خبر 2026-08-31 10:23 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پڕۆسەی ئاشتی پەردە لەسەر چارەنووسی ئەندامانی بێسۆراغی پەکەکە لادەدات

ژمارەیەک لە خێزانە کوردەکانی تورکیا ساڵانێکی دورودرێژ وابیریان دەکردەوە کە منداڵەکانیان کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە هێشتا لە ژیاندا ماون؛ بەڵام بڵاوکردنەوەی لیستی کوژراوان، ئێستا کۆتایی بە بەشێک لەم چاوەڕوانییە درێژخایەنە هێناوە.
نسخه صوتی خلاصه خبر | کمتر از ۳ دقیقه

دانلود فایل صوتی

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا (فرانس پرێس) لە ڕاپۆرتێکدا سەرنجی خستۆتە سەر چارەنووسی ئەو خێزانانەی ساڵانێک بوو لە گیانلەدەستدانی ئەندامەکانیان لە ڕیزەکانی پەکەکەدا بێخەبەر بوون و ڕەهەندێکی کەمتر بینراوی پڕۆسەی ئاشتی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە باس کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوو کە بەرپرسانی تورکیا دوای پەسەندکردنی یاسای تێکەڵکردنەوەی هێزە کوردەکان لە کۆمەڵگەدا، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی لیستی ئەندامە کوژراوەکانی پەکەکە کردووە؛ هەنگاوێک کە بۆ ژمارەیەک لە خێزانە کوردەکان، دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی و بێخەبەری، یەکەم دانپێدانانی فەرمییە بە گیانلەدەستدانی منداڵەکانیان.

 یەکێک لەم کەسانە مەنال کۆناک-ی ۳۱ ساڵەیە، کە تازە لەم هەفتەیەدا زانیویەتی مەحموودی برای (کە ساڵی ۲۰۱۴ لە تەمەنی ۱۸ ساڵیدا بۆ پەیوەندیکردن بە پەکەکەوە چووبووە سووریا)، لە ساڵی ۲۰۲۰دا کوژراوە. خێزانەکەی لە دوا پەیوەندییانەوە لە ساڵی ۲۰۱۷دا وابیریان دەکردەوە کە مەحموود هێشتا زیندووە.

بەڵام تا ئێستاش هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە شوێنی ناشتنی یان ڕووفاتەکەی نییە. فرانس پرێس دەنوسێت: دۆخی خێزانی مەحمود نموونەیەکە لە چارەنووسی ژمارەیەک خێزانی کورد کە لە دەیەکانی ڕابردوودا بەبێ بەڕێوەچوونی مەراسیمی نێژتن و تەنانەت بەبێ زانیاری دروست لە چارەنووسی ئازیزانیان ژیاون. بەم هۆیەوە، لە ناوچەکانی ئیستەنبووڵ و کوردستانی تورکیا، شوێن بۆ یادکردنەوەی کوژراوان تەرخانکراوە تا خێزانەکان بتوانن بەبێ هەبوونی گۆڕ، مەراسیمێک بۆ ئەندامە گیانبەختکردووەکانیان بگرن. لە یەکێک لەم مەراسیمانەدا لە ناوچەی گوچوکچەکمەجەی ئیستەنبووڵ، خێزانی هەشت ئەندامی کوژراوی پەکەکە کۆببوونەوە.

 وێنە و ڤیدیۆی کاتی ژیانی ئەو کەسانە پەخشکرا و خێزانەکان بە دروشمی کوردی و هێمای ئاشتییەوە یادیان بەرز ڕاگرتن. یەکێک لە کەسوکاری کوژراوەکان بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە تا پێش ئەمە، خێزانەکان هێشتا هیوایان هەبوو منداڵەکانیان بگەڕێنەوە و تەنانەت نەشیاندەزانی لە سەردەمی ئەندامێتییان لە پەکەکەدا چییان بەسەرهاتووە.

 بە وتەی ئەو، پڕۆسەی ئاشتی ئەم دەرفەتەی ڕەخساندووە کە خێزانەکان لانیکەم بەدوای دۆزینەوەی شوێنی گۆڕی منداڵەکانیاندا بگەڕێن. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە خێزانانێکیش دەکات کە چەندین دەیە لە چاوەڕوانی پشتڕاستکردنەوەی مەرگی ئەندامەکانیاندا بوون. لەتیف کۆل دەڵێت لە ساڵی ۱۹۹۴ەوە دەیزانی برایە بچووکەکەی کوژراوە، بەڵام تەنها بەم دواییانە جەختکردنەوەی فەرمی ئەم هەواڵەی پێگەیشتووە. ئەو پێی وایە خەباتی ئەم کەسانە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە وایکردووە کورد ئەمڕۆ بتوانێت ئازادانەتر بە زمانی کوردی قسە بکات. بەپێچەوانەی ئەمەوە، فرانس پرێس جەخت دەکاتەوە کە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری لەرادەبەدەر بە مانای چارەسەربوونی کێشەی کورد نێت.

 سەباحەت تونجەل، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، یاسای ئەمدوایە تەنها بە "هەنگاوی یەکەم" دەزانێت و پێی وایە ئەم یاسایە زیاتر جەخت لەسەر داماڵینی چەک دەکاتەوە و وەڵامدەری کێشە سیاسی و یاساییەکانی پەیوەندیدار بە کێشەی کورد نییە. ئەو بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پڕۆسەی ئێستادا دەڵێت، ڕێگای ئاشتی هێشتا زۆر درێژە و ئەوەی تا ئێستا کراوە تەنها سەرەتای ڕێگایەکەیە.

 بە گشتی، ڕاپۆرتەکەی فرانس پرێس وێنەیەکی جیاواز لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەخاتە ڕوو؛ ئاماژە بەوە دەکات کە لە پاڵ دانوستانە سیاسییەکان، داماڵینی چەک و گەڕانەوەی هێزەکانی پەکەکە بۆ ژیانی مەدەنی، هەزاران خێزان هێشتا بەرەوڕووی کێشەیەکی چارەسەرنەکراون، کە ئەویش: ئاشکرابوونی چارەنووسی ئەندامە بێسۆراغەکانی پەکەکە، وەرگرتنی پشتڕاستکردنەوەی فەرمی مەرگیان، و دۆزینەوەی ڕووفات و شوێنی گۆڕەکانیانە. ئەم ڕەهەندە مرۆیی و شاراوەیەی جەنگی چوار دەیەی ڕابردوو، ئێستا بە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی زیاتر لە هەر کاتێک لە دەرکەوتندایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.