دەستەی چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی چوار لیژنەی نوێی پێکهێنا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و بڕیاری دا چوار لیژنە پێک بهێنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەدا.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە، داد، ناوخۆ، بەرگری، سەرۆکی هەواڵگری و سکرتێرانی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی ئاسایش بەڕێوەچوو و سێ کاتژمێر و نیوی خایاند.
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تاوتوێی پشتڕاستکردنەوەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پرۆسەی چەکدانان، گەڕانەوەی گەریلاکان و تێکەڵبوونەوەیان بە ژیانی ئاسایی و دۆسیەی یاساییان کرا. لە ڕاگەیەنراوێکیشدا دەستەکە جەختی لەسەر گرنگیی سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕوشۆڕ بێت و ئاشتی باڵ بەسەر تورکیا و ناوچەکەدا بکێشێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە چوار لیژنە پێک بهێنرێن کە بریتین لە: لیژنەی هەماهەنگیی کاروباری یاسایی و دادوەری، لیژنەی چاودێری و پشتڕاستکردنەوە، لیژنەی گونجاندنی کۆمەڵایەتی و یەکگرتنەوە، و لیژنەی چەکدانان و هەماهەنگیی ستراتیژی. پێشتریش پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵیی دەم پارتی ڕایگەیاندبوو کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێتە ئەندامی لیژنەی چەکدانان و کارەکانی ئەو پرۆسەیە ڕێک دەخات.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە 18ـی ئاب بە واژۆی ئەردۆغان، یاسای کاتیی پرۆسەی ئاشتی بۆ ماوەی شەش مانگ لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە. جێبەجێکردنی یاساکە بەستراوەتەوە بە ڕاپۆرتی پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە. یاساکە ئۆجەلان و سەرکردە باڵاکانی پەکەکە ناگرێتەوە، بەڵام ڕێگە دەدات ئەو گەریلایانەی کەسیان نەکوشتووە، پەنابەرانی مەخموور و ئاوارەکان بگەڕێنەوە تورکیا، هەروەها نزیکەی چوار هەزار کەسیش کە بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە زیندانی کراون، ئازاد دەکرێن.
بۆچوونی بەکارهێنەران