کار بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گرووپە نەیارەکانی ئێران و تورکیا لەسەر خاکی عێراق دەکرێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قاسم ئەعرەجی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الجزيرة" ڕایگەیاند، حکوومەت لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە مەبەستی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. ئاماژەی بەوەشکرد کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، دەرفەتێکی گونجاو دەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەرەو قۆناغێکی جددیتر بچن و دۆسیەی چەک یەکلا بکرێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەعرەجی جەختی کردەوە کە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا نایەت، بەڵکو گۆڕینەوەی زانیاریی ئەمنی لە نێوان هەردولادا بەردەوام دەبێت. وتیشی، "عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا هەیە و هەوڵدەدەین ببینە پردێکی پەیوەندی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە مافی هەمو وڵاتانی ناوچەکە بپارێزێت".
ڕاوێژکارە ئەمنییەکەی سەرۆکوەزیران، باسی لە پرسی پەکەکە و هێزەکانی تورکیا کرد. ئەعرەجی بوونی پەکەکەی لەسەر خاکی عێراق بە "نایاسایی" وەسفکرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنی تورکی کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە بە کۆتاییهاتنی دۆسیەی پەکەکە، ئەو بارودۆخە نائاساییەیش کۆتایی دێت کە بووەتە هۆی بوونی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا.
ئەعرەجی باسی لەوەشکرد، ئێران داوای دەرکردنی گرووپە نەیارەکانی لە عێراق دەکات و بەغدادیش سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بەو دۆسیانە بهێنێت کە دەبنە هۆی ئازار بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ. دووپاتیکردەوە کە بەرژەوەندیی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکە و حکوومەت توانای ئەوەی هەیە لایەنەکان قایل بکات بە ئاراستەی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
قاسم ئەعرەجی، لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی جەزیرەدا لەبارەی ئەوەی ئایا چەکداماڵین هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە وتی، پێشمەرگە هێزێکی یاساییە و لە دەستووردا بە ناوی ‘حرس الأقليم’ دانی پێدانراوە، بۆیە دەمێنێت و ئێمەش لە ڕووی یاساییەوە بەرگریی لێ دەکەین.
بۆچوونی بەکارهێنەران