حەسەکە؛ دەستپێکی گەڕانەوەی دیمەشق بۆ کوردستانی سووریا
کوردپرێس: بەپێی ڕاپۆرتی «نەشناڵ کۆنتێکست»، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگریی سووریا چوونەتە ناو شاری حەسەکە تا بەرپرسیارێتیی کاروباری ئاسایشی شارەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنەوەدا بگرنە دەست. ئەم هێزانە نزیکەی ۱۰۰ کەس لە هێزەکانی پۆلیسی سەربازی و ۳۰۰ تا ۳۵۰ کەس لە یەکەکانی ئەرکی تایبەت لەخۆدەگرن کە لە بەشەکانی باکووری ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا جێگیر کراون.
جێگیربوونی یەکەکانی ئەرکی تایبەت گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم هێزانە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا بەرامبەر قەیرانە ئەمنییەکان، ئاڵۆزییە سەختەکان، بارمتەگرتن و هەڕەشە لەناکاوەکان ڕێکخراون. بەم پێیە، ئامادەییی ئەوان دەکرێت وەک یەکێک لە یەکەم قۆناغە کردارییەکانی گواستنەوەی پلەبەپڵەی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی حەسەکە بۆ حکوومەتی ناوەندی هەژمار بکرێت.
لە قۆناغی دواتردا بڕیارە هێزەکانی پۆلیس، ئاسایشی ڕێگەوبانەکان، پۆلیسی سەربازی و دامەزراوە ئاسایشییەکانی تری وەزارەتی ناوخۆ بچنە ناو شارەکە. هێزەکانی ئاسایشی سەر بە هەسەدەش لە پەیکەرە ئاسایشییە نوێیەکەدا وەردەگیرێن، بەڵام خاڵی یەکلایکەرەوە ئەوەیە کە فەرماندەییی ئەم هێزانە لە دەستی دیمەشقدا دەبێت. بەم شێوەیە، تێکەڵکردنەوەی هێزە کوردەکان بە مانای پاراستنی دەسەڵاتی سەربەخۆیان بەسەر ناوچەکانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا نایەت.
گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە دەستنیشانکردنی بەرپرسانی ئاسایشی لە پارێزگای حەسەکەش هەمان ڕێڕەو پشتڕاست دەکەنەوە. سێ پلەی سەرەکیی ئاسایشیی پارێزگاکە سپێردراون بە کەسانێک کە لەلایەن دیمەشقەوە دەستنیشان کراون و هیچ کامێکیان لەلایەن هەسەدەوە پێشنیار نەکراون.
مەروان ئەلعەلی بە سەرۆکی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگا دەستنیشان کراوە و بەرپرسیارێتیی هەماهەنگیکردنی ئامادەییی وەزارەتی ناوخۆ، پۆلیسی مەدەنی، ئاسایشی گشتی، ڕاپەڕاندنی تاوانکاری و بڕگەکان (کۆنتڕۆڵەکان)ی لەسەر شانە. عەماد فەواز ئەلعەیاش بووەتە سەرۆکی پۆلیسی سەربازی؛ دامەزراوەیەک کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاسا سەربازییەکان، پاراستنی ڕێکخستنی هێزە چەکدارەکان و بەدواداچوون بۆ سەرپێچیی سەربازییەکان.
گرنگیی ئەم دەستنیشانکردنە ئاشکرا دەبێت کاتێک بزانین سێ تیپی جێگیرکراو لە پارێزگای حەسەکە بەشێوەی سەرەکی لە هێزەکانی پێشووی هەسەدە پێکهاتوون. بەڵام کۆنتڕۆڵی ڕێکخستن و یاساییان لە دەستی پۆلیسی سەربازیی ژێر فەرمانی دیمەشقدا دەبێت؛ بۆیە ئەم هێزانە ناتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕەفتار بکەن.
پلەی سێیەم، واتە سەرۆکایەتیی ئاسایشی سەربازی، سپێردراوە بە ثائیر عوبەید ئەلبەلال. ئەم دامەزراوەیە بەرپرسیارێتییەکانی وەک پاراستنی ناوەندە سەربازییەکان، چاودێریی ئاسایشی، هەڵسەنگاندنی هێزەکان و ئەرکەکانی دژەسیخوڕیی لەسەر شان دەبێت. بە گشتی، دەستنیشانکردنی ئەم سێ بەرپرسە نیشان دەدات کە بابەتی سەرەکی لە پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەدا، تەنها پێکەوەبەستنی هێزەکان نییە، بەڵکو گواستنەوەی زنجیرەی فەرماندەیییە.
لە هەمان کاتدا، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاپەڕاندنی پارێزگای حەسەکە بەڕێوە چوو. ئەم ئەنجومەنە لە ڕووی پێکهاتەوە ئامادەیییەکی بەرچاوی کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە هەسەدەی تێدایە، بەڵام ڕۆڵی ئەو بەشێوەی سەرەکی مەدەنییە. دیارە دیمەشق لە پەیکەرە نوێیەکەدا فەزای زیاتری بۆ ئامادەییی هێزە نزیکەکان لە هەسەدە لە بواری مەدەنیدا ڕەخساندووە، لە کاتێکدا دامەزراوەکانی سەپاندنی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئاسایشیی ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا هێشتووەتەوە.
ئەم نموونەیە لە هەفتەکانی ئایندەدا دەکرێت بۆ قامیشلۆ، دێرک، ڕەمێلان و دەروازەی سنووریی سێماڵکاش پەرە بستێنێت. بەتایبەت ڕەمێلان بەهۆی هەبوونی کێڵگە نەوتییەکان و سێماڵکا بەهۆی گرنگیی سنووری و بازرگانییەوە، لە ناوچە گرنگەکانی قۆناغی داهاتووی تێکەڵکردنەوە بەهەژمار دێن.
سێماڵکا لە ڕووی کارگێڕییەوە پێشتر کەوتبووە ژێر پەیکەری حکوومەتی ناوەندی، بەڵام بەشە ئاسایشییەکەی هێشتا بەشێوەی سەرەکی لە دەستی هێزەکانی پێشووی هەسەدە و هێزەکانی پەیوەندیدار بە خۆبەڕێوەبەریدا مابووەوە. چاوەڕوان دەکرێت دیمەشق لە قۆناغی داهاتوودا هێزەکانی خۆی بنێرێتە ئەم ناوچانە و بەشێک لە هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە لە پەیکەرێکی ئاسایشیی هاوبەشدا تێکەڵ بکات. پەیکەرێکی لەم شێوەیە، تەنانەت لە کاتی ئامادەییی بەربڵاوی هێزە کوردەکاندا، دەسەڵاتی تاکی ئاسایشیی پێشوویان لەناو دەبات.
بەپێچەوانەوە قامیشلۆ هێشتا ئاڵۆزترین بەشی ئەم پڕۆسەیەیە و دیارە تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە شێوازی جێگیربوونی هێزە ئاسایشییەکانی حکوومەت تێیدا بەدەست نەهاتووە. بەڵام ئەو ڕێڕەوەی لە حەسەکەدا لە دروستبووندایە نیشان دەدات کە ئەگەری هەرە بەهێز، پێکهێنانی هێزێکی ئاسایشیی تێکەڵاوە لە هێزەکانی ئاسایشی تێکەڵکراو و هێزەکانی سەر بە دیمەشق، لەژێر فەرماندەییی حکوومەتی ناوەندیدا.
هاوکات، گۆڕانکارییەکانی بواری پەروەردە و زمان نیشان دەدەن کە ئەو دەستکەوتانەی بە کورد دراون سنوردارترن لە بەشێک لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان. کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی ناسێنراوە، بەڵام زمانی فەرمیی خوێندن هێشتا عەرەبی دەبێت. قوتابیانی کورد سێ وانەی فێربوونی زمانی کوردی و یەک وانەی چالاکیی هەفتانەیان دەبێت و تەنها بۆ یەک ساڵ دەتوانن بەشێک لە وانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک مێژوو، جوگرافیا و فەلسەفە بە کوردی یان عەرەبی بخوێنن. بەم پێیە، بەپێچەوانەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، کوردی نەبووەتە زمانی فەرمیی خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکاندا.
کۆی ئەم گۆڕانکارییانە نیشان دەدات کە ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە کەوتووەتە قۆناغێکەوە کە دەکرێت ناوی بنێین «تێپەڕین لە تێکەڵکردنەوەی ناوەکییەوە بۆ تێکەڵکردنەوەی کرداری». دیمەشق خەریکی دروستکردنی پەیکەرێکە کە تێیدا ڕەنگە بەشێک لە هێزەکانی پێشووی هەسەدە هێشتا لە دامەزراوە سەربازی و ئاسایشییەکاندا بپێنرێن، بەڵام دەسەڵاتی کۆتاییی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵی ئاسایشی، ڕێکخستنی سەربازی، سنوورەکان و ژێرخانە ستراتیژییەکان بەپێی کات دەگوازرێنەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی.
لە کۆتاییدا، گۆڕانی دۆخی حەسەکە تەنها گواستنەوەی هێز نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە ڕێڕەوێکی بەربڵاوتر بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی بۆ ناوچە کوردنشینەکانی سووریا. ئەگەر هەمان نموونە لە قامیشلۆ، دێرک، ڕەمێلان و سێماڵکاشدا جێبەجێ بێت، دیمەشق بەکرداری کۆنتڕۆڵی ئاسایشیی سەرانسەری ناوچەکانی پێشووی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەگرێتە دەست؛ لە کاتێکدا هێز و کەسایەتییە کوردەکان زیاتر لە ڕۆڵی هێزە تێکەڵکراوەکان و بەڕێوەبەرە مەدەنییەکاندا دەمێننەوە.
بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە ئەوەی ئێستا لە حەسەکەدا ڕوو دەدات دەتوانێت نموونەی کۆتاییی ڕێکخستنی نوێی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشان بدات: «بەشداریی کورد لە دەسەڵات، بەڵام فەرماندەیی لە دەستی دیمەشقدا».
بۆچوونی بەکارهێنەران