پەیوەندیی کوردەکان و واشنتۆن لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیوەندیی نێوان سەرکردە کوردەکانی عێراق و دەسەڵاتی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ۱۹۶۲ تا ۱۹۷۵، لەسەر بنەمای بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە داوای پشتگیریی سیاسی و مرۆییەوە دەستی پێ کرد، دواتر گەیشتە داوای هاوکاریی دارایی و سەربازی و لە کۆتاییدا، لە ساڵی ۱۹۷۲دا، گەیشتە هاوکاریی نهێنی و گواستنەوەی پارە، چەک و زانیاری بۆ هێزەکانی مەلا مستەفا بارزانی. بەڵام ئەم هاوکارییە دوای ڕێککەوتنی ئێران و عێراق لە ئاداری ۱۹۷۵دا، لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی پێ هات.
ئەم کۆمەڵە بەڵگەنامەیە لە ئەرشیڤی «نووسینگەی تۆمارکردنی بەڵگەنامە مێژووییەکانی پەیوەندییە دەرەکییەکان»ی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بەڵگەنامە مێژووییەکانی سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆنی کۆکردووەتەوە و بە شێوەی گشتی خستوویەتیە بەردەست، بەردەنگان. بەڵگەنامە بەکارهێنراوەکان لەم پەڕاوەدا زۆرتر پەیوەندیدارن بە نامەگۆڕینەوەکان، ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان، یاداشتە ناوخۆییەکان و بەڵگەنامە نهێنییەکان کە دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک لەپۆلێن لادراون و ئێستا دەق یان وێنەی ئەسڵییەکەیان لە ئەرشیڤی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دەبینرێن.
ئەم بەڵگەنامانە، لە سەرەتای دەیەی ۱۹۶۰ تا ناوەڕاستی دەیەی ۱۹۷۰، بەشێک لە پەیوەندییەکان و نامەگۆڕینەوەکانی نێوان نوێنەرانی کوردەکانی عێراق، بەتایبەت نزیکەکان و نوێنەرانی مەلا مستەفا بارزانی، و بەرپرسانی ئەمریکییان تۆمار کردووە. کۆمەڵە بەڵگەنامەکە، ڕێڕەوێک دەگرێتە خۆ کە لە داواکارییە سیاسی و مرۆییەکان و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی پشتگیریی واشنتۆنەوە دەست پێ دەکات و لە درێژەدا، دەگاتە گفتوگۆ سەبارەت بە هاوکاریی دارایی، چەکداری و پشتیوانیی نهێنیی ئەمریکا لە بزووتنەوەی کوردەکانی عێراق. لە پاڵ داواکاری و پێشنیارەکانی لایەنی کورد، ئەم بەڵگەنامانە هەروەها هەڵوێستەکان، ڕەچاوکردنەکان و وەڵامەکانی بەرپرسانی ئەمریکییان لە قۆناغە جیاوازەکاندا تۆمار کردووە.
ئەوەی لە درێژەدا دێت، گێڕانەوەیەکی بەڵگەنامەییە لەم ڕێڕەوە کە تەنیا پشت بە ناوەرۆکی ئەم بەڵگەنامە مێژووییانە دەبەستێت و بەبێ زێدەکردنی شیکاری یان دادوەری، ڕێڕەوی پەیوەندییەکان، داواکارییەکان، بڕیارەکان و هەنگاوە تۆمارکراوەکان تێیاندا دەپێوێت. بۆ هەر بەشێکیش بەستەری بەڵگەنامە ئەسڵییەکە لە ئەرشیڤی فەرمیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکادا پێشکەش کراوە.
یەکەم پەیوەندییە تۆمارکراوەکان لەم کۆمەڵەیەدا دەگەڕێنەوە بۆ ژوونی ۱۹۶۲. لە ۲۰ی ژوونی ئەو ساڵەدا، کامەران بەدرخان و جەمال عەبدوڵڵا کە خۆیان وەک نوێنەرانی مەلا مستەفا بارزانی دەناساند، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. نوێنەرانی بارزانی لە واشنتۆن داوایان کرد پرسی کوردەکانی عێراق بەرەو سەرنج ببرێت، بابەتی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بخرێتە ڕوو، پشتگیریی ئەخلاقی و مرۆیی لە کوردە زیانپێکەوتووەکانی هێرشەکانی سوپای عێراق بکەن و لانی کەم لەگەڵ خستنەڕووی پرسی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژایەتی نەکەن. وەڵامی ئەمریکا ئەوە بوو کە واشنتۆن ناتوانێت لە پاڵ بزووتنەوەی کوردەکاندا بوەستێت یان پشتگیریی سیاسی لە داواکاریی ئۆتۆنۆمییان بکات. بەرپرسانی ئەمریکی لەو بڕوایەدا بوون کە کوردەکان دەبێت پرسی خۆیان لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا چارەسەر بکەن و دەستوەردان یان تەنانەت دەربڕینی هاوسۆزیی فەرمیی ئەمریکا دەتوانێت دۆخی ئەوان دژوارتر بکات.
بەڵگەی ۳۰۵ ـ ۲۲ی ژوونی ۱۹۶۲
سێ مانگ دواتر، داواکارییەکی تر خستراڕوو کە بڕەکەی بەرفراوانتر بوو. لە ۱۸ی سپتەمبەری ۱۹۶۲دا، یەکێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە فەرمانی بارزانی بە شێوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا، داوای پارەی فۆری و ئەگەری وەرگرتنی چەک لە داهاتوودا خستراڕوو. نوێنەری کوردەکان هەروەها خوازیاری پشتگیریی ئەمریکا لە بزووتنەوەی کوردەکان بوو و لە بەرامبەردا، ئامادەییی لایەنی کوردی بۆ پێشکەشکردنی زانیاریی سیاسی و سەربازی سەبارەت بە عێراق، هاوکاری لەگەڵ لایەنە عەرەبە پارێزگارەکان و تەنانەت هاوکاری بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ پەیمانی بەغدا خستە ڕوو. ئەو گوتی بارزانی پێی خۆشترە لەگەڵ ڕۆژئاوادا هاوکاری بکات، بەڵام ئەگەر ئەمریکا هاوکاری نەکات، کوردەکان دەتوانن لە سۆڤیەت یان سەرچاوەی ترەوە هاوکاری وەربگرن. وەڵامی واشنتۆن هێشتا لەسەر سیاسەتی پشتگیرینەکردن لە یاخیبوونی کوردەکان چەسپاو بوو.
بەڵگەی ۴۹ ـ ۲۰ی سپتەمبەری ۱۹۶۲
لە ساڵی ۱۹۶۳دا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتر لە نێوان بارزانی و حکومەتی ئەمریکادا شێوەی گرت. بارزانی نامەیەکی بۆ جان ئاف. کێنیدی، سەرۆککۆماری ئەمریکا، نارد و خوازیاری پشتگیریی سەرۆککۆماری ئەمریکا بوو لە ئۆتۆنۆمیی کوردەکان لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێکۆڵینەوەی کرد کە ئایا کێنیدی بە شەخسی وەڵامی ئەم نامەیە بداتەوە یان نا، بەڵام گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە وەڵامی ڕاستەوخۆی سەرۆککۆمار دەتوانێت زیان بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق بگەیەنێت. لە کۆتاییدا پێشنیار کرا کونسوڵی ئەمریکا لە تەبرێز بە شێوەی زارەکی بە نوێنەری بارزانی ڕابگەیەنێت کە ئەمریکا هاوسۆزیی لەگەڵ ئامانجە ڕەواکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی عێراقدا هەیە، بەڵام ئەم هەڵوێستە نابێت زیان بە پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا بگەیەنێت.
بەڵگەی ۳۰۷ ـ ۶ی ئابی ۱۹۶۳
لە ساڵانی دواییدا، لە پاڵ هەڵوێستی سیاسیی وشیارانەی واشنتۆن، هاوکارییە مرۆییەکانیش خسترانە ڕوو. دوای ئاگربەستی فێبریوەریی ۱۹۶۴ی نێوان کوردەکان و حکومەتی عێراق، ئەمریکا بەرنامەیەکی لە ژێر ناوی Title II بۆ هاوکاریی کوردە نیازمەندەکان لە باکووری عێراقدا دروست کرد. ئەم بەرنامەیە دواتر بە بڕینی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق ڕاگیرا. لەم قۆناغەدا، بابەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەڵێنەکانی بەغدا سەبارەت بە ئۆتۆنۆمیی سنووردار و نوێنەرایەتیی گونجاوی کورد لە پەرلەماندا لە ئارادا بوو. بارزانی لە بەرامبەردا، ئامادە نەبوو هێزەکانی خۆی چەک دابماڵێت تا ئەو کاتەی بەغدا ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەکات.
قەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا، ۱۹۶۴ تا ۱۹۶۸
لە ئەیپریلی ۱۹۶۹دا، بارزانی جارێکی تر ڕاستەوخۆ لە حکومەتی ئەمریکا داوای هاوکاریی کرد. نامەکەی ئاڕاستەی ویلیام ڕۆجەرز، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ببوو و تێیدا سەبارەت بە مافە مرۆیی و نیشتمانییەکانی کورد، دۆخی کوردەکان و ئاشوورییەکان، جەنگی حکومەتی عێراق لە ناوچە کوردنشینەکاندا، ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و بێبەشبوونیان لە پەروەردە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دواوبوو. بارزانی هەروەها ئاماژەی بە داواکارییەکانی پێشتری کوردەکان لە ئەمریکا کردبوو و خوازیاری هەڵوێستی ئەرێنیی حکومەتی ڕیچارد نیکسۆن ببوو. لە ۲۹ی مەیی ۱۹۶۹دا نوێنەرانی کورد لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئامادە بوون و ئەم نامەیەیان ڕادەست کرد. بەرپرسی ئەمریکی لەم کۆبوونەوەیەدا وەبیری هێنایەوە کە ئەمریکا دوای ئاگربەستی ۱۹۶۴ بەرنامەیەکی هاوکاریی مرۆیی بۆ کوردەکان هەبووە، بەڵام ئەم بەرنامەیە دوای بڕینی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق ڕاگیراوە.
بەڵگەی ۲۵۸ ـ ۲۹ی مەیی ۱۹۶۹
لە ۱۳ی ژوونی هەمان ساڵدا، شفیق قەزاز، نوێنەری بزووتنەوەی کوردستان، جارێکی تر چووە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تا نامەی بارزانی بۆ وەزیری دەرەوە ڕادەست بکات. بابەتی ئەم کۆبوونەوەیە لە بەڵگەنامە ئەمریکییەکاندا وەک داوای هاوکاریی کوردەکان و ئاشوورییەکان لە ئەمریکا تۆمار کرا. نوێنەرانی کورد خوازیاری هاوکاریی ئەمریکا بوون لە خەباتی دژی حکومەتی عێراقدا. بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە نامەکەیان وەرگرت و ڕایانگەیاند کە ئەوە دەیگەیەننە ئاگاداریی وەزیری دەرەوە.
بەڵگەی ۲۵۹ ـ ۱۳ی ژوونی ۱۹۶۹
لە تەممووزی ۱۹۷۱دا، داواکاریی کوردەکان کەوتە قۆناغێکی ترەوە. زاید عوسمان، لە نزیکەکانی بارزانی، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت داوای کرد دانوستانی نهێنی لە نێوان نوێنەرانی کورد و حکومەتی ئەمریکادا ئەنجام بدرێت. بابەتی دانوستانەکان تەنیا هاوکاریی مرۆیی نەبوو؛ بەڵکو ئەگەری پشتگیریی ئەمریکا لە ڕاپەڕینێکی هاوبەشی کورد ـ عەرەب دژی حکومەتی عێراقیش تاوتوێ کرا. وەڵامی واشنتۆن ئەوە بوو کە سیاسەتی ئەمریکا دەستوەرنەدانە لە خەباتە ناوخۆییەکانی وڵاتانی تردا.
بەڵگەی ۲۹۲ ـ ۱۶ی تەممووزی ۱۹۷۱
لە سەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی تر، لە سەرەتای ساڵی ۱۹۷۲دا، بابەتی پشتگیریکردن لە بارزانی جارێکی تر لە ناوەندە ئەمریکییەکاندا خستراڕوو. لە سەرەتای ئاداری ئەو ساڵەدا، ئێران لە ئەمریکا داوای کرد پشتگیری لە بارزانی بکات و پێشنیاری هاوکاریی دارایی، کەلوپەلی سەربازی و هەنگاوی سیاسی لە پشتگیریی ئەو کرد. هاوکات ڕاپۆرت درا کە بارزانی نیازی هەیە ڕاستەوخۆ بۆ ویلیام ڕۆجەرز نامە بنووسێت. لەگەڵ ئەمەشدا، یاداشتی هارۆڵد ساندەرز لە ۲۷ی ئاداردا نیشان دەدات کە وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی زانیاریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) هێشتا سەبارەت بە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم ململانێیە دوودڵ بوون. لەم هەڵسەنگاندنەدا، توانای ئێران و ئیسرائیل بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کورد، ئەگەری کەمی سەرکەوتنی بارزانی، ئەگەری وروژاندنی سۆڤیەت و نیگەرانی لە چوونەناوەوەی ئەمریکا بۆ جەنگێکی ناوخۆیی لە عێراقدا لە ڕەچاوکردنە خستراوەکان بوون. پێشنیاری ساندەرز بەردەوامبوونی سیاسەتی دەستوەرنەدانی ئەمریکا بوو.
بەڵگەی ۳۰۱ ـ ۲۷ی ئاداری ۱۹۷۲
چەند ڕۆژ دواتر، لە ۳ی ئەیپریلی ۱۹۷۲دا، داواکاریی بارزانی بە وردەکاریی زیاترەوە لە واشنتۆن خستراڕوو. زاید عوسمان لەگەڵ توماس سکۆتس، بەرپرسی مێزی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆبووەوە. ئەم جارە گەڵاڵەی دروستکردنی «بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی عەرەب ـ کورد» لە باکووری عێراق و ئامانجی ڕووخاندنی حکومەتی بەعس لە بەغدا خستراڕوو. بارزانی خوازیاری هاوکاریی دارایی و سەربازیی ئەمریکا و پشتگیریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی شا حوسێن، ئێران یان لایەنە سێیەمەکانی تر بوو. زاید عوسمان گوتی نزیکەی ۲۴ هەزار پێشمەرگە بۆ ئۆپەرسیۆن ئامادەن و لە حاڵەتی دابینکردنی داراییدا، ئەگەری زیادکردنی ئەم هێزە بۆ نزیکەی ۵۰ هەزار کەس هەیە. ئەو هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی هێزەکانی بارزانی بە چەکی هێرشبەرانە کردەوە.
پەرچەکرداری سەرەتاییی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەم داواکارییە نەرێنی بوو. بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە بەردەوامیی حکومەتی شوێنگرەوەی ئەگەریی بارزانی، بەردەوامیی کاریگەریی سۆڤیەت لە عێراقدا، ئەگەری دەرکەوتنی پشتگیریی ئەمریکا، پەرچەکرداری عەرەبەکان و ئەگەری پەڕینەوەی لێکەوتەکانی پشتگیریکردن لە بارزانی بۆ کوردەکانی ئێران و تورکیا نیگەرانییان هەبوو. هەروەها ئەم نیگەرانییە بوونی هەبوو کە پشتگیریی ئەمریکا ڕێڕەوی پارچەبوونی عێراق بەهێزتر بکات.
بەڵگەی ۳۰۴ ـ ۳ی ئەیپریلی ۱۹۷۲
لە ژوون و تەممووزی ۱۹۷۲دا، داواکارییەکانی بارزانی لە پەیوەندییە ڕاستەوخۆترەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکیدا خسترانە ڕوو. لە ۳۰ی ژووندا، نوێنەرانی بارزانی لە واشنتۆن لەگەڵ ڕیچارد هێڵمس، سەرۆکی ڕێکخراوی زانیاریی ناوەندیی ئەمریکا، و بەرپرسانی تری ئەمریکی کۆبوونەوە. نوێنەرانی بارزانی گوتیان کوردەکان ناتوانن زیاتر لە نزیکەی شەش مانگ بەبێ هاوکاریی دەرەکی لە بەرامبەر گوشاری سۆڤیەت و حکومەتی عێراقدا خۆڕاگری بکەن.
لەم کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک لە داواکارییەکانی بارزانی پێشکەش کران: ناساندنی ئامانجی سیاسیی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی، بەردەوامیی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و نهێنی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا، هاوکاریی دارایی بۆ گۆڕینی هێزە کوردییەکان بۆ هێزێکی هێرشبەر، هاوکاریی سەربازی، هاوکاریی هەواڵگری، هاوکاری بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کورد و تورکیا، دڵنیاییدان بە ئێران و تورکیا سەبارەت بە نەبوونی ئیدعای خاکی کوردەکانی عێراق بەرامبر بەم دوو وڵاتە، هاوکاری بۆ دابینکردنی زامنی سنووریی داواکراوی ئێران و تورکیا، بەردەوامیی پەیوەندیی سیاسیی نهێنی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئامادەییی پەیوەندیدارێکی ئەمریکی لە ناوچەی کوردستاندا.
بەڵگەی ۳۱۹ ـ تەممووزی ۱۹۷۲
لە دەمی ئەم دانوستانانەدا، ئامانجی سیاسیی کورد بۆ ئەمریکاش بە شێوەیەکی دیاریکراو خستراڕوو. داواکاریی فەرمیی بارزانی، ناساندنی ئۆتۆنۆمیی کورد بوو لە چوارچێوەی عێراقدا. نوێنەرانی بارزانی هەروەها جەختیان لەسەر ئەم بابەتە کردەوە کە بزووتنەوەی کوردەکانی عێراق بەرامبەر بە ناوچە کوردییەکانی ئێران و تورکیا ئیدعای خاکی نییە. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئەمریکی نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری جووڵەی ئەم ڕێڕەوە بەرەو دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی تۆمار کرد.
لە تەممووزی ۱۹۷۲دا، هەڵوێستی واشنتۆن گۆڕا. ڕیچارد هێڵمس گەڵاڵەی هاوکاریی نهێنی بۆ بارزانی خستە ڕوو. پێداویستیی دارایی ساڵانەی هێزەکانی بارزانی کە نزیکەی ۲۵ هەزار کەس دەخەمڵێنرا، نزیکەی ۱۸ ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا، بەڵام پێشنیاری هاوکاریی ئەمریکا زۆر کەمتر لەم ژمارەیە بوو. لە ۲۸ی تەممووزدا، گەڵاڵەی تەرخانکردنی ۳ ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی لە ساڵێکدا و نزیکەی ۲ ملیۆن دۆلار کەلوپەلی سەربازی پێشکەش کرا.
بەڵگەی ۳۲۱ ـ تەممووزی ۱۹۷۲
بەڵگەی ۳۲۲ قۆناغی نوێی هاوکاری تۆمار دەکات. هێنری کیسینجەر لە یاداشتێکدا بۆ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕیچارد نیکسۆن فەرمانی داوە بۆ هاوکاریی مەلا مستەفا بارزانی و کوردەکانی عێراق لە خۆڕاگری لە بەرامبەر حکومەتی بەعسدا، ۳ ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی و نزیکەی ۲ ملیۆن دۆلار کەلوپەلی سەربازی تەرخان بکرێت. گواستنەوەی ئەم هاوکارییانە لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕێکخراوی زانیاریی ناوەندیی ئەمریکاوە ئەنجام دەدرا.
بەڵگەی ۳۲۲ ـ فەرمانی هاوکاریی ئەمریکا بۆ کوردەکان لە ساڵی ۱۹۷۲دا
لە ۵ی ئۆکتۆبەری ۱۹۷۲دا، کیسینجەر ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە پێشکەشی نیکسۆن کرد. لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتە، پارە و چەک لە ڕێگەی ئێرانەوە بۆ بارزانی گوازراوەتەوە و دانی مانگانە دەستی پێ کردبوو. یەکەم بارەچەک نزیکەی ۱۰ تۆن چەک و تەقەمەنی تێدا بوو کە ۵۰۰ کلاشنکۆف، ۵۰۰ ڕەشاشی سووکی دروستکراوی سۆڤیەت و ۲۰۰ هەزار فیشەکی لەخۆدەگرت. هەروەها بڕیار بوو تا کۆتاییی ئۆکتۆبەر زیاتر لە ۲۲۲ هەزار پاوەند چەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی ئەمریکاوە بۆ کوردەکان بگوازرێتەوە.
بەڵگەی ۳۲۵ ـ ۵ی ئۆکتۆبەری ۱۹۷۲
ئەم ڕێڕەوە لە ساڵی ۱۹۷۳دا بەردەوام بوو. لە ۲۹ی ئاداردا، کیسینجەر لە یاداشتێکدا بۆ نیکسۆن بەردەوامیی پشتگیری لە بارزانی خستە ڕوو. لەسەر بنەمای ئەم بەڵگەنامەیە، تا ئەو کاتە زیاتر لە هەزار تۆن چەک، دەرمان و بەڕە بۆ کوردەکان درابوو و هاوکاریی مانگانەی ئەمریکا دەرفەتی ڕاگرتنی هێزێکی نزیکەی ۲۵ هەزار کەسی ڕەخساندبوو. زانیاریش لە بارەگای شاخاویی بارزانییەوە دەگەیشتە ئەمریکا و هاوکارییەکانی ئەمریکا هێشتا دەگوازراوە. لەم دەمەدا، نزیکەی دوو لەسەر سێی هێزە وشکانییەکانی عێراق لە باکووری ئەم وڵاتەدا تێوەگلابوون.
بەڵگەی ۲۰۷ ـ ۲۹ی ئاداری ۱۹۷۳
با بوونی ئەم هاوکارییە نهێنییە، هەڵوێستی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە ئاشکراکاندا هێشتا هەمان سیاسەتی پێشوو بوو. لە ۲۷ی تەممووزی ۱۹۷۳دا، شفیق قەزاز، نوێنەری بارزانی، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گۆڕانی هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر بە کوردەکان پرسیاری کرد و سەبارەت بە هاوکاریی ئەمریکاش پرسی. ئەو گوتی بارزانی ئامادەیە هاوکاریی ئەمریکا لە ڕێگەیەکەوە جگە لە خاکی عێراق وەربگرێت. وەڵامی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە ئەوە بوو کە هەڵوێستی ئەمریکا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و واشنتۆن هێشتا پرسی کوردەکان بە بابەتێکی ناوخۆیی لە نێوان کوردەکان و حکومەتی عێراقدا دەزانێت.
بەڵگەی ۲۲۶ ـ ۲۷ی تەممووزی ۱۹۷۳
لە ساڵی ۱۹۷۴دا، بە شکستخواردنی ڕێککەوتنی نێوان کوردەکان و بەغدا و دەستپێکردنەوەی جەنگ، داواکارییەکانی بارزانی زیادی کرد. لە ئاداری ئەو ساڵەدا، بارزانی خوازیاری وەرگرتنی پشتگیریی زیاتر بوو تا حکومەتێکی کوردی ـ عەرەبی لە ناوچەی ئارامی باکووری عێراقدا دروست بکات. کیسینجەر لە ۱۱ی ئەیپریلی ۱۹۷۴دا ئەم داواکارییەی لە یاداشتێکدا بۆ نیکسۆن تاوتوێ کرد و بە ئۆپەرسیۆنێکی زۆر گەورەتر لە بەرنامەی پێشوو زانی. لەم قۆناغەدا، ئەمریکا لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکی جیاخوازدا دژایەتی کرد و ئامانجی خۆی کردە بەردەوامیی توانای کوردەکان بۆ گوشارخستنە سەر بەغدا و گەیشتن بە مافەکانیان، نە پارچەکردنی عێراق.
بەڵگەی ۲۴۶ ـ ۱۱ی ئەیپریلی ۱۹۷۴
لە درێژەدا، ئەمریکا بڕیاری دا هاوکاریی دارایی مرۆیی بۆ ئاوارەکان پێشکەش بکات و بارەچەک و تەقەمەنی بگوازێتەوە، بەڵام لە پشتگیریکردنی ڕاگەیاندنی حکومەت یان دەوڵەتێکی کوردی خۆی بپارێزێت. کیسینجەر لە ئێران داوای کرد بارزانی لە ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمیی نوێ لەو قۆناغەدا پاشگەز بکاتەوە. لە ۲۲ی ئەیپریلدا، ڕیچارد هێڵمس ڕاپۆرتی دا کە شاهـ ئەم هەڵوێستەی پەسەند کردووە و گەیاندوویەتیە بارزانی. بارزانیش لە وەڵامدا، بە پەسەندکردنی هەڵوێستی ئەمریکا، سوپاسی نیکسۆن و کیسینجەری کرد و ڕایگەیاند ئامادەیە بزووتنەوەکەی بخاتە خزمەت ئامانجەکانی ئەمریکاوە. ئەو هەروەها خوازیاری ڕەوانەکردنی دوو نوێنەری کورد بوو بۆ نیویۆرک بۆ چالاکی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و میدیا نێودەوڵەتییەکاندا.
بەڵگەی ۲۴۸ ـ ۲۲ی ئەیپریلی ۱۹۷۴
لە ۲۴ی ژوونی ۱۹۷۴دا، کیسینجەر پێشنیاری کرد ئەمریکا بۆ ساڵی داراییی ۱۹۷۵ بڕی ۸.۰۶ ملیۆن دۆلار بۆ پشتگیری لە کوردەکان تەرخان بکات. ئەم بڕە هاوکاریی نەقدی و کڕینی چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرت و نیکسۆن ئەم پێشنیارەی پەسەند کرد.
بەڵگەی ۲۵۴ ـ ۲۴ی ژوونی ۱۹۷۴
لە سەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی تر، ئەم هاوکارییە لەگەڵ ڕێککەوتنی ئێران و عێراق لە ئاداری ۱۹۷۵دا هاوکات بوو. لە ۶ی ئاداردا، ئێران و عێراق پەیماننامەی جەزائیریان ئیمزا کرد و ئێران پشتگیریی خۆی بۆ بارزانی ڕاگرت و بەرنامەی ئەمریکا لە کرداردا ڕاگیرا. لە ۴ی ژوونی ۱۹۷۵دا، ویلیام کۆڵبی، سەرۆکی ڕێکخراوی زانیاریی ناوەندیی ئەمریکا، کۆتاییی بەرنامەی هاوکاریی بۆ کوردەکانی ڕاگەیاند. بەڵگەنامەی پەیوەندیدار جەخت دەکاتەوە کە دوای ڕاگرتنی پشتگیری، خۆڕاگریی کوردەکان هەرەسی هێنا و ڕێبەرانی کورد بۆ ئێران هەڵاتن.
بەڵگەی ۲۸۹ ـ ۴ی ژوونی ۱۹۷۵
چەند مانگ دواتر، لە ۶ی ئۆکتۆبەری ۱۹۷۵دا، ڕێکخراوی زانیاریی بەرگریی ئەمریکا دۆخی کوردەکان و لێکەوتەکانی هەرەسهێنانی خۆڕاگریی تاوتوێ کرد. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هیوای کوردەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆم لە ئاداری ۱۹۷۵دا، دوای بڕینی پشتگیری، لەناو چوو. نزیکەی ۱۴۰ هەزار کورد بەر لە ڕێککەوتنەکە لە ئێراندا بوون و نزیکەی ۳۰ هەزار کەسی تر لە ڕێڕەوی هەرەسهێنانی بەرەی کوردی بۆ ئێران هەڵاتن. لەم دەمەدا، بەغدا سیاسەتی نیشتەجێکردنەوەی دووبارەی کوردەکانی دەست پێ کرد و ڕێڕەوی عەرەباندنی ناوچە باکوورییەکان بەردەوام بوو.
بەڵگەی ۳۰۰ ـ ۶ی ئۆکتۆبەری ۱۹۷۵
لە کۆی گشتیدا، بەڵگەنامەکانی ئەم قۆناغە ڕێڕەوی پەیوەندی و هاوکاریی نێوان ڕێبەرایەتیی کوردەکانی عێراق و حکومەتی ئەمریکا لە یەکەم داواکارییە سیاسی و مرۆییەکان لە ساڵی ۱۹۶۲دا تا داواکارییە دارایی و سەربازییەکان لە ساڵانی دواییدا و دواتر دروستکردنی کەناڵێکی نهێنی بۆ گواستنەوەی پارە، چەک و زانیاری لە ساڵی ۱۹۷۲وە تۆمار دەکەن. ئەم هاوکارییە لە ساڵانی ۱۹۷۳ و ۱۹۷۴دا بەردەوام بوو و قەبارەی هاوکارییەکان زیادی کرد، بەڵام لە ئاداری ۱۹۷۵دا، دوای ڕێککەوتنی ئێران و عێراق و بڕینی پشتگیری لە بارزانی، ڕێگەی گواستنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکاش لەناو چوو و لە ژوونی هەمان ساڵدا کۆتاییی فەرمیی بەرنامەی ئەمریکا ڕاگەیەندرا.
بۆچوونی بەکارهێنەران