ئامانج گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانی سەرێکانییە پێش هاتنی زستان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود خەلیل ناسراو بە «سیامەند عەفرین» جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگەی حەسەکە، ڕایگەیاند کە بەرنامەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و ناوچە گوندنشینەکانی دەوروبەری بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و ڕەخساندنی دۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی دانیشتووان لە جێبەجێکردندایە. ئەو گوتی بەرپرسان لە بەرچاویدان هەموو هەفتەیەک دوو کۆمەڵە لە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەڕێننەوە کە هەر کۆمەڵەیەک ٥٠٠ خێزان لە خۆ دەگرێت.
خەلیل بە ئاماژەدان بە پێویستیی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاوارەکان لە کاتی گەڕانەوەیاندا، جەختی کردەوە کە ئەم ڕەوتە دەبێت بە شێوەیەک بەڕێوە بچێت کە ڕێگری لە دروستبوونی ئاڵۆزییە ئەگەرییەکان و گەیشتنی زیان بە خێزانە گەڕاوەکان بکات.
ئەو زیادی کرد کە ئێستا ٧٥ گوند بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی خۆیان ئامادە کراون و بۆ ئەم هەفتەیەش بەرنامەڕێژی بۆ سێ کاروانی گەڕانەوە کراوە کە بەپێی پێشبینییەکان، نزیکەی ۲ هەزار خێزان بۆ ماڵەکانی خۆیان دەگەڕێنێتەوە.
ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شاری سەرێ کانی
جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگەی حەسەکە هەروەها ڕایگەیاند کە هاوزەمان لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکانی گوندەکان، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی شاری سەرێ کانیش لە جێبەجێکردندایە.
بە وتەی خەلیل، ٥٠ خێزان کە پێشتر لەم شارەدا نیشتەجێ بوون، بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵەکانی خۆیان لە گەڕەکەکانی غوێران، نیشوە و عەزیزیە لە شاری حەسەکە هەنگاویان ناوە.
ئەو ڕوونی کردەوە کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوەندی شاری سەرێ کانی بە هاوکاریی کۆمیتەی ئاوارەکانی ئەم شارە ئەنجام دەدرێت و ئەم ڕەوتە دوای چۆڵکردن و ئامادەکردنی ماڵەکانیان بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
خەلیل لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی خێراکردنی ڕەوتی گەڕانەوەی ئاوارەکان پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما گوتی: «ئێمە دەمانوێت پێش هاتنی زستان، تەواوی ئاوارەکان بگەڕێنینەوە تا دەرفەتیان هەبێت ماڵەکانی خۆیان ئامادە بکەن و پێش زستان تێیاندا نیشتەجێ ببن.»
بۆچوونی بەکارهێنەران