عێراق 30ی ئەیلوول تەواوبوونی سەروەریی خۆی لەسەر هەموو خاکی وڵات ڕادەگەیەنێت
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی زەیدی لە وتارێکدا لە کاتی ئاهەنگی دیوانی وەقفی سوننی کە لە بەغدای پایتەخت بەبۆنەی یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام ڕایگەیاند کە حکوومەت لە کاتی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، پەیمانی بنیاتنانی عێراقێکی تەواو سەروەر داوە؛ عێراقێک کە هەموو هۆکارەکانی ڕێز، سەربەرزی و ئاسایش بۆ هاوڵاتییان تێیدا دابین بێت.
بەپێی وتەکانی زەیدی، بەرنامەی حکوومەت ڕێبازێکی ڕوونی بۆ بنیاتنان و چاکسازی و تێکۆشان دژی گەندەڵی دیاری کردووە، هەروەها بەهێزکردنی ژینگەی کاری بەرهەمدار و بنیاتنانی دامەزراوە ئاسایشییەکان لەژێر چوارچێوەی دەستوور، بەشێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتن.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە ڕەوا نییە عێراق ببێتە شوێنی بەکارهێنانی خاکی بۆ ئازاردانی وڵاتانی تر.
لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کرد و وتی: ڕۆژی 30ی ئەیلوول دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ ڕاگەیاندنی تەواوبوونی سەروەریی عێراق بەسەر تەواوی خاکی وڵاتدا.
زەیدی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە کرد و وتی ئەم دۆخە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا هۆی دروستبوونی دابەشکاری و جیاوازی لە هەڵوێست و تێڕوانینە سیاسییەکان بووە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پێویستییە وڵاتانی ناوچەکە و گەلەکانیان یەکێتی لە هەڵوێست و بڕیارەکاندا بەدیبهێنن، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران