڕدرێنەوە و خۆیان دەبنە هێمایەک بۆ کەلێنە قووڵەکانی نێو کۆمەڵگە.

لە بەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان جەخت دەکەنەوە کە خوازیاری بەردەوامیی شەڕ نین. دیجلە سایگیت، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا، دەڵێت نزیکەی هیچ خێزانێک نییە کە کاریگەریی ئەم شەڕەی پێوە دیار نەبێت و هەمووان بە جۆرێک باجیان داوە.

ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان لەم پێکدادانانەدا لەدەست داوە، چالاکانە پشتگیری لە ئاشتی دەکەن. ئەوان بە بەستنی لەچکی سپی، بەردەوام داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن و جەخت لەسەر گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان لە چیا، زیندان و دەرەوەی وڵات دەکەنەوە.

لە ئاستی سیاسیشدا، داهاتووی ئەم پرۆسەیە بەندە بە پشتیوانیی کوردەوە، بەڵام تەلەگراف جەخت دەکاتەوە کە ئەمە مەرج نییە بە مانای پشتیوانیکردنی ئەوان بێت لە ئەردۆغان. پارتی دیموکراتی گەلان هێشتا وەک یەکێک لە ئەکتەرە سیاسییە سەرەکییەکانی کورد دەمێنێتەوە و جەیلان ئاکچا دەڵێت هێزە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات پێویستیان بە «ئەکتەری یەکلاکەرەوە» هەیە و کورد لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی لەو شێوەیەی گێڕاوە.

هاوکات، هەندێک لە کوردەکان بە تەواوی متمانەیان بە پێکهاتە سیاسییەکە نەماوە. ساڵانێکی زۆر لە بەڵێنی بێکردار بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی نەک تەنیا بە گومانەوە لە دەوڵەت بڕوانن، بەڵکوو تەنانەت متمانەیان بە حزبە سیاسییە کوردییەکانیش کەم بێتەوە.

ڕاپسۆر، وەک یەکێک لە شاهیدە ڕاستەوخۆکانی توندوتیژییەکانی ڕابردوو، دەڵێت تەنانەت ئەگەر پرۆسەی ئاشتیش بەردەوام بێت، ئامادە نییە دەنگ بە ئەردۆغان بدات و هەر پشتگیری لە پارتی دیموکراتی گەلان دەکات. ئەم هەڵوێستە دەریدەخات کە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری مەرج نییە ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی گۆڕینی هەڵبژاردە سیاسییەکانی کورد.

تەلەگراف لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا تابلۆیەک لە دیاربەکر دەخاتە ڕوو کە تێیدا هەم ئاسەواری شەڕی ڕابردوو و هەم نیشانەکانی هیوا بۆ داهاتوو دەبینرێن. لەسەر یەکێک لە دەروازە مێژووییەکانی شارەکە، وێنەیەکی ئەردۆغان بە دەستێک لەسەر دڵییەوە دانراوە و دەستەواژەی کوردیی «گەلەک سپاس»ی لەسەر نووسراوە؛ وێنەیەک کە گوزارشتە لە هەوڵی دەوڵەت بۆ نیشاندانی پرۆسەی ئاشتی وەک دەستکەوتێکی سیاسی.

بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگەدا، نیگەرانی لەبارەی شکستهێنانی دووبارەی ئەم پرۆسەیە هێشتا زۆر جدییە. ڕاپسۆر دەڵێت تەنانەت ناتوانێت بیری لێ بکاتەوە ئەگەر ئەمجارەش خەڵک بێ هیوا بن چی ڕوو دەدات. بە وتەی ئەو، دوای دەیان ساڵ شەڕ و ئاوارەیی، ئامانجی سەرەکی دەبێت هەر کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و چەسپاندنی ئاشتی بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.