کورتەی هەواڵەکانی 11ی خەرمانانی ۱۴۰۵ی هەتاوی
چارەنووسی مامۆستایان و قوتابیانی کورد لە حەلەب و عەفرین هێشتا نادیارە
بە نزیکبوونەوەی دەستپێکی ساڵی خوێندنی ۲۰۲۶-۲۰۲۷، دۆخی نزیکەی ۲۵ هەزار قوتابی و ۴ هەزار و ۲۶۵ مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئاشرەفیەی حەلەب و ناوچەی عەفرین هێشتا ڕوون نییە. هەروەها داهاتووی خوێندن بە زمانی کوردی و بەرنامەکانی خوێندن لەم ناوچانەدا لەناو ناڕوونییەکی تەواودایە.
پێویستە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرنی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق تاوەکوو ساڵی 2030 بگاتە نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنماییدا بەزیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پڕۆسەی ئاشتی پەردە لەسەر چارەنووسی ئەندامانی بێسۆراغی پەکەکە لادەدات
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە ژمارەیەک لە خێزانە کوردەکانی تورکیا ساڵانێکی دوورودرێژ وابیریان دەکردەوە کە منداڵەکانیان کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە هێشتا لە ژیاندا ماون؛ بەڵام بڵاوکردنەوەی لیستی کوژراوان، کۆتایی بە بەشێک لەم چاوەڕوانییە درێژخایەنە هێناوە.
مەهدی و لەیلا زانا؛ دوو ناوی دیار لە مەیدانی سیاسەتی کوردی تورکیادا
مەهدی زانا، لە کەسایەتییە دیارەکانی مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە تورکیا، لە ۲۹ی ئابی ۲۰۲۶ و لە تەمەنی ۸۵ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ژیانی سیاسیی ئەو لە دەیەی ۱۹۶۰ەوە دەستی پێکرد و لە چوار دەیەی دوای ئەوەدا، لە چالاکی لەناو ڕەوتی چەپی تورکیا و سەرۆکایەتیی شارەوانیی (دیاربەکر) تا بەندیخانە، ئەشکەنجە و دوورخستنەوە بەردەوام بوو.
بۆچوونی بەکارهێنەران