نزیکەی ۸۰ هەزار پارچە زەوی کە پشکی فەرمانبەران بوو، لە سلێمانی بە نایاسایی فرۆشراون!
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەم بابەتەی ئاشکرا کردووە و نووسیویەتی: «هەموو ئەو زەوییانەی کە بڕیار وابوو دابەش بکرێن بەسەر مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانیدا، ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە مەتر مەتر دەکرێن و دەفرۆشرێن.»
پەرلەمانتارەکە ڕوونی کردووەتەوە کە تیمێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە کە بە شێوازێکی بەردەوام و نایاسایی خەریکی کەرتبەندکردنی زەوییەکانن و ناویان ناوە (تازە ئیفراز). پرۆسەکە بە جۆرێکە، ئەو زەوییانەی پشکی مامۆستا و فەرمانبەران بوون، دوای مەتر مەترکردنیان لە لایەن کۆمپانیایەکەوە لە گەڕەکی سەرچنار بە ناوی (ما.....) فۆڕم و ڕێگەپێدانی فەرمییان بۆ دروست دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی عەلی حەمەساڵح، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە، نزیکەی (٨٠) هەزار پارچە زەوی بە شێوازی نایاسایی کەرتبەند کراون و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کارەکە بە تەواوی دوورە لە ئاگاداریی حکومەت، شارەوانی و بە بێ بوونی تاپۆ ئەنجام دەدرێت، کە بەهاکەی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران