خبر 2026-09-22 13:39 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەردەوامن

کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەردەوامن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەرمان تۆپچو کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە رێوڕەسمێکدا لە کفری، دوای ئەوەی دەزگای روانگە قوتابخانە و باخچەیەکی ساوایانی نۆژەنکردەوە (ئەو قوتابخانەیە، تاکە قوتابخانەیە لە سنووری گەرمیان، خوێندن تێیدا تورکمانییە) ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەک تورکیا کار بۆ ئەوە دەکەین هەموو گەلان لەناو ئارامی، ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بژین. لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانمان لەم پێناوەدا کار دەکەین".

کۆنسووڵی گشتیی تورکیا باسی لە سەردانەکەی و بەشداریی شاندی وڵاتەکەی کرد و وتی: "لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە دیارەکانمان لە هەولێرەوە هاتینە ئێرە. نوێنەری وەقفی مەعاریفی تورکیا لە عێراق کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی سیستمی پەروەردەی تورکی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانیمان لە نێوانماندان و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەکان و کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەدەن".

ئەرمان تۆپچو جەختی لە گرنگیی بەها پەروەردەیییەکان کردەوە و رایگەیاند: "هیوای ساڵێکی پر لە سەرکەوتن بۆ ئەو منداڵانە دەخوازم کە لەم قوتابخانەیەدا دەخوێنن، هەروەها بۆ کەسوکار و مامۆستایانیان. ئومێدەوارم لەگەڵ ئەو پەروەردەیەی وەریدەگرن، لە کاتێکدا ناسنامە و کولتووری خۆیان دەپارێزن، ببنە گەنجێک بەرگری لە بەها گەردوونییەکانیش بکەن و بۆ داهاتووی وڵات و ناوچەکەیان کار بکەن".

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.