خبر 2019-03-21 07:13 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

هێزەکانی سووریای دیموکرات حەوت هاوڵاتیی دیکەى ئێزدییان ڕزگار کرد

بەشی سووریا- هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە ناوچەى باغۆزى دوا پێگەى داعش حەوت هاوڵاتی دیکەى ئێزدییان ڕزگار کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگاى مالا ئێزیدى بۆ کاروبارى ئێزدییەکان لە هەرێمى جزیرەى کوردستانی سووریا ڕایگەیاندووە: هەسەدە لە ناوچەى باغۆز حەوت هاوڵاتیی ئێزدییان لەدەستى چەکدارانى داعش ڕزگارکردووە و دواتر ڕادەستى دەزگاکەیان کردوونەتەوە.

ئاماژەى بەوەش کردووە، پێنج لەو حەوت هاوڵاتییە ژنن و دوانیشیان منداڵن.

ئەوە لەکاتێکدایە، ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر ناوچەى داعش بەردەوامە و دوێنێش هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵی تەواوی کامپی باغۆزی یەکێک لە دوا پێگەکانی داعشیان ڕاگەیاند لە نزیک سنووری هاوبەشی عێراق و سووریا.

بە وتەى سەرچاوە سەربازییەکانیش، دوای کۆنترۆڵکردنی کامپی باغۆز لە ئێستادا ئەو چەکدارانەی داعش کە ماون، لە ناوچەیێکی بەرتەسکی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتدا لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە گەمارۆدراون.

لە سەرەتاى هێرشی چەکدارانى داعش لە ساڵى ٢٠١٤ بۆ سەر قەزاى شنگال و دەوروبەرى، ژمارەیێکى زۆرى هاوڵاتییانى ئێزدى لە ژن و منداڵ و پیر و لاوان ڕفێنران و تا ئێستاش بەشێکیان لەژێر دەستى ئەو چەکدارانەدا ماون و پرۆسەى ڕزگارکردنیان بەردەوامە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.