خبر 2026-09-02 13:08 کاتی خوێندنەوە: 7 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

کورد کێیە؟

پێناسەکردنی «کورد» ئاسان نییە؛ کورد کۆمەڵگەیەکی مێژوویی و ڕەنگاوڕەنگە کە لە زمان، ئایین، ئەزموونی سیاسی و تێڕوانین بۆ داهاتوودا جیاوازیی قووڵی هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ڕەنگە داهاتووی سیاسەتی کوردی زیاتر لەوەی پێویستی بە یەکێتیی سیاسی بێت، پێویستی بە ڕێگەیەک بێت بۆ پاراستنی هاوپشتی لەگەڵ قبووڵکردنی جیاوازییەکاندا.

کوردپرێس: پرسیاری «کورد کێیە؟» بەڕواڵەت ئاسان دیارە، بەڵام لە سیاسەت و هزری کوردیدا پرسیارێکی ئاڵۆز و تەنانەت مەترسیدارە؛ چونکە هەر وەڵامێکی ئاسان دەتوانێت ڕاستیی فرەڕەهەندی کۆمەڵگەی کورد پەراوێز بخات. کورد دەکرێت لەسەر بنەمای زمان، فەرهەنگ، مێژوو، جوگرافیا، ئەزموونی سیاسی یان خۆناسینەوەی کەسی پێناسە بکرێت، بەڵام هیچ کام لەم پێوەرانە بەتەنیا ناتوانن وێنەیەکی دەستەیی و یەکدەست لە کوردان پێشکەش بکەن.

کوردان لە وڵاتە جیاوازەکاندا دەژین، بە زاراوە و زمانی جیاواز دەئاخڤن، ئەزموونی مێژوویی و سیاسیی جیاوازیان هەیە و لە ڕووی ئایینی، ئایدۆلۆژی، چینایەتی و نەوەیییەوە یەکپارچە نین. تەنانەت سەبارەت بە چەمکەکانی وەک دەوڵەت، سنوور، سەروەری و مانای «کوردستان» جیاوازیی ڕای جدی لە نێوانیاندا هەیە. کەواتە «کورد» زیاتر لەوەی بابەتێکی سیاسیی یەکپارچە بێت، دەربڕی کۆمەڵگەیەکی مێژوویی بەرفراوان و فرەڕەنگە.

لە خۆیەوە بابەتی «یەکێتی» گرنگی پەیدا دەکات. یەکێتی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا زۆرجار بووەتە بەهایەکی تا ڕادەیەک پیرۆز؛ بە شێوەیەک کە جیاوازیی ڕا هەندێک جار بە نیشانەی لاوازی و لێکترازانی ناوخۆیی و هەندێک جاریش بە جۆرێک لە ناپاکیی نیشتمانی ئەژمار دەکرێت. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: یەکێتی لەسەر چی و لە بەرامبەر کێدا؟

هاوپشتیی فەرهەنگی و مێژوویی دەتوانێت سەرمایەیەکی گرنگ بێت، بەڵام گۆڕینی ئەم هاوپشتییە بۆ یەکێتیی سیاسی، ئایدۆلۆژی یان ڕێکخراوەیی بابەتێکی تەواو جیاوازە.

ئێرنست ڕێنان لە وتارە بەناوبانگەکەیدا لە ساڵی ۱۸۸۲دا لەژێر ناونیشانی «نەتەوە چییە؟» جەختی دەکردەوە کە نەتەوە ناکرێت تەنها لەسەر بنەمای ڕەگەز، زمان، ئایین یان جوگرافیا پێناسە بێت. لە تێڕوانینی ئەو، نەتەوە لەسەر بیرەوەریی مێژوویی هاوبەش و ڕەزامەندیی بەردەوام بۆ ژیان لە تەنیشت یەکتردا ڕاوەستاوە؛ ئەوەی کە وەک «ڕاپرسیی ڕۆژانە» بۆ بەردەوامیی بوونی نەتەوەیەک ناوی دەبرد.

ئەم تێگەیشتنە، نەتەوە نە وەک ڕاستییەکی سروشتی و نەگۆڕ، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و بەردەوام دەبینێت. بەڵام دەستنیشانکردنی ئەم تێڕوانینە دژایەتییەکی گرنگ ئاشکرا دەکات: ئەگەر ئینتیمای نەتەوەیی لەسەر ڕەزامەندی ڕاوەستابێت، هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت مافی بەڵگەدار و بێسنووری هەبێت بۆ سەپاندنی یەکێتی بەسەر ئەو کەسانەدا کە یەکێتییەکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکەن.

لە ڕاستیدا، هیچ کۆمەڵگەیەک بەتەواوی یەکگرتوو نییە. فەرەنسا بەرامبەر لێکترازانی ناوچەیی، چینایەتی و ئایدۆلۆژی ڕاوەستاوە؛ بەریتانیا کۆمەڵێک لە ناسنامەی نەتەوەیی جیاوازی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە و ئیسپانیایش هێشتا شاهیدی ملبڕکێی پڕۆژە جیاوازەکانی نەتەوەیییە. تەنانەت دەوڵەتە چەسپاوەکانیش سەبارەت بە مانای ئینتیما، ناسنامە و داهاتووی سیاسیی خۆیان جیاوازیی قووڵیان هەیە.

کەواتە یەکێتیی نەتەوەیی زیاتر لەوەی دۆخێکی هەبوو بێت، ئامانجێک و هەندێک جاریش ئامرازی دەسەڵاتە. دەوڵەتەکان لە ڕێگەی یاسای بنەڕەتی، سیستەمی پەروەردە، سوپا، سنوورەکان، هێماکان، دامەزراوە سیاسییەکان و گێڕانەوە مێژووییەکانەوە، جۆرێکی تایبەت لە یەکێتی بەرهەم دەهێنن و هاوکات دیاری دەکەن کێ لە ناو ئەم چوارچێوەیەدا دەگونجێت و کێ لە دەرەوەی ئەوەدا دەمێنێتەوە.

لێرەدایە کە پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە کوردان دێتە ئاراوە: چونکە گەلێک کە زیاتر لە سەدەیەک ئەزموونی وەکپێککردنی زۆرەملێی هەبووە، بۆچی دەبێت هەمان وێنەی سیاسی لە ناوخۆی خۆیدا دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە؟

کوردان بەپێچەوانەی زۆرێک لە یەکەکانی نیشتمانیی هەبوو، لە وڵاتە جیاوازەکاندا پەرشوبڵاو بوونەتەوە. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگە کوردییەکان لەژێر کاریگەریی هەیکەلە سیاسییە جیاوازەکاندا، فەرهەنگی سیاسیی جیاوازیان پەیدا کردووە. نەتەوەگرایی کوردییش نەیتوانیوە ناوەندێکی سیاسیی یەکپارچە و هاوشێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتە نەتەوەیییە جێگیرەکان دروست بکات.

لە سەرنجی ئەم بابەتەوە، گۆڕەپانی سیاسیی کوردان خۆبەخۆ فرەڕەنگە. پارتە جیاوازەکان ملبڕکێ لەگەڵ یەکتردا دەکەن، حکومەتەکان و پارتەکانی ناوچە جیاوازەکان بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە و کۆمەڵگەی کوردییش لە لێکترازانی ئایدۆلۆژی، ئایینی، زمانی، خێڵەکی و نەوەیی ڕەنگی گرتووە. دروشمی «یەکێتیی نەتەوەیی» ناتوانێت ئەم ڕاستییانە لەناو ببات.

لە بوارەدا، گۆڕانی هزریی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش ئاڵۆنگارییەکە بۆ تێگەیشتنی نەریتی لە نەتەوەگرایی. ئەو لە پڕۆسەی گۆڕانی هزری سیاسیی خۆیدا، جیاوازیی زیاتری لە نێوان نەتەوە و دەوڵەتدا دانا و ڕزگاریی کوردانی بە پێویستی لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی کوردیدا نەپشکنیوە.

چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک لە هزری ئەودا هەوڵ دەدات جۆرێک لە ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی وێنە بکات کە بۆ جێبەجێبوونی، وەکپێککردنی نەتەوەیی یان پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ پێویست نەبێت. لە چوارچێوەیەکی لەم شێوەیەدا، کۆمەڵگەیەک دەتوانێت لە ڕووی فەرهەنگی و سیاسییەوە ڕێکخراو بێت، بەبێ ئەوەی ببێتە هەیکەلێکی چڕکراوە و وەکپێکراو.

«کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک» و «خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک»یش لە هەمان چوارچێوەدا وەک شێوازێک بۆ ڕێکخستنی پێکەوەژیان هاتوونەتە ئاراوە، نە تەنها دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەوڵەت-نەتەوەی چڕکراوە.

بەپێی ئەوەش، ئەم تێڕوانینە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی گرنگ دەبێتەوە. چەمکی «نەتەوەی دیموکراتیک» هێشتا دەستەواژەی «نەتەوە» بەکار دەهێنێت، لە کاتێکدا هەوڵ دەدات بەشێک لە مانای نەریتی و دەوڵەتمەدارانەی ئاوەلا بکات. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تێڕوانینێکی لەم شێوەیە بەڕاستی لە نەتەوەگرایی تێپەڕ دەبێت یان تەنها شێوازێکی نوێ لەوە دەستنیشان دەکاتەوە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە نە لە دەستەواژەکاندا، بەڵکو لە دامەزراوەکاندایە. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا هەیکەلێکی سیاسی بەڕاستی دەتوانێت فرەڕەنگی، دژایەتی سیاسی و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی زامنی بکات یان نا.

گۆڕانکارییەکانی دواییی سوریا وێنەیەکی گرنگە بۆ تاقیکردنەوەی ئەم بابەتە. هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ۲۵ی ئابی ۲۰۲۶دا ڕایانگەەیاند کە کۆتایی بە چالاکیی سەربەخۆی سەربازیی خۆیان دەهێنن و لە سوپای نیشتمانیی سوریادا تێکەڵ دەبن. ئەم گۆڕانکارییە لە درێژەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی گواستنەوەی سوریا لە دیمەشقدا ڕووی دا. ئەم ڕێککەوتنانە بە پشتگیریی ئەنقەرە، لەلایەن لایەنەکانییەوە وەک هەنگاوێک بەرەو گەڕاندنەوەی یەکێتیی سوریا ناسێنراون.

بەڵام «یەکێتیی سوریا» دەتوانێت دوو مانای تەواو جیاوازی هەبێت.

لە مانای یەکەمدا، یەکێتی بە مانای دروستکردنی چوارچێوەیەکی سیاسیی دیموکراتیکە کە تێیدا کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی، دروزی و کۆمەڵەکانی تر هاووڵاتیی یەکسان بن و هاوکات مافە فەرهەنگی و سیاسییە بەماناکانی خۆیان بپارێزن.

لە مانای دووەمدا، یەکێتی دەتوانێت بە مانای گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی چڕکراوەی دەوڵەت بێت بەسەر خاک، ئاسایش و دامەزراوە سیاسییەکاندا؛ دۆخێک کە تێیدا جیاوازییە نەتەوەیی و سیاسییەکان تەنها تا ئەو شوێنە قبووڵ دەکرێن کە ناوەندی سیاسی لە دیمەشقدا دیارییان دەکات.

لە باری یەکەمدا، قسە لە «تێکەڵکردنەوە»یە؛ بەڵام لە باری دووەمدا، مەترسیی ئەوە هەیە کە وەکپێککردن لە پۆشاکی تێکەڵکردنەوەدا بێتە ئاراوە.

لە سەرنجی ئەم بابەتەوە، بابەتی سەرەکیی کوردان ئیتر ئەوە نییە کە ئایا «یەکگرتوو»ن یان نا. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانن بەبێ ئەوەی ببنە دەوڵەت-نەتەوەیەکی بچووک، بوونێکی سیاسیی بەمانایان هەبێت. ئەگەر تێکەڵکردنەوەی هێزە کوردییەکان لە هەیکەلی دەوڵەتی سوریادا ببێتە هۆی هاووڵاتیبوونی یەکسان، ناساندنی مافە فەرهەنگییەکانی کوردان، زامنی مافە سیاسییەکان و بەشداریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە ناوخۆیییەکان، ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت بە مانای گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک بێت. بەڵام ئەگەر ئەنجامەکەی تەنها گواستنەوەی هێزە چەکدارە کوردییەکان بێت بۆ سوپای چڕکراوە و لاوازکردنی دامەزراوە خۆبەڕێوەبەەرەکان و فرەڕەنگی سیاسی بێت، چەمکی «یەکێتی» بەکرداری بە مانای چڕبوونەوەی دەسەڵات دەبێت.

ئەم بابەتە تەنها بە سوریاوە بەند نییە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆدا، زۆرێک لە دەوڵەتان و ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە ڕابردوو جەخت لەسەر تەواوکاریی هەرێمی، سەروەریی دەوڵەتی ناوەندی و پاراستنی سنوورە هەبووەکان دەکەنەوە. لە ئەنجامدا، ئەگەرچی فرەڕەنگی لە وتاری سیاسییدا پێدا هەڵدەگوترێت، هەیکەلە سیاسی و نێودەوڵەتییە زاڵەکان هێشتا بەشێوەی سەرەکی لە قازانجی چڕبوونەوەی دەسەڵاتدا کار دەکەن.

لە سەرنجی ئەم بابەتەوە، ئاڵۆنگاریی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسیی کوردی ڕەنگە بەدەستهێنانی «یەکێتیی نەتەوەیی» بە مانای نەریتییەکەی نەبێت؛ بەڵکو دروستکردنی جۆرێک لە هاوپشتیی سیاسی بێت کە بتوانێت بەرگەی جیاوازی بگرێت.

یەکێتیی کوردی دەتوانێت بە مانای یەک پارت، یەک ئایدۆلۆژی یان یەک دەوڵەتی هاوبەش نەبێت. دەتوانێت لەسەر کۆمەڵێک لە بەڵێنە هاوبەشەکان بۆ مافە دیموکراتیکەکان، ماندنەوەی فەرهەنگی، فرەڕەنگی سیاسی و بەڕەسمیناسینی ڕێزگرانەی کۆمەڵگە کوردییەکان ڕاوەستابێت.

لە کۆتاییدا، ڕەنگە پرسیارە ڕاستەکە ئیتر ئەوە نەبێت کە «کوردان چۆن دەتوانن ببنە یەک؟» بەڵکو دەبێت بپرسرێت: «کوردان چۆن دەتوانن بەبێ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە وەک یەک بن، هێشتا لە ڕووی سیاسییەوە بە یەکترەوە بەند بن؟»

ئەم گۆڕینی پرسیارە، دانوستانی کوردان لە گەڕان بەدوای یەکپارچەیی و وەکپێککردندا دەگوازێتەوە بەرەو دیموکراسی، فرەڕەنگی و سیاسەتی پێکەوەژیان.

 

و ڕەنگە وەڵامی پرسیاری دەستپێکیش لە لێرەدا بێت: کورد کەسێک نییە کە پێویست بێت لە هەیکەلێکی سیاسیی هاوبەشدا جێگەی ببێتەوە؛ کورد دەتوانێت ئەندامێک بێت لە کۆمەڵگەیەکی مێژوویی و فەرهەنگیی فرەڕەنگ کە مافی خۆیەتی سەبارەت بە شێواز، سنوور و داهاتووی ئینتمای سیاسیی خۆی جیاوازیی ڕای هەبێت.

گۆڤاری ئامارچی

نووسەر: سەیوان سەعید، نووسەری ئەم وتارە، مامۆستای یاریدەدەری لێکۆڵینەوە ناوچەیییەکان لە زانکۆی نۆرمالی شانشی لە چین و مامۆستای زانکۆی «ڕۆژئاوا»یە لە سووریا. ئەو قۆناغی بەکالۆریۆسی لە لقی کۆمەڵناسی و ماستەری لە لقی سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی وۆڵڤەرهامپتۆن لە بەریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی ۲۰۱۵دا بڕوانامەی دکتۆرای لە بوار سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئێکستەر وەرگرتووە.

سەیوان سەعید لە ساڵی ۲۰۱۵ەوە لە زانکۆ جیاوازە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا وانەی وتووەتەوە و وتار و توێژینەوەی زۆری سەبارەت بە بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەوەش بە شەش زمان بڵاو کردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.