خبر 2026-09-28 09:30 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

لاڤرۆڤ: ڕووسیا هەرگیز پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کورد نەپچڕاندووە

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مۆسکۆ هەرگیز پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کورد نەپچڕاندووە و وتی: ڕووسیا لە نیوەی دووەمی دەیەی ۲۰۱۰دا لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی سووریا و ناوچەی ئیدلب گەیشتبووە ڕێککەوتنگەلێک، بەڵام هەموو ئەو ڕێککەوتنانە بەو شێوەیەی لەسەری ڕێککەوتبوون جێبەجێ نەکران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێرگی لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە بوونی ڕێککەوتنێکی دیاریکراو لە نێوان ڕووسیا و تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی ساڵی ۲۰۱۸ لە عەفرین، ڕەوتی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق و هەوڵی ئەگەریی مۆسکۆ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردان گوتی ڕووسیا لەو سەردەمەدا لەگەڵ «هاوبەشە تورکەکانی» خۆیدا لە دانوستان و ڕێککەوتنی جۆراوجۆردا بووە.

سەبارەت بە ئەگەری بوونی ڕێککەوتنێک بۆ ئۆپراسیۆنی تورکیا لە عەفرین، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو بابەتەی پشتڕاست یان ڕەت نەکردەوە و گوتی بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ڕووسیا و تورکیا سەبارەت بە سنووری سووریا و ناوچەی ئیدلب بە تەواوی جێبەجێ نەکراون. بەم حاڵەشەوە، لاڤرۆڤ تورکیای هێشتا وەک «هاوبەشێکی جێی بڕوا»ی ڕووسیا وەسف کرد و گوتی مۆسکۆ سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەنجامدراوەکان لەگەڵ لایەنی تورک «گومانی جدی» نییە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ کوردەکانیش گوتی: «ئێمە هەرگیز پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ کورد نەپچڕاندووە» و ئەم بابەتە هەموو کوردێک دەگرێتەوە.

لاڤرۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ڕووسیا بۆ ڕەوتی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق، هەڵوێستێکی دیاریکراوی پێشکەش نەکرد. هەروەها پشتڕاستی یان ڕەتی نەکردەوە کە مۆسکۆ لە هەوڵدا بێت بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ کوردان لە وڵاتانی تردا.

ناووبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا هیوای خواست ئەو ڕێککەوتنانەی ئێستا بە هەوڵێکی زۆرەوە سەبارەت بە فەلەستین و گەرووی هورمز دانوستانیان لەسەر دەکرێت، تووشی چارەنووسی ڕێککەوتنەکانی پەیوەندیدار بە ئۆکراینا نەبن؛ ئەو ڕێککەوتنانەی بە وتەی لاڤرۆڤ لە درێژەی ۱۲ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن «هاوبەشە ڕۆژئاوایییەکان»ەوە پێشێل کراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.