ئەمریکا ڤیزەی تەیف سامی-ی هەڵوەشاندەوە
کوردپرێس: بەگوێرەی هەواڵێكی تۆڕی فۆركس نیوزی ئەمریكی، چوار ساڵ دوای ئەوەی وەک یەکێک لە ئازاترین ژنانی جیهان لە واشنتن خەڵات کرا، ئێستا تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، ناوی لە لیستی چاودێری تیرۆری ئەمریکادایە و ڤیزەکەی لێ سەندراوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی تڕەمپ بڕیاری دا هەموو ئەو رێزلێنانە هەڵوەشێنێتەوە کە ئیدارەی پێشوو دابووی بە ناوبراو.
لایخۆیەوە دیلان جۆنسۆن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە ئیدارەی نوێ و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە رێگە نادەن هیچ گۆمانلێکراوێکی تیرۆر لە ئەمریکا بمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2022ـدا، ئۆنتۆنی بلینکن بە توندی ستایشی سامی کردبوو و وەک "ژنێکی ئاسنین" و جەنگاوەری دژی گەندەڵی ناوی بردبوو.
هاوكات یاسادانەرانی کۆماری لە کۆنگرێس، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوب، پێشتر داوای سزادانی سامییان کردبوو و رایانگەیاندبوو، ناوبراو "کارئاسانی سەرەکی بووە بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر لە عێراق" لە رێگەی سیستەمی دارایی و بوودجەی وڵاتەکەیەوە.
بەگوێرەی تۆڕە ئەمریكیەكە، هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەی واشنتن، لە ناوخۆی عێراقیش تەیف سامی لە لایەن دادگاوە داواکراوە. لە (ئاب/8)ـی 2025ـدا، دادگایەکی عێراقی فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ دەرکرد وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان لە گەندەڵی و دیارنەمانی پارەی گشتی لە گرێبەستە حکومیەکاندا.
فۆركس نیوزی ئەمریكی باسی لەوەشكردوە، "وا بڕوا دەکرێت سامی ئێستا لە دەرەوەی عێراق بێت، بەڵام بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، چیتر رێگەی پێ نادرێت بچێتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە".
تەیف سامی لە ماوەی کارکردنیدا وەک سەرسەخترین بەرپرسی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەبینرا. ئەو ناردنی مووچەی بەستبۆوە بە وردبینی توند و تەوتینکردن لە بانکە فیدراڵیەکاندا، ئەمەش بو بە هۆی بڕینی بەردەوامی شایستە داراییەکان بە پاساوی کێشە لە کۆدی بایۆمەتری و ناوی دوبارە و دژایەتیکردنی پڕۆژەی "هەژماری من"ی هەرێم.
لە ساڵی 2025دا، تەیف سامی بە نووسراوێکی فەرمی بوودجەی هەرێمی ڕاگرت، ئەمەش کاردانەوەی توندی بەرپرسانی هەرێمی لێکەوتەوە. ئەو مەرجی رادەستکردنی تەواوی نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ ناردنی پارە دانابوو. دواجار لە 2026ـدا سکاڵای یاسایی دژ بە هەرێم تۆمار کرد. بەلام لەگەڵ ڕاگەیاندنی حكوومەتی نوی پۆستەكەی لەدەستدا و جارێكی دیكە بە وەزیری دارایی هەڵنەبژێردرایەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران