ئامادەکاریی تورکیا بۆ ئازادکردنی 4 هەزار زیندانیی پەکەکە
کوردپرێس: سەرچاوەکانی نزیک لە حزبی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) ئاشکرایان کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا ڕێکارەکان نێوان ٣ هەزار و ٨٠٠ تا ٤ هەزار دەستگیرکراو و زیندانیی پەیوەندیدار بە پەکەکە دەگرێتەوە، کە تێیدا بڕیاری ڕاگرتنی سزاکانیان بۆ دەردەچێت بە مەبەستی ئازادکردنیان لەژێر ڕۆشنایی چوارچێوە یاساییە نوێیەکەدا.
تەوەرێکی دیکەی ڕێکارەکان بریتییە لە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ٢ هەزار و ٨٠٠ داواکراو لە دەرەوەی زیندانەکان، کە لە هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان یان دواخستنی دادگاییکردنیان بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەگرێتەوە، بە مەرجێک لەو ماوەیەدا تووشی هیچ تاوانێک نەبن.
بەپێی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم ئاسانکارییە نوێیانە سوودمند دەبن.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە پەرلەمانی تورکیا لە ئابی ڕابردوودا بە زۆرینەی ٤٦٨ دەنگ یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چەکداماڵین و دووبارە تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکەی بە کۆمەڵگە پەسەند کرد، کە تیایدا سزاکان بۆ ماوەی ٥ تا ١٠ ساڵ ڕادەگیرێن (جگە لەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی کوشتنی ئەنقەست).
هەروەها بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لیژنە لاوەکییەکان دەست بە کارەکانیان بکەن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی چەکداماڵین و چۆڵکردنی ناوچە سەربازییەکان.
سەرچاوە: سپی میدیا
بۆچوونی بەکارهێنەران