ئاڵەنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم کورد دوای هەڵوەشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڵوەشانەوەی هێزەکانی دیموکراتی سووریا لە ۲۵ی ئابی ۲۰۲۶دا، خاڵی کۆتایی دانا لەسەر پێکهاتەیەکی سەربازی کە لە ماوەی ۱۴ ساڵی ڕابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی کوردان بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا؛ بەبوونی ئەمەش، گونجاندنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکانی ئەم ناوچەیە لە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریادا هێشتا بە کۆتا نەگەیشتووە و داهاتووی مافەکانی کوردان بەردەوام لەگەڵ تەمومژێکی گرنگ ڕووبەڕووە.
لە سەر بنەمای شیکاریی «نیو عەرەب» بەنووسینی سیان وارد، هەڵوەشانەوەی هێزەکانی دیموکراتی سووریا دوای ڕێککەوتنی ئەم هێزانە لەگەڵ دەوڵەتی دیمەشق و چوونەپێشەوەی ڕەوتی گونجاندندا ڕووی داوە. مەزڵووم عەبدی (کۆبانێ)، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دیموکراتی سووریا، بڕیارە وەک ڕاوێژکاری تایبەتی ئەحمەد ئهلشەرع، سەرۆککۆماری سووریا دەستبەکار بێت و ژمارەیەک لە ڕابەرانی باڵای ئەم هێزانەش لە پێکهاتە دەوڵەتییەکاندا بەرپرسیارێتی وەئەستۆ بگرن. سیپان حەمۆ، فەرماندەی پێشووی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، پێشتر وەک جێگری وەزیری بەرگری لە ناوچەی ڕۆژهەڵات دەستنیشان کراوە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە ئەگەری ئامادەیی ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئیدارەی مەدەنیی هێزەکانی دیموکراتی سووریا لە پەرلەماندا دەکەن.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشانەوە، بڕێک لە شارەزایان لەو باوەڕەدان ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لەوەی بە مانای کۆتاییهاتنی خێرای پێکهاتە ئامادەکان بێت، هەنگاوێکی هێمادارە. ئەلێکساندەر مەکیوەر، توێژەر و نووسەری هەواڵنامەی «ئەم هەفتەیە لە باکووری سووریا»، دەڵێت پێکهاتە سەربازی و مەدەنییەکانی هێزەکانی دیموکراتی سووریا بەردەوام لە مەیداندا چالاکی دەکەن و لە پاڵ دامەزراوە دەوڵەتییەکان کە هاوكات لە حاڵی بەربڵاوکردنی ئامادەیی خۆیاندام، بە ڕەوتی گونجاندن بەردەوامی دەدەن.
یەکێک لە گرنگترین بابەتە چارەسەرنەکراوەکان، چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژنانە (یەپەژە). مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاندبوو کە هێزە سەربازییەکانی هێزەکانی دیموکراتی سووریا بە تەواوەتی لە وەزارەتی بەرگریدا گونجێندراون، بەڵام یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەم ڕەوتەدا دانەنران. ئەم هێزە کە هێزێکی سەربازیی بە تەواوەتی ژنانەیە، بە وتەی مەکیوەر، لەگەڵ نەیاریی دەوڵەتی سووریا بۆ پەیوەستبوون بە وەزارەتی بەرگری ڕووبەڕوو بووەتەوە.
دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی دیموکراتی سووریا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان ڕایانگەیاند کە لە دیدار لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریادا، ئەگەری گونجاندنی ئەم هێزە وەک هێزێکی ڕێکخراو و سەربەخۆ لەم وەزارەتەدا خرایە بەر باس. پێشتریش ڕاپۆرتگەلێک دەربارەی پێشنیاری پێکهێنانی یەکەیەکی دژەتیرۆر لە وەزارەتی بەرگریدا بۆ ئەم هێزە بڵاو ببووەوە، بەڵام وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ئەم ڕاپۆرتانەی ڕەت کردبووەوە.
موعێز عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی ACLED، لەو باوەڕەدایە ئەوەی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی دیموکراتی سووریا پێش چارەسەرکردنی پرسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان ڕاگەیەندرا، نیشانیدەری هاوسەنگیی دەسەڵاتە لە دانوستانەکاندا و توانستی زیاتری دیمەشقە بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. ئەو هەڕەشەی داوە کە وەدەرنانی بەشێک لە هێزە پەروەردەکراوەکان دەتوانێت لە داهاتوودا مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دەوڵەتدا، بە شێوازی ڕێکخراو یان تاكەکەسی زیاتر بکاتەوە.
لە پاڵ پرسی ئاسایشدا، داهاتووی زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا یەکێکی تر لە ئاڵەنگارییە سەرەکییەکانە. زۆرێک لە کوردەکان نیگەرانی گەڕانەوەی بارودۆخێکن کە پێش ساڵی ۲۰۱۲ و لە قۆناغی دەسەڵاتداریی بەشار ئەسەددا بوونی هەبوو؛ قۆناغێک کە بە وتەی مەکیوەر، ناسنامەی کوردی وەک بەشێکی ڕەوا لە ناسنامەی سووریایی بەفەرمی نەدەناسرا و پەروەردە بە زمانی کوردی و دەربڕینی کلتووریی کوردی قەدەغە بوو.
ئەحمەد ئهلشەرع لە کانوونی دووەمدا، دوای ئۆپۆراسیۆنی دەوڵەت دژی هێزەکانی دیموکراتی سووریا، ڕایگەیاند کە زمانی کوردی وەک «زمانی نیشتمانی» بەفەرمی دەناسرێت. بەبوونی ئەمەش، ئەم بڕیارە بە مانای بوونی زمانی کوردی بە زمانی فەرمیی سووریا نایەت. سووریا بەردەوام دەستوورێکی تەواوەتی نییە و دۆخی یاسایی زمانی کوردی ڕەنگە لە ڕەوتی داڕشتنی دەستووری داهاتوودا ڕوون ببێتەوە.
لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی گونجاندن، قۆناغێکی گواستنەوەی یەکساڵە لەبەرچاو گیراوە کە لە میانیدا پەروەردە بە زمانی کوردی سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا بەردەوام دەبێت و کاتژمێرێکیش بۆ وانە ئارەزوومەندەکانی وەک مێژووی ژنان، کۆمەڵناسی یان فەلسەفە تەرخان دەکرێت. بەڵام دۆخی پەروەردە بە زمانی کوردی دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغە هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە. ئەم بابەتە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە لە ۱۴ ساڵی ڕابردوودا زمانی کوردی زمانی سەرەکیی پەروەردە بووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی دیموکراتی سووریادا و جیاوازیی سەرەکیی نێوان دیمەشق و ئەم هێزانە ئێستا لەسەر ئەوەیە کە ئایا بەرنامەی پەروەردەی داهاتوو بە تەواوەتی بۆ سەر زمانی کوردی وەردەگێڕدرێت یان نا.
گۆڕانکارییەکانی سووریا هەروەها لەگەڵ ڕەوتی ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە. نیو عەرەب لەو باوەڕەدایە هەڵوەشانەوەی هێزەکانی دیموکراتی سووریا بێ بوونی ڕەوتێکی تەریب لە گفتوگۆ لە نێوان ئەنکەرە و پەکەکەدا زۆر سەختتر دەبوو. تورکیا هێزەکانی دیموکراتی سووریا بە لقی سووریایی پەکەکە دەزانێت و لەم ڕووەوە، بە بڕوای موعێز عەبدوڵڵا، تورکیا یەکێک لە سەرەکیترین سەرکەوتووانی گۆڕانکارییەکانی دواییە.
هنری بارکی، توێژەری باڵای ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا، لە هەمان کاتدا لەو باوەڕەدایە گۆڕانکارییەکانی سووریا دەتوانێت بۆ کوردانی تورکیاش گرنگیی هەبێت. بە وتەی ئەو، ڕێککەوتنی دیمەشق و هێزەکانی دیموکراتی سووریا لە بواری مافەکانی کوردان بۆ پاراستنی زمانی کوردی، ئەگەرچی لە ڕوانگەی کوردانی سووریاوە بەرتەسککەرەوەیە، بەڵام بەردەوام بارودۆخێکی باشتر لە دۆخی ئێستای کوردانی تورکیا دەستەبەر دەکات و دەکرێت کوردانی تورکیا هان بدات بۆ بەکارهێنانی ئەزموونی سووریا وەک نموونەیەک بۆ داواکارییەکانی خۆیان لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئەنکەرەدا.
لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا گونجاندن لەگەڵ ئاستەنگی جدی ڕووبەڕووە. دەوڵەتی سووریا لە لایەکەوە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتدا بچەسپێنێت و لە لایەکی ترەوە، نیگەرانی و بێمتمانەیی کوردان بەرامبەر دەوڵەتی نوێ کەم بکاتەوە. بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی بەرامبەر ڕابردووی ئیسلامگەڕانەی دەوڵەت و پێشینەی توندوتیژی دژی کەمینەکان، لەوانە عەلەوییەکان و دروزەکان، ڕەشبینە. لە بەرامبەردا، بەشێک لە کۆمەڵگە عەرەبەکانی ناوچەکەش بەرامبەر هێزەکانی دیموکراتی سووریا و ڕابەرایەتییەکەی ڕەشبینن و لەو باوەڕەدان ئەم هێزانە، سەرەڕای جەختکردنەوەی فەرمی لەسەر فرەیی بەڕەگەزی، پێکهاتەیەکیان دروست کرد کە دەسەڵاتی بە زێدەڕۆیی دەدا بە کۆمەڵگە کوردییەکان.
بە بڕوای مەکیوەر، یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکانی قۆناغی نوێ، دووبارە ڕێکخستنەوەی بەستەری کۆمەڵایەتییە لە نێوان کۆمەڵگەیەکدا کە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا تا ڕادەیەکی زۆر جیا لە یەکتر ژیاون. گەڕانەوەی کوردە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی بە زۆرینەی دانیشتووانی عەرەب و گەڕانەوەی عەرەبە ئاوارەکان بۆ ناوچە کوردنشینەکان دەتوانێت زەمینەساز بۆ ئاڵۆزیی نوێ بێت. لە ئابدا، هێرش بۆ سەر کاروانێک لە کوردە ئاوارەکان کە لە حاڵی گەڕانەوەدا بوون بۆ سەرێ کانی، بووە هۆی ڕۆژێک لە نائارامی لە حەسەکە و قامیشلۆدا. ڕۆژێک دواتریش هێرشی کەسانی نەناسراو بۆ سەر بنکەیەکی ئاسایشی کە هێزەکانی پێشووی هێزەکانی دیموکراتی سووریا و تازەگونجێندراوەکان لە وەزارەتی بەرگریدا تێیدا نیشتەجێ بوون، سێ کوژراو و چەند برینداری لێ کەوتەوە.
موعێز عەبدوڵڵا، لەم ناوەندەدا، مەترسیی سەرەکی بە سیاسیبوونی ڕەوتی گونجاندن دەزانێت؛ بەم مانایەی کە کوردەکان لە کرداردا نەچنە ناو کۆمەڵگەی سیاسیی نیشتمانیی سووریاوە و بەردەوام زیاتر لەوەی خۆیان بە سووریایی بزانن، ناسنامەی کوردیی خۆیان بکەنە بنەما. لەم ڕوانگەیەوە، دەستنیشانکردنی ڕابەرانی باڵای هێزەکانی دیموکراتی سووریا لە پێکهاتەی دەوڵەتدا دەکرێت بە ئامانجی گێڕانی ڕۆڵی نێوانگیر لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی کوردیدا ئەنجام درابێت؛ چونکە ئەم ڕابەرانە بەردەوام لە نێوان بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەهرەمەند لە کاریگەری و پشتیوانین.
وێڕای ئەمەش، ڕەوتی گونجاندن بەردەوام لە ئارادایە و هەڵوەشانەوەی فەرمیی هێزەکانی دیموکراتی سووریا بڕێک لە گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی خێراتر کردووە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی دەوڵەتی سووریا کە پێشتر زیاتر لە سنووری چەند ناوەندێکی دەوڵەتیدا نیشتەجێ بوون، ئامادەیی خۆیان لە ژمارەیەک لە گەڕەکە عەرەبنشینەکانی شارۆچکەی حەسەکەدا زیاتر کردووە. هاوکات، بڕێک لە یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆی هێزەکانی دیموکراتی سووریاش چوونەتە ناو ڕەوتی گونجاندنەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا دەورییەکانی ئاسایشی خۆیان لە ژێر ئاڵای سووریادا ئەنجام بدەن.
لە سەرجەمدا، شیکاریی نیو عەرەب نیشان دەدات کە هەڵوەشانەوەی هێزەکانی دیموکراتی سووریا نابیێت بە کۆتایی پرسی کوردانی سووریا لەقەڵەم بدرێت. ئەم گۆڕانکارییە زیاتر کۆتایی پێکهاتەیەکی سەربازی و سیاسیی ۱۴ ساڵەیە و دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا ململانێ لە پرسی دەسەڵاتی سەر خاكەوە بۆ بابەتەکانی وەک مافە زمانییەکان، پێگەی هێزە کوردییەکان لە پێکهاتەی ئاسایشدا، بەشداریی سیاسی و دووبارە دروستکردنەوەی متمانەی نێوان کورد و عەرەبەکان گواستراوەتەوە. هاوکات، سەرکەوتنی دیمەشق لە گونجاندنی باکووری ڕۆژهەڵات دەتوانێت دەرفەت بداتە دەوڵەتی سووریا تا سەرنجی خۆی بپەرژێنێتە سەر ناوچەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی تەواوەتیی دەوڵەت، بە تایبەتی سووەیدا.
لە ڕوانگەی ئاواوە، ئاڵەنگاریی سەرەکیی قۆناغی دوای هێزەکانی دیموکراتی سووریا نەک تەنیا گونجاندنی هێزە سەربازییەکان، بەڵکوو گۆڕینی ڕێککەوتنێکی ئاسایشییە بۆ ڕێکخستنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بتوانێت کوردەکان لە پێکهاتەی نیشتمانیی سووریادا بگونجێنێت، بێ ئەوەی مافە زمانی و کلتوورییەکانیان لەناو بچێت و بێ ئەوەی جیاوازییە بەڕەگەزی و ئاسایشییە ئامادەکان ببنە سەرچاوەیەک بۆ پێکدادانی نوێ.
بۆچوونی بەکارهێنەران