هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی رێکخراوی شانگهای لە قیرغیزستان، پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە کرد و رایگەیاند، تورکیا لەگەڵ لایەنی سووری لەسەر هێڵی سنووری بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن لە راستییەکانی دۆخی سووریا گەیشتووە، هەروەها داوای لە سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و دۆست کرد هاوکاری بن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا تاوەکو ڕێگری لە هەر ئاژاوەیەک بۆ سەر ئاشتیی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بکرێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەردۆغان ڕوونی کردەوە، پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچێت و ناتوانرێت خشتەیەکی کاتیی بۆ دابنرێت چونکە بابەتێکی ئامانجدارە، بەڵام دەوڵەت نەخشەڕێگای خۆی هەیە و لیژنەی بەدواداچوون بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار دەستی بە کارەکانی کردووە.
جەختی لەوە کردەوە کە مەرجی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی یاساکان ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر بە کرداری چەک دابنێت و هەڵبوەشێتەوە، لەبەر ئەوەی پرۆسەی لەم شێوەیە نابێت زۆر درێژە بکێشێت تا نەکەوێتە بەر کاریگەریی هەوڵە تێکدەرەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بە واتای سڕینەوەی جیاوازییەکان نایەت، بەڵکو یەکگرتنە بە جیاوازییەکانەوە لە چوارچێوەی "رێککەوتنی گەورەی تورکیا". ئەردۆغان هۆشداری دا لە هەر گوتارێکی توند لەلایەن کەسایەتییە سیاسییەکانەوە کە زیان بە یەکڕیزی و برایەتیی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت و رایگەیاند، خەڵک هۆشیارە و ناکەوێتە داوی ئەو جۆرە هاندانانەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران