چارەنووسی مامۆستایان و قوتابیانی کورد لە حەلەب و عەفرین هێشتا نادیارە
کوردپرێس: سەرەڕای هێنانەئاراوەی بابەتی یەکخستنی دامودەزگاکانی حکوومەتی کاتیی سووریا و خۆبەڕێوەبەری و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی بڕیار نییە فەرمانبەرانی ئەم دامەزراوانە لەسەر کارەکانیان دەربکرێن، بەڵام تا ئێستا بڕیارێکی ڕوون سەبارەت بە دۆخی مامۆستایان، قوتابیان، بەرنامەکانی خوێندن و ناوەندە پەروەردەیییە کوردییەکان لە شێخ مەقسوود، ئاشرەفیە و عەفرین نەدراوە. ئەم بابەتە لە کاتێکدا بووەتە یەکێک لە دۆسیە گرنگەکانی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی کاتیی سووریا و خۆبەڕێوەبەری کە ساڵی نوێی خوێندن لە لێواری دەستپێکردندایە.
بەگوێرەی ئاژانسی هاوار، لە سەردەمی چالاکیی خۆبەڕێوەبەریدا، سێ زمانی کوردی، عەرەبی و سریانی وەک زمانە سەرەکییەکانی خوێندن لە قوتابخانەکاندا بەکاردەهێنران و هەر ئایین و پێکهاتەیەک دەیوت بە زمانی خۆی پەروەردە بێت. لە ناوچە کوردنشینەکانی عەفرین و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئاشرەفیەی حەلەب، قوتابخانە، ناوەندی ڕاهێنانی مامۆستایان و زانکۆ بە زمانی کوردی داڕێژرابوون.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە پڕۆسەی یەکخستنی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ پێکهاتەی حکوومەتی کاتیی سووریادا، دۆخی توێژی پەروەردەییی ئەم ناوچانە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە. بەپێی ئامارەکان، ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەیی پەیوەندیدار بەم ناوەندانە دەگاتە ۴ هەزار و ۲۶۵ کەس.
لە دوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئاشرەفیەی حەلەب، ۱۳ قوتابخانە چالاکییان هەبوو؛ سێ قوتابخانە ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی خۆبەڕێوەبەریدا بوون و ۱۰ قوتابخانەش بە هاوبەشی لەنێوان خۆبەڕێوەبەری و حکوومەتی کاتیی سووریادا بەڕێوەدەبردران. نزیکەی ۲۵ هەزار قوتابی لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییدا لەم قوتابخانانەدا دەیانخوێند. هەروەها ناوەندی ڕاهێنانی مامۆستایانی «شەهید زۆزان یوسف» ڕۆڵێکی گرنگی لە پەروەردەکردن و ئامادەکردنی مامۆستایاندا هەبوو.
پێش هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ئەم دوو گەڕەکە، زیاتر لە ۴۰۰ مامۆستا—کە زۆربەیان لەژێر چاودێریی دەستەی پەروەردەی خۆبەڕێوەبەریدا کاریان دەکرد—لە قوتابخانەکانی ئەم ناوچانەدا وانەیان دەوتەوە. بە دەستپێکردنی هێرشەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا و ئاوارەبوونی بەشێک لە دانیشتووان، پڕۆسەی خوێندنیژ ڕاوەستا.
دوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی کاتیدا، شاندێکی مامۆستایانی ئەو دوو گەڕەکە بۆ بەدواداچوونی دۆخی خۆیان سەردانی بەڕێوەبەری پەروەردەی حەلەبیان کرد. بە وتەی ئەم مامۆستایانە، ئەوان ڕاستەوخۆ لەگەڵ «ئەنی کۆسە»، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەلەب کۆننەبوونەتەوە، بەڵکو دۆخی خۆیان لەگەڵ «حەسەن شوکر» و «سەفیە تەلجە» لە بەرپرسانی نوسینگەی ناوەندەکە خستووەتەڕوو. بەڵام وەڵامەکانی وەریانگرتووە، بە وتەی مامۆستایان، ڕوون و دیار نەبوون.
مامۆستایان ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە سەفیە تەلجە داوای لێکردوون دۆسیەکانیان جارێکی تر لە شێوەی پەڕەی ئیکسڵدا بنێرنەوە تا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی حەلەبەو ڕەوانەی دیمەشق بکرێت. ئەم داواکارییە بووەتە هۆی نیگەرانیی مامۆستایان، چونکە ئەوان دەڵێن نزیکەی چوار مانگ پێش ئێستاش دۆسیەکانیان ناردبوو و دیار نییە بۆچی دەبێت جارێکی تر بەڵگەنامەکانیان پێشکەش بکەنەوە.
خوێندن بە زمانی کوردی لە حەلەب چۆن دەستی پێکرد؟
خوێندن بە زمانی کوردی لە حەلەب مێژوویەکی چەند دەیەی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ۱۹ی تەمموز. لە دەیەکانی ۱۹۸۰ و ۱۹۹۰دا، وتنی وانەی زمانی کوردی بە شێوەیەکی نهێنی و لە ماڵاندا ئەنجام دەدرا.
لە ساڵی ۲۰۱۲دا، دامەزراوەی زمانی کوردی لە بەشی ڕۆژئاوای شێخ مەقسوود کرایەوە و بە چاودێریی شەش مامۆستای شارەزا، چوار نەوەی قوتابیان لەم ناوەندەدا پەروەردە کران. حەوت مانگ دواتر، لە دوای هێرشەکان بۆ سەر دوو گەڕەکەکە، پڕۆسەی خوێندن ڕاوەستا، بەڵام لە ساڵی ۲۰۱۳دا خوێندن بە زمانی کوردی دەستی پێکردەوە و لە ساڵی ۲۰۱۴دا زمانی کوردی خرایە ناو بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکانەوە.
لە ساڵی ۲۰۱۶دا، بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر شێخ مەقسوود و ئاشرەفیە، پۆلەکانی زمانی کوردی لە ژێرزەمینی باڵەخانەکاندا بەڕێوەدەچوون. دوای ئەوەش چالاکییە پەروەردەیییەکان لەژێر چاودێریی کۆمیتەی پەروەردە و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بەردەوام بوون.
دوای ئاوارەبوونی دانیشتووانی عەفرین بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و هێزە وابەستەکانی لە ساڵی ۲۰۱۸دا و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆریان بۆ حەلەب، باڵەخانەیەک لە بەشی ڕۆژئاوای شێخ مەقسوود بۆ خوێندن بە زمانی کوردی تەرخانکرا. ئەم باڵەخانەیە لە ساڵی ۲۰۲۰دا وەک قوتابخانە دیاریکرا و ناوی «قەهرەمانی عەفرین»ی لێنرا. بەرنامەی خوێندنی ئەم قوتابخانەیە لەسەر بنەمای بەرهەمی پەروەردەییی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بوو.
بە زیادبوونی ژمارەی قوتابیان، لە ساڵی ۲۰۲۲دا قوتابخانەکانی «ئاواشین دەمهات» و «جودی ئامانۆس»یش کرانەوە. ساڵێک دواتر، ناوەندی ڕاهێنانی مامۆستایانی «زۆزان یوسف»یش دەستی بە چالاکی کرد.
دۆخی پەروەردە لە عەفرین پێش داگیرکاری
لە ناوچەی عەفرینیش پێش داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە، یەکەم قوتابخانە، ناوەندی ڕاهێنانی مامۆستایان و زانکۆکان کە تێیاندا بە زمانی کوردی وانە دەوتراوە، دامەزران.
لە ۶ی کانوونی دووەمی ۲۰۱۱دا، یەکەم قوتابخانەی زمانی کوردی لەسەر ئاستی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە گوندی «دێرقلێ» کرایەوە. ئەم قوتابخانەیە بە ناوی «شەهید فەوزی» دەستی بە چالاکی کرد و دوای ئەوە، ۳۱۸ قوتابخانە لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییدا لە ناوچەکەدا دامەزران. نزیکەی ۵۰ هەزار قوتابی لەم قوتابخانانەدا دەیانخوێند و ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەییش گەشتبووە ۳ هەزار و ۷۱۲ کەس. لە پاڵ قوتابخانە حکومییەکاندا، دەیان قوتابخانەی تایبەتیش چالاکییان هەبوو.
لە ساڵی ۲۰۱۴دا، ناوەندی ڕاهێنانی مامۆستایانی «ڤیان ئامارا» بە ۱۱ بەشەوە کرایەوە. نزیکەی ۵۰۰ قوتابی لەم ناوەندەدا دەیانخوێند و پەروەردەکردنیان لەلایەن ۸۲ مامۆستا و دەیان فەرمانبەرەوە ئەنجام دەدرا.
لە ئابی ۲۰۱۵شدا زانکۆی عەفرین بە کۆلێژەکانی پزیشکی، ئەندازیاریی ئۆتۆماتیک و کارەبا، پەیوەندییەکان، ئابووری، کشتوکاڵ و ئادابی کوردی کرایەوە. پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، ۴۶۹ خوێندکار لەم زانکۆیەدا دەیانخوێند کە ۵۱ مامۆستای زانکۆ و نزیکەی ۲۰ فەرمانبەر بەرپرسیارێتیی وانەوتنەوە و کاروباری بەڕێوەبردنیان لەسەر شان بوو.
بە دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا و هێزە وابەستەکانی، پڕۆسەی پەروەردە لە عەفرین ڕاوەستا و ناوەندە پەروەردەیییەکان تاڵان کران یان تێکدران. هەروەها بەشێک لەم ناوەندانە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گرووپە وابەستەکانییەوە کرانە سەربازگە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا خستوویەتە ڕوو، لە جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا ۶۵ مامۆستای زمانی کوردی ڕفێندراون.
لەم بارودۆخەدا و بە نزیکبوونەوە لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، چارەنووسی ئەم ژێرخانە پەروەردەیییە و بەتایبەت دۆخی مامۆستایان، قوتابیان و بەردەوامیی خوێندن بە زمانی کوردی لە حەلەب و عەفرین، وەک یەکێک لە بابەتە چارەسەرنەکراوەکان لە پڕۆسەی گفتوگۆکانی نێوان خۆبەڕێوەبەری و حکوومەتی کاتیی سووریادا دەمێنێتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران