کشانەوەی پەکەکە لە قەندیل دەبێتە هۆی دروستبونی بۆشایی ئەمنی
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا قەرەسو، كە پێشتر ئەندانی كۆمیتەی ناوەندی پەكەكە بوو (ئێستا پارتەكە هەڵوەشاوەتەوە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "مەدیا خەبەر تیڤی" ڕایگەیاند: ڕەنگە زۆر شت لە جیهاندا ڕووبدەن، بەڵام پرسی نیشتەجێکردنی ئەندامانی تەڤگەر لە ناو کامپەکاندا "مەحاڵە" و بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە. ناوبراو وتی، "ئێمە تەڤگەرێکی وا نین و ناتوانین ببینە هێزێک کە ئیرادەی خۆمان لە ناو کامپەکاندا سنووردار بکەین و بیخەینە ژێر کۆنترۆڵی کەسەوە".
قەرەسوو ئامانجی سەرەکیی خۆیانی ڕوونکردەوە و وتی: "ئێمە دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەین، بگەڕێینەوە تورکیا بۆ ئەنجامدانی سیاسەتی دیموکراتی و ببینە بەشێک لە تێکۆشانی دیموکراسی لەو وڵاتەدا. ئێمە بزووتنەوەیەکی دیموکراتی و شۆڕشگێڕین، بۆیە نابێت کەس پێمان بڵێت بڕۆن لە کامپێکدا بمێننەوە. دەوڵەتی تورکیش زۆر باش ئێمە و پەکەکە دەناسێت و دەزانێت کە شتێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکەین".
سەبارەت بە چارەنووسی ناوچە سنوورییەکانی وەک قەندیل و ئەگەری کشانەوەی گەریلا، قەرەسوو ئاماژەی بەوەكرد، ئەو شوێنانەی ئێستا لێی جێگیرن، بەهۆی "پێگەی ستراتیژییان" هەمیشە چەقی ململانێ و شەڕ بوون. جەختیشی کردەوە کە هەر ئەم گرنگییە جوگرافیایە بوەتە هۆی ئەوەی دەیان ساڵە لە بەرامبەر هێرشە نێودەوڵەتییەکان و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکدا خۆیان ڕابگرن.
مستەفا قەرەسو هۆشدارییدا، چۆڵکردنی ئەم ناوچانە لە لایەن ئەوانەوە، بۆشایییەکی ئەمنی گەورە دروستدەکات و ڕێگە بۆ جێگیربونی هێزە توندڕەوەکانی وەک داعش یان هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان لایەنەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی خۆش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاشەکشەی هێزەکانیان تەنیا کاتێک دەکرێت کە پلانێکی سیاسیی ورد و گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە هەبێت، چونکە هەر هەنگاوێکی بێبەرنامە دەبێتە هۆی دەرئەنجامی نەرێنی و هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ئابی 2026ـدا چوەتە قۆناغێکی نوێی یاساییەوە کە تێیدا پەرلەمانی تورکیا "یاسای چوارچێوە"ی پەسەند کرد، بەڵام پڕۆسەکە لە ڕووی مەیدانی و جێبەجێکردنەوە ڕووبەڕووی سستی و ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران