گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سنە لە دووی ڕەزبەرەوە دەستپێدەکاتەوە
پاش ڕاوەستانی گەشتەکان بەهۆی شەڕ و زیانگەیشتن بە هێڵی نیشتنەوەی فڕۆکەخانەکە، ڕۆژی پێنجشەممە (٢ی ڕەزبەر / ٢٤ی ئەیلوول) گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سنە لە ڕێگەی هێڵی (تاران - سنە - تاران) ئاسایی دەبنەوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای بەدواداچوونی بەرپرسانی پارێزگا بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، کۆمپانیای گەشتوگوزاری ئاسمانیی "قشم ئێر" ڕۆژی پێنجشەممە یەکەمین گەشتی ئاسمانی ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، گەشتی تاران بۆ سنە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی لە تارانەوە بەڕێدەکەوێت، و گەشتی گەڕانەوەش لە سنەوە بۆ تاران لە کاتژمێر ٩:٤٥ی بەیانیدا دەبێت.
دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە وەک هەنگاوێک دەبینرێت بۆ ئاساییکردنەوەی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەی سنە و ئاسانکاری لە هاتوچۆی ئاسمانیی هاوڵاتییانی پارێزگاکە و گەشتیاران.
بەپێی پلانەکان، لە ئەگەری پێشوازیی هاوڵاتییان لەم گەشتە، بەردەوامیی پرۆسەکە دەخرێتە ناو بەرنامەی هەمیشەیی فڕۆکەخانەکەوە. هەروەها بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سنە بۆ دوورگەی کیش-یش بە شێوەی دوو گەشت لە هەفتەیەکدا دەستپێبکەنەوە.
زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
بۆچوونی بەکارهێنەران