فیلمی کوردیی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن بتکوژێ) بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار هەڵبژێردرا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی نیشتمانیی هەڵبژاردنی بەربژێری ئۆسکار لە عێراق رایگەیاند، فیلمەکە بە کۆدەنگیی ئەندامانی لیژنەکە هەڵبژێردراوە بۆئەوەی بە فەرمی ببێتە بەربژێری عێراق لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی داهاتوو.
لیژنە نیشتمانییەکە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگەی سینەما و شانۆی عێراقەوە راسپێردراوە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: دوای هەڵسەنگاندنێکی هونەریی ورد، ئەم فیلمەیان هەڵبژاردووە، چوونکە خاوەن "دیدێکی دەرهێنەریی پێگەیشتووە و رەگەزە تەکنیکی و بینراوەکانی تەواون".
لیژنەکە دەڵێ، فیلمەکە ئەزموونێکی سینەماییە و رەنگدانەوەی "قووڵی مرۆیی و تایبەتمەندیی گێڕانەوەی نێوخۆییە"، ئەمەش وادەکات بە شایستەیی لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەیی هەبێت.
فیلمی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن بتکوژێ) باس لە کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دزە دەکاتە نێو رێکخراوی داعش. فیلمەکە وێنەیەکى ئەو ژنە پێشمەرگەیە پێشان دەدات کە رەتی دەکاتەوە لەبەردەم تاریکیدا سەر دانەوێنێت.
هەڵکەوت مستەفا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە، ئامانجی لەم کارە بۆ "راکێشانی سەرنجی دنیا بۆ قارەمانێتیی ژنی کورد" دەگەڕێنێتەوە. دەرهێنەری فیلمەکە لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی راگەیاند: "زۆر دڵخۆشم کە عێراق چیرۆکی ژنە پێشمەرگەیەک هەڵدەبژێرێ بۆ نوێنەرایەتیکردنی خۆی بۆ ئۆسکار."
هەڵکەوت مستەفا دەڵێت: "هیوادارم هەموو لایەک هاوکار بن بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی باشی لە ئەمریکا بۆ بکرێ."
بڕیارە رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2026، فیلمەکە لە 83ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، یەکەمین نمایشی جیهانی بۆ بکرێ و فەرشی سووری بۆ رابخرێ. پاشان لە 22ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.
هەڵکەوت مستەفا یەکێکە لە دەرهێنەرە ناسراوەکانی کورد و پێشتریش بە فیلمی (کلاسیکۆ) ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا کە لە 56 وڵاتی جیهان نمایش کرا. دوایین بەرهەمیشی فیلمی دۆکیومێنتاریی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) بوو، کە وەک پڕبینەرترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا تۆمارکرا. فیلمە نوێیەکەی بە هاوبەشی لەنێوان کۆمپانیاکانی (هێنێ فیلم)ـی نەرویجی، (لا میدیا) لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (چیمنی پۆت)ـی سویدی بەرهەم هێنراوە.
سەرچاوە: ڕووداو
بۆچوونی بەکارهێنەران