خبر 2026-09-21 14:18 کاتی خوێندنەوە: 6 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئایا دەسکەوتی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانی سووریا چووە مێژووەوە؟

هەڵوەشاندنەوەی ڕەسمیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کۆتایی بە پێکهاتەی سیاسی و سەربازیی پێشووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هێناوە، بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر خوێندنی زمانی کوردی، مافە فەرهەنگییەکان، ئاسایش و ڕۆڵی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا وەک خۆیان ماونەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی پێشوو، کەوتوونەتە قۆناغێکی نادیارەوە. ئێستا پرۆسەی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی ناوچەکە لەژێر چەتری دەوڵەتی دیمەشقدا جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ناکۆکی لەسەر پێگەی کورد، ڕۆڵی ژنان لە هێزە ئەمنییەکاندا، خوێندنی زمانی کوردی و شێوازی سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (Drop Site News)دا هاتووە: ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەسەدە لە ۲۵ی ئابدا و دوای زیاتر لە ساڵێک لە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، بە ڕەسمی هەڵوەشێنرانەوە. دانوستانەکان دوای ئەوە گەیشتنە قۆناغی بڕیاردان کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی حکوومەت لە کانوونی دووەمدا، هەسەدەی ناچار کرد ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتدا پەسەند بکات.

سەرەڕای کۆتاییهاتنی ڕەسمیی پێکهاتەکانی پێشوو، بارودۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتا جێگیر نەبووە. زۆربەی ئەو کوردانەی قسەیان بۆ ئەو ماڵپەڕە کردووە، سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ژێر سایەی دەسەڵاتی دیمەشق نیدەربرینی نیگەرانی و نادڵنیاییان کردووە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەراوێزخستن و جیاکارییەی کە بە دەیان ساڵ لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بەسەریاندا سەپێندرابوو.

لەم بوارەدا لە قامیشلۆ، ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان لە شەڕی دژ بە داعشدا لەدەستداوە، ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بوونەتەوە کە دەستکەوتی ئەم هەموو ساڵە چی بوو؟ نیشتەجێیەکی ناوچەکە کە کوڕەکەی لە ساڵی ۲۰۱۷دا لە شەڕی کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر دژ بە داعش شەهید بوو، بە پەیامنێری ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەی «بۆ ڕۆژئاوا» گیانی بەخشیوە، بەڵام ئێستا پرسیاری ئەوە دەکات کە سەرئەنجامی ئەم قوربانییدانانە بە کوێ گەیشت؟

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوەدا، هێزەکانی هەسەدە ئێستا لەژێر ئاڵای دەوڵەتی سووریادا کار دەکەن و بڕیارە ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانیشیان لە پێکهاتەی نوێی حکوومەتدا بەرپرسیارێتی وەربگرن. لەم بارەیەوە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، وەک ڕاوێژکاری تایبەتی ئەحمەد ئەلشەرع دەستنیشان کراوە.

بەلام دۆخی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) هێشتا نادیارە. وەزارەتی بەرگریی سووریا ئامادە نییە هێزی ژنان لە پێکهاتە سەربازییەکەی خۆیدا وەربگرێت، ئەمەش داهاتووی سەدان یان هەزاران شەڕڤانی ژنی خستووەتە تەمومژەوە.

مستەفا عەبدی، ئەندامی باڵای تیمی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بە «دراپ سایت نیوز»ی ڕاگەیاندووە کە یاسای سووریا ڕێگە بە ژنان دەدات لە کار و پیشە جیاوازەکاندا کار بکەن، بەڵام ئامادەیییان وەک هێزی شەڕکەر لەناو سوپادا پێشبینی نەکراوە و بڕیار نییە هیچ بەشێکی سەربازیی ژنان لە سوپای سووریادا هەبێت.

ئەم هەڵوێستە داهاتووی یەپەژەی ڕووبەڕووی ئاڵۆزی کردووە. وتەبێژی ئەم هێزانە ڕایگەیاندووە دوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، سەرکردەکانی یەپەژە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کۆبووبوونەوە تا تاوتوێی ئەگەری تێکەڵبوونیان وەک هێزێکی تایبەت و ڕێکخراو بکەن، بەڵام هێشتا هیچ کاتێک بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان دیاری نەکراوە.

پرسی ئاسایشیش یەکێکی ترە لە نیگەرانییە سەرەکییەکان. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوای ڕفاندن و کوژرانی سیپان هزنی (یەکێک لە هێزە کوردییەکان کە بەم دواییانە چووبووە ناو هێزەکانی دەوڵەت)، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی ناوچەکەی گرتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە سەرەنجام بوونە هۆی شەڕ و ئاگرکەوتنەوە لە بەندیخانەیەکی کۆبانێ کە تێیدا حەوت زیندانی گیانیان لەدەستدا.

هاوکات، بڕیاری حکوومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سۆبشیدی سووتەمەنی (کە لە سەردەمی هەسەدەدا هەبوو)، گوشاری ئابووریی سەر دانیشتووانی حەسەکەی زیاتر کردووە. هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبا و سووتەمەنی، ژیانی ڕۆژانەیانی سەختتر کردووە.

پرسی ئاوارەکان و خاوەندارێتیی زەوی و خانووبەرەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی. ژمارەیەک لەو کوردانەی دوای ساڵانێک لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە سەرێ کانی، بینیویانە کە ماڵ و موڵکەکانیان لەلایەن کەسانی ترەوە دەستی بەسەردا گیراوە. یەکێک لەوانە ڕایگەیاندووە کە دوای گەڕانەوەی ماڵ و دوکانەکەی لە دەستی کەسانی تردا بووە و لە کاتی هێرشی کۆمەڵێک چەکداردا بۆ سەر گەڕاوەکان، خێزانەکەی زیانیان بەرکەوتووە.

جێگری پارێزگاری حەسەکە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەم هێرشانەی شەرمەزار کردووە و جێگری سەرۆکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەش دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە تاوانبارانی ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەم هەڵوێستە نەبووە هۆی هێوربوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و لە ئاڵۆزییەکانی حەسەکەدا، خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای ئاسایشی ناوخۆ و ئاڵا نوێیەکەی سووریایان سووتاند. ڕۆژی دواتریش بارەگایەکی هێزەکانی پێشووی هەسەدە کە چووبوونە ناو هێزەکانی دەوڵەت هێرشی کرایە سەر و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێ کەسی تر بریندار بوون.

سەرڕای بابەتە ئەمنییەکان، زمانی کوردی یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە. جیهان سەعید حسام، سەرۆکی نوێی شارەوانیی قامیشلۆ کە پێشتر لە دانوستانەکاندا نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکرد، دوای دەستبەکاربوونی ڕووبەڕووی خۆپێشاندانی سەدان منداڵ و گەنج بووەوە کە دژی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا هاتبوونە شەقام.

خۆپێشاندەران داوای پاراستنی زمانی کوردی و بەڕەسمیناسینی بوون لە دەستووری داهاتووی سووریادا. جیهان سەعیدیش بەڵێنی پێدان کە نیگەرانییەکانیان دەگەیەنێتە دیمەشق.

ئیلهام ئەحمەد، کە پێشتر هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بوو و بڕیارە بێتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا و کۆمیتەی دەستووری، نیگەرانیی خۆی لە پرۆسەی دانوستانەکان دەربڕیوە. ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەت هەندێک بابەت بە جدی وەرناگرێت و ڕێکارەکانی ئێستاشی بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بەس نین.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی، شێوازی خوێندنی زمانی کوردییە. بەپێی ڕێککەوتنی ئێستا، بڕیارە زمانی کوردی لە ساڵی خوێندنی داهاتوودا هەفتەی سێ کاتژمێر لە قوتابخانەکاندا بگوترێتەوە، هەروەها کاتژمێرێکیش بۆ جوگرافیا، مێژوو یان فەلسەفە بە زمانی کوردی تەرخان بکرێت. ئەم ڕێکخستنە وەک ڕێکارێکی کاتی سەیر دەکرێت و هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێگەی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا نەکراوە.

سەدان منداڵ لە قامیشلۆ ڕژانە شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بەرنامەی حکوومەت بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمی پەروەردەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ سەر زمانی عەرەبی. هەندێک لە خوێندکارانیش نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە کەمبوونەوەی دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایک و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر داهاتوویان.

مستەفا عەبدی دانی بەوەدا ناوە کە سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بۆ ناوچە کوردییەکان بەس نییە، بەڵام وەک هەنگاوی یەکەم لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە سەیر دەکرێت. بە وتەی ئەو، بڕیارە نزیکەی ۱۴۰۰ قوتابخانە زمانی کوردی بڵێنەوە و حکوومەت هیوادارە ساڵی داهاتوو ئەم ژمارەیە زیاتر بێت.

لەلایەکی ترەوە، مزگێن حەسەن، مامۆستای زمانی کوردی لە زانکۆی ڕۆژئاوا، ئەم سیاسەتانە وەک پاشەکشێ و سڕینەوەی ئەو گۆڕانکارییە فەرهەنگی و زمانییانە دەبینێت کە لە دەیەی ڕابردوودا بەدەستهاتوون. ئەو پێی وایە ناسنامەی کورد بە بەستراوەیی لەگەڵ زمانەکەیدایە و سنووردارکردنی خوێندنی کوردی زیان بەم ناسنامەیە دەگەیەنێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، زانکۆی ڕۆژئاوا کە لە ساڵی ۲۰۱۶دا وەک زانکۆیەکی کوردیناوەند دامەزرا و بەم دواییانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا لەلایەن دەوڵەتەوە دانی پێدا نەنرا، بڕیارە زمانەکەی بۆ عەرەبی بگۆڕدرێت؛ بابەتێک کە وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا وەڵامی داواکارییەکانی بۆ ڕوونکردنەوە نەداوەتەوە.

لە بەرامبەردا، دەوڵەتی سووریا بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی کورد ئاماژەی بە بڕیارێک کردووە؛ لە کانوونی دووەمدا ئەحمەد ئەلشەرع بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی زمانی کوردی وەک «زمانی نیشتمانی» ناساند و فەرمانی سەرژمێرییە بەناوبانگەکەی ساڵی ۱۹۶۲ی هەڵوەشاندەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کورد ڕەگەزنامەیان لەدەستدابوو. بەڵام ئەم بڕیارە زمانی کوردی نەکردووەتە «زمانی ڕەسمی»ی وڵاتەکە و دەستووری نوێی سووریا هێشتا نەنووسراوەتەوە.

لە کۆتاییدا، ئەگەرچی پێکهاتە سیاسی و سەربازییەکانی پێشووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ڕەسمی هەڵوەشێنراونەتەوە، بەڵام شوێنەواری ئەم گۆڕانکارییانە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ناوچەکەدا دیار نییە. بەپێی «دراپ سایت نیوز»، لە هەندێک ناوچە ئەو کەسانەی لە بازگەکاندا وەستاون هەر هەمان هێزەکانی پێشوون، ئەگەرچی بەشێکیان جلوبەرگی سەربازیی دەوڵەتی سووریایان پۆشیوە. لە بینا حکوومییەکاندا ئاڵای سووریا هەڵکراوە، بەڵام لە شەقامەکاندا هێشتا ئاڵاکانی پێشوو و وێنەی شەهیدان دەبینرێن.

لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تەنیا بە گۆڕینی ئاڵا و یونیفۆرمەکان دیاری ناکرێت؛ دوای ۱۵ ساڵ لە بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتی خۆجێییەوە، ئێستا داوا لە کورد دەکرێت بڕوا بە حکوومەتێکی ناوەندی بکات. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەندە بە دروستکردنی ئەم متمانەیە و دەستەبەرکردنی پێگە، زمان و مافەکانی کورد لە پێکهاتەی نوێی سووریادا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.