وەزارەتی دەرەوەی چین: هەرێمی کوردستان گرنگیی ستراتیژیی بۆ پەکین هەیە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی چین هەواڵی کۆبوونەوەی لیو جون، سەرکۆنسوڵی چین لە هەولێر، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە، کە تێیدا گفتوگۆیان دەربارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و هاوکارییە دووقۆڵییەکان کردووە.
لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتووە: لیو جون، سەرکۆنسوڵی چین لە هەولێر، لە ڕۆژی ۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هاوکارییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد. ژانگ جیانشین، جێگری سەرکۆنسوڵی چین لە هەولێریش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.
سەرکۆنسوڵی چین لەم دیدارەدا بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی پێکدادان و قەیرانەکانی ناوچەکە گوتی: شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دوای دەستپێکردنی قۆناغی نوێی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان، چوار پێشنیازی بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها چوار بنەمای بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەری پرسی فەلەستین خستووەتە ڕوو.
لیو جون جەختی کردەوە کە ئەم پێشنیازانە هەڵوێستی بەردەوامی چین بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان نیشان دەدەن و ڕێبازی پەکین بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێڕەوی گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری ڕوون دەکەنەوە.
سەرکۆنسوڵی چین لە هەولێر هەروەها ئاماژەی دا بە بەردەوامیی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و داوای لە هەرێمی کوردستان کرد وەک ڕابردوو بایەخێکی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی کارمەند و دامەزراوە چینییەکان لە ناوچەکەدا بدات.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی چین، قوباد تاڵەبانیش وێڕای پێشوازیکردن لە هەڵوێست و پێشنیازەکانی شی جینپینگ دەربارەی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستایشی ڕۆڵی کۆمپانیا چینییەکانی لە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستاندا کرد.
جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا چینییەکان لە هەرێمدا چالاکییان کردووە و پشکێکی بەرچاویان لە گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم ناوچەیەدا هەبووە.
تاڵەبانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە بەدواداچوون بۆ نیگەرانییەکانی چین دەکات و بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی کارمەند و دامەزراوە چینییەکان لە هەرێمدا، تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ.
ئەم دیدارە لە دۆخێکدا ئەنجام دراوە کە چین لە ساڵانی ڕابردوودا ئامادەییی ئابووریی خۆی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پەرە پێداوە و کۆمپانیا چینییەکان لە بەشە جیاوازەکانی ئابووریی ئەم ناوچەیەدا چالاکییان هەیە. ناوەرۆکی بڵاوکراوە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی چینەوە دەری دەخات کە لە پاڵ پەیوەندییە ئابوورییەکاندا، پرسی ئاسایشی بەرژەوەندی و کارمەندە چینییەکانیش بووەتە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان پەکین و هەولێر.
بۆچوونی بەکارهێنەران