خبر 2024-05-04 13:54 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
مەسروور بارزانی بۆ شاندی ئەمریکی:

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەنجام بدرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرد کە لە سێناتۆر تێد بە‌د و سێناتۆر جۆنی ئێرنتس پێک هاتبوون، کە بە ئامادەبوونی ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی لە هەرێم ئەنجام درا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێم، گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و گرنگیی پاراستنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.

شاندی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پشتگیریی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پێشمەرگەدا.

مەسروور بارزانی جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و هەروەها ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.