خبر 2026-09-02 21:56 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

لاهوور تاڵەبانی؛ لە سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتیمانییەوە تا کەیسی لالەزار

لاهووری تاڵەبانی، ناسراو بە «لاهوور شێخ جەنگی»، برازای سەرۆک‌کۆماری کۆچکردووی عێراق، مام جەلال تاڵەبانییە. دوای کۆچی دوایی مام جەلال و لە گۆڕانکارییەکانی دواتری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا، نزیکەی دوو ساڵ سەرۆکایەتی ئەم حیزبە کوردستانییەی کرد. لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا، پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتیمانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی ئێران، بە هەمان ڕێباز و ڕوانگەی سیاسیی سەرکردەی کۆچکردووی ئەم حیزبە بەردەوام بوو.

کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئێرانیی «ئانا»، لاهوور تاڵەبانی لە ماوەی شەڕی دژ بە داعشدا، فەرماندەیی بەشێک لە بەرەکانی شەڕی دژ بە ئەم گرووپە توندڕەوەی کردووە. هەروەها لە کاتی ڕێفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بەهۆی هاودەنگی و هاوکاریکردنی لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق، لەلایەن ڕکابەرە سیاسییەکانیەوە سەرزەنشت کرا و ڕەخنەی لێگیرا.

بەڵام ملمێلانێی دەسەڵات لە ناو ئەم حیزبە کوردستانییە ڕەسەنەدا، بە تێپەڕبوونی کات بووە هۆی گواستنەوەی دەسەڵات و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز. لە ساڵی ٢٠٢١دا، شوێن و پێگەی لاهوور تاڵەبانی بە بافڵ تاڵەبانی سپێردرا. لاهوور تاڵەبانی دوای دوورکەوتنەوە لە یەکێتیی نیشتیمانی، حیزبی «بەرەی گەل»ی لە سلێمانی دامەزراند و چاڵاکیی سیاسیی خۆی لە چوارچێوەی حیزبە نوێیەکەدا بەردەوام کرد.

لاهووری تاڵەبانی کە ساڵانێکی زۆر هاوشانی مام و ڕێبەری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتیمانی، مام جەلال تاڵەبانی، بووە، لە بواری پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەدا، زۆر لە مام جەلال دەچوو.

بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان کۆتاییان نەهات و ملمێلانێی نێوان ڕێبەرانی پێشووی یەکێتیی نیشتیمانی و سەرکردەکانی ئێستای حیزبەکە چووە قۆناغێکی نوێ.

ئەو ملمێلانێ و کێشمەکێشە سیاسییە بەردەوامانە لە هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییدا لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥دا گەیشتە ئاستی تێکچوونێکی خوێناوی لە لالەزاری سلێمانی. لەو گرژییەدا ژمارەیەک لە هێزەکانی هەردوو لایەن کوژران و لاهوور تاڵەبانی، لەگەڵ براکەی و ژمارەیەک لە هێزەکانی، دەستگیر کران. ئەوان نزیکەی سێزدە مانگە لە زینداندا بەسەر دەبەن و لە ماوەی ئەم ماوەیەدا چەندین دانیشتنی سەرەتایی دادگا بۆ کەیسەکەیان بەڕێوەچووە.

تێگەیشتن لە کەیسەکەی لاهوور تاڵەبانی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێشینە و مێژووی ئەم ناکۆکییە ناوخۆییە، بە تەواوی ممکن نییە. کەیسی لاهوور تاڵەبانی، لە بنەڕەتدا کەیسێکی پەیوەست بە ملمێلانێی نێوان ڕێبەرانی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانییە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە حکومەتە دەرەکییەکانەوە نییە.

پێش و لە کاتی شەڕەکەی لالەزار، هەندێک تۆمەت ئاراستەی لاهوور تاڵەبانی کراوە، لەوانەش تۆمەتی وابەستەبوون بە وڵاتانی دەرەکی. بەڵام ئەوەی لە پرۆسەی کەیسەکە و گۆڕانکارییەکانی دوای دەستگیرکردنی ئەودا جێی سەرنجە، ئەوەیە کە هێزە دەرەکییەکان لە بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەوەدا هیچ ڕەفتارێکی بڕیاردەر و کاریگەری ئاشکرایان پیشان نەداوە.

تەنانەت بەریتانیا، کە لاهوور تاڵەبانی هاوڵاتیی ئەو وڵاتەیە، هیچ دەستێوەردانێکی ئاشکرای لە کەیسەکەدا نەکردووە. بۆیە قەزیەی لالەزار، دەبێت وەک ملمێلانێ و ناکۆکییەکی نێوان ڕێبەرانی پێشووتر و ئێستای یەکێتیی نیشتیمانی سەیر بکرێت.

ئەگەر دەستێکیش لە پشت ئەم ڕووداوەدا هەبووبێت، پێویستە لە سەرەتادا لە چوارچێوەی ڕکابەرە کۆنەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو یەکێتیی نیشتیمانی بگەڕێندرێتەوە، نەک ئەوەی بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی دادوەری، بابەتەکە بە وڵاتانی ناوچەکەوە پەیوەست بکرێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، تۆمەتی دژایەتیی لاهوور تاڵەبانی لەگەڵ ئێرانیش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردتر و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە. لاهوور تاڵەبانی تۆمەتەکانی هەندێک لایەن سەبارەت بە دژایەتیی لەگەڵ ئێران بە توندی ڕەتکردووەتەوە و بەڵگە و دۆکیومێنتی جۆراوجۆری بۆ ئەم بۆچوونەی خۆی هێناوەتەوە.

ئەو هەروەها لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئەلمۆنیتۆر»دا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە هیچ کەسێک جێگەی قاسم سولەیمانی لە ناوچەکەدا ناگرێتەوە.

 

لاهووری تاڵەبانی لەو وتووێژەدا بە ستایشەوە باسی کەسایەتیی سەردار قاسم سولەیمانی کردووە و وتوویەتی: «ئەو کەسانی بە پێی کەسایەتی و بارودۆخی تایبەتییان دەناسی. لە ناوخۆی وڵاتدا دەگەڕا، دەرگای ماڵی خەڵکی لێ دەدا و بە زمانی خۆیان قسەی لەگەڵیان دەکرد. بۆ نموونە، زیاتر لە سی ساڵ بوو کاک مەسعود (بارزانی) و مام جەلالی دەناسی. ئەگەر ئەو بهاتبایەته ناوچەکە و داواکارییەکی هەبووبا، ئەوان نەیاندەتوانی داواکارییەکەی ڕەت بکەنەوە. بە نەمانی ئەو، ئەمە چیتر ممکن نییە. ناسین و پەیوەندیی ئەو لەگەڵ سیاسەتمەدارانی تری عێراقدا هەمان شێوە بوو و هەموویانی بە ناوی خۆیان دەناسی.»

هەندێک لایەن هەوڵیان داوە ئێران بکەنە بەشێک لەم کەیسە، بەڵام ئەم بابەتە لەگەڵ ڕاستیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتیی نیشتیمانی یەک ناگرێتەوه؛ چونکە یەکێتیی نیشتیمانی پەیوەندییەکی ستراتیژیی لەگەڵ ئێران هەیە و دروستبوونی ناکۆکی و تێکچوون لە ناو ئەم حیزبەدا، بە قازانجی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی ئێران نییە.

ئەوەی لە کەیسەکەی لاهوور تاڵەبانی، کە بە «کەیسی لالەزار» ناودەبرێت، نابێت تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانین و ڕوایەتە سیاسییەکان، مۆرکی ئەمنیی بۆ دابنرێت؛ بەڵکو لە بنەڕەتدا، ئەمە بەرهەمی ناکۆکییەکی ناوخۆی حیزبی و خێزانییە. چونکە تا ئێستا دادگای سلێمانی نەیتوانیوە بە پشتبەستن بە بەڵگە و داتا دادوەرییەکان، بڕیارێکی کۆتایی لەسەر کەیسەکە بدات.

لەبەر ئەمە، گرنگیی دانیشتنەکانی داهاتووی دادگا لەوەدایە کە کەیسەکە لە کۆتاییدا دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگە و داتا دادوەرییەکان یەکلایی بکرێتەوە، نەک لەسەر بنەمای تۆمەت و گومانە ڕۆژنامەوانی و سیاسییەکان.

لەسەر هەموو ئەو کەسانەی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتیمانین، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە، ڕێگای ئاشتی و ئاڵۆزی‌کەمکردنەوە لەنێوان ئامۆزاکان بکرێتەوە و بڕیارەکانی تر دوای ئاشتی و ئارامبوونەوە بۆ خۆیان جێبهێڵرێت.

لە هەمان کاتدا، ئەگەر لاهوور تاڵەبانی بە تاوانێک تۆمەتبارە، پێویستە ئەو تۆمەتە بە بەڵگە لە دادگا بسەلمێنرێت. بەڵام ئەگەر کەیسەکە زیاتر لەوەی سروشتی دادوەری هەبێت، بەرهەمی ناکۆکی و ملمێلانێی سیاسی بێت، بەردەوامبوونی ئەم کەیسە نە بە قازانجی یەکێتیی نیشتیمانییە، نە بە قازانجی هەرێمی کوردستانە و نە بە قازانجی سەقامگیریی ناوچەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.