خبر 2026-09-04 13:56 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مافە دەستوورییەکانی کورد پێویستیان بە گەرەنتی دەستووری هەیە

مەزڵووم عەبدی ڕایدەگەیەنێت: "پرۆسەی چارەسەری تورکیا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر پرسی کورد لە سووریا هەبێت و دەشڵێت مافە دەستوورییەکانی کورد پێویستیان بە گەرەنتی دەستووری هەیە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تورکی ڕایگەیاند: "ئامانجی کورد دامەزراندنی پێکهاتەیەکی جیاواز لە سووریا نییە، بەڵکوو دەیانەوێت ببنە یەکێک لە پێکهاتە دامەزرێنەرەکانی وڵات، بە ناسنامەی خۆیان و بە گەرەنتی دەستووری بۆ مافەکانیان".

سەبارەت بە زمانی کوردی، عەبدی ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی شارە کوردنشینەکانی سووریا کرد و وتی: "داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکی خۆیان ڕەوان". 

ناوبراو وتیشی: "لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا، خوێندکاران لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ دەیانتوانی بە زمانی کوردی بخوێنن، بۆیە ئەو مافەی خوێندن بە کوردی کە ئێستا لەلایەن دەوڵەتەوە دانپێدانراوە، بەراورد بەو ئەزموونە هەنگاوێک بۆ دواوەیە".

سەبارەت بە داهاتووی مافەکانی کورد، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "قۆناغی ئامادەکردنی دەستووری سووریا گرنگ و چارەنووسسازە، هێشتا کاتی دیاریکراو بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی ئامادەکاری دەستوور نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا ئەو کۆمیسیۆنە پێکبهێندرێت".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کورد لە ڕێککەوتن و بڕیارە سیاسییەکاندا بەدەستی هێناون، پێویستە گەرەنتیی دەستووری هەبێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، عەبدی وتی" پرسی کورد لە تورکیا و سووریا ناتوانرێت بە جیا لێکبدرێتەوە، چونکە هەردوو دۆسیەکە لە ماوەیەکی درێژدا کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە".

فەرماندەی پێشووی هەسەدە دەشڵێت: "پرۆسەی چارەسەری کورد لە تورکیا دەتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سووریا هەبێت و بەشداری لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا بکات".

هەروەها مەزڵووم عەبدی ڕوونیکردەوە، ئەرکی نوێی وەک راوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا هێشتا بە فەرمی دەستی پێنەکردووە.

بە وتەی عەبدی دوای تەواوکردنی کارەکانی پەیوەست بە تێکەڵکردنی هەسەدە بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، دەست بە ئەرکی نوێی خۆی لە دیمەشق دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.