بکوژانی سیپان حوزنی دەبێت سزا بدرێن/ خوێندن بە زمانی دایک مافی قوتابییانە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەکرەم ئەلمەحشوش، ڕاوێژکاری هۆزی ئەلجبور لە گفتوگۆیەکدا دەربارەی ڕووداوی کوژرانی سیپان حوزنی و داواکاریی خەڵکی کورد بۆ خوێندن بە زمانی دایک، ڕایگەیاند کە دەبێت بکوژانی ئەم تاوانە بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن. ناوبراو هەروەها جەختی کردەوە کە خێزانی سیپان حوزنی بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانەوە ڕێگرییان لەوە کردووە ئەم ڕووداوە بێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان کورد و عەرەبدا.
ئەکرەم ئەلمەحشوش لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار دەربارەی ڕووداوی کوژرانی سیپان حوزنی گوتی: «بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا سیپان حوزنی کوژرا و ئەم تاوانەیان بە ناونیشانی تۆڵەسەندنەوە وەسف کرد، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن پرسی تۆڵەسەندنەوە بابەتێکە لە نێوان هۆز و تایفەکاندا، نەک لە نێوان بەرپرسان و کەسانی مەدەنی.»
سەرباری ئەمەش گوتی: «ئەگەر بمانەوێت باس لە تۆڵەسەندنەوە بکەین، هۆزەکەی ئێمەش نزیکەی ۱۵ هەزار بابەتی لەم جۆرەی لە ناوچەکەدا هەبووە، بەڵام لەم ڕووداوەدا هەوڵ درا لە نێوان کۆمەڵگەی کورد و عەرەبدا ئاژاوە بنرێتەوە. گرووپێک بە ناوی هۆز و تۆڵەسەندنەوەوە ئەم کارەیان ئەنجام دا.»
ڕاوێژکاری هۆزی ئەلجبور بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی خێزانی سیپان حوزنی ڕایگەیاند: «هەڵوێستی خێزانی سیپان حوزنی شایەنی ڕێز و پێزانین بوو. ئەوان بە بەرپەرسیاری و هۆشیارییەوە ڕووبەڕووی ئەم ڕووداوە بوونەوە، نەیانویست ئاژاوە دروست ببێت و ڕایانگەیاند کە کوژرانی ڕۆڵەکەیان نابیێت بێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا.»
ئەلمەحشوش هەروەها دەربارەی ڕۆڵی هۆزەکان لە دۆزینەوەی بکوژانی ئەم ڕووداوە گوتی: «لە بوارە ئاسایشییەکەدا هاوکاری لەگەڵ هۆزەکاندا هەیە تا دیاری بکرێت کە چ کەسانێک دەستیان لە کوشتنی سیپان حوزنییدا هەبووە. لە ڕۆژانی داهاتوودا ناوی ئەو گرووپەی دەستیان لەم کوشتنەدا هەبووە ڕادەگەیەنرێت و ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ڕووداوە چۆن ڕووی داوە و چ کەسانێک لە پشتییەوە بوون.»
ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ڕووداوە ئاسایشییەکان لە ناوچەکە و دەستەوەستانیی حکومەتی کاتیی سوریا لە ڕێگریگرتن لێیان، گوتی: «هیچ توانایەک لە حکومەتدا نییە کە بتوانێت بپارێزێت لە ناوچەکە.»
ئەلمەحشوش لە کۆتاییی قسەکانیدا دەربارەی داواکاریی خەڵکی کورد بۆ خوێندن بە زمانی کوردی گوتی: «مافی قوتابییانە کە بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن. بەتایبەت خەڵکی کورد لەم ناوچەیەدا شەهیدی زۆریان داوە و فیداکاریی زۆریان کردووە. خوێندن بە زمانی دایک مافی بێئەملاوئەولای قوتابییانە.»
بۆچوونی بەکارهێنەران