گفتوگۆی چڕ و جددی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بەردەوامە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی وت "کۆبوونەوەکان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوامن و بە دوور لە چاوی میدیاکانیش بەردەوام دەبن، بۆ کاراکرانەوەی پەرلەمانی کوردستان و چوونە پێشەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان".
ئەو جەختی کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەو کۆبوونەوانە و ئەو ئەنجامانەی کە لێیان دەردەچێت، "پەیوەستە".
دەربارەی کابینەی وەزارەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیش، وتەبێژی پارتی پێشبینیکرد کە ئەم پرۆسەیە دوای سەردانی چاوەڕوانکراوی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواو بکرێت.
پەیوەست بە پرۆسەی چەکدانانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانیش، مەحموود محەمەد ڕوونیکردەوە "دەستووری عێراق بابەتی کۆکردنەوەی چەک و ئەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، یەکلایی کردووەتەوە. ئێمە پشتگیری لە جێبەجێکردنی دەستوور بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دەکەین".
هەروەها جەختی کردەوە کە بە تەواوی ڕەتیدەکەنەوە خاکی عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران