پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی چۆن پێکهاتەی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریای گۆڕی؟
کورد و عەرەب داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دەکەن لەسەر زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان لە سووریا
لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج دەیە لە جێبەجێکردنی «پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی» لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناکۆکی لەسەر زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان بەردەوامە. لە کاتێکدا بنەماڵە کوردەکان داوای وەرگرتنەوەی زەوییەکانی خۆیان دەکەن، ئەو بنەماڵە عەرەبانەش کە لە دەیەی ۱۹۷۰دا بۆ ئەم ناوچانە گواسترابوونەوە داوای گەڕاندنەوەی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانیان لە پارێزگای ڕەققە یان وەرگرتنی قەرەبوو و خانووبەرەی جێگرەوە دەکەن. خەمڵاندنە بەردەستەکان ئاماژە بە بەرفراوانیی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان دەکەن و پسپۆڕانی یاساییش جەخت دەکەنەوە کە چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە دەبێت لە چوارچێوەی دادپەروەریی گواستنەوە، دابینکردنی مافی خاوەنە ڕەسەنەکان و پاراستنی پێکەوەژیانی کورد و عەرەبدا بەرەو پێش ببرێت.
شوکری دەقووری، لە دانیشتووانی ناوچە کوردنشینەکانی نزیک سنووری سووریا و تورکیا، خەمڵاندنی ئەوە دەکات کە لە چوارچێوەی ڕێباز و سیاستەکانی حکوومەتی بەعسدا، نزیکەی ۲۸۰ هەزار هێکتار زەویی سەر بە خاوەنە کوردەکان لە کەرتی سنووریدا دەستی بەسەردا گیراوە. لە هەمان کاتدا، توێژەرانی ڕێکخراوی «سوورییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری» ڕایانگەیاندووە کە نزیکەی ۳۳۵ گوندی کوردنشین لە لێکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە زیانیان بەرکەوتووە و دەیان ئاوەدانی و کێڵگەی دەوڵەتیش لەسەر زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان دروست کراون.
ئەم ڕێکخراوە خەمڵاندوویەتی کە نزیکەی ۷۳ هەزار هێکتار زەوی بۆ دروستکردنی ئاوەدانی بۆ بنەماڵە عەرەبەکان تەرخان کراوە و نزیکەی ۱۳۹ هەزار هێکتاری دیکە لە زەویی بنەماڵە کوردەکان بۆ کێڵگە دەوڵەتییەکان دابڕێنراون. ئەم ژمارانە خەمڵاندنی سەرەتایین و بە وتەی توێژەرانی ڕێکخراوەکە، پێویستیان بە توێژینەوە و ڕاستکردنەوەی ورد هەیە.
لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە کانونی یەکەمی ۲۰۲۴ و دەستپێکردنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسیی سووریا، بنەماڵە کوردەکان هیوادار بوونەتەوە کە بتوانن بەدواداچوونی مافی خاوەندارێتییان بکان. لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە بنەماڵە عەرەبەکانیش جەخت دەکەنەوە کە خۆیان قوربانیی سیاستەکانی حکوومەتی پێشوو بوون و نابێت بەهۆی گواستنەوەی زۆرەملێیان بۆ ئەم ناوچانە، بە بەرپرسیاری دەستبەسەرداگرتنی زەویی کوردەکان بزانرێن.
حکوومەتی سووریا دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی بەعس لە کودەتای هەشتی ئاداری ۱۹۶۳دا، هەنگاوگەلێکی لەپێناو بەهێزکردنی ناسنامەی عەرەبی و سنووردارکردنی ناسنامەی کوردی گرتە بەر. لە ساڵی ۱۹۶۵دا، پڕۆژەیەک بە ناوی کەمەربەندی عەرەبی دارێژرا کە ئامانجی دروستکردنی کەرتی ئاوەدانیی عەرەبنشین بوو لە ناوچەی جەزیرە، لە درێژایی سنووری سووریا و تورکیا و لەو بەشەنەی کە زۆرینەی دانیشتووانی کورد بوون.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتای دەیەی ۱۹۷۰دا دەستی پێ کرد. حکوومەتی ئەو کاتە بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دروستکردنی گوندی نوێ، بنەماڵە عەرەبەکانی لەم ناوچانەدا نیشتەجێ کرد. ژمارەیەک لەم بنەماڵانە پێشتر لە دوای پڕبوونی ئاوی بەنداوی فورات لە پارێزگای ڕەققە، زەوی و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانیان لەدەست دابوو.
خەمڵاندنەکان نیشان دەدەن کە نزیکەی ۱۴۰ هەزار هاووڵاتیی کورد لە زەوییە بەپیتەکانی خۆیان بێبەش کران و ئاوارە بوون، و بنەماڵە عەرەبەکان لە بەشێک لەم زەوییانەدا نیشتەجێ کران. ئەم ئاڕاستەیە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچەکەی گۆڕی. سەرباری وەستانی پڕۆژەکە لە ساڵی ۱۹۷۶دا، زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ خاوەنە کوردەکانیان نەگەڕێنرانەوە.
ئێستا بابەتی خاوەندارێتیی ئەم زەوییانە بووەتە یەکێک لە بابەتە ڕووخستراوەکان لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیی سووریادا؛ بابەتێک کە چارەسەرکردنی پێویستی بە توێژینەوەی هاوزەمانی مافی خاوەنە کوردەکان، دۆخی بنەماڵە عەرەبە گوازراوەکان و بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لە سیاستەکانی ڕابردوو هەیە.
فەیسەڵ عەبوود ئالشەواخ ئەلبوورسان، پیاوێکی ۷۰ ساڵە کە لە گوندی بەحیرە لە نزیک شاری ئاموودا دەژێت، دەڵێت بنەماڵەکەی لە سەرەتاییترین دانیشتووانی ئەم گوندە بوون. بە وتەی ئەو، بنەماڵەکەی لە یەکەمی ئایاری ۱۹۷۵دا، دوای دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لە پارێزگای ڕەققە لەلایەن حکوومەتی بەعسەوە، بۆ ناوچەی جەزیرە گواسترانەوە.
فەیسەڵ عەبوود ئالشەواخ ئەلبوورسان دەڵێت: «بە فەرمانی حافز ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی سووریا، هاتینە ناوچەی جەزیرە؛ چونکە حکوومەت بە زۆر ئێمەی لە زەوییەکانمان لە ڕەققە دەڕکرد. گوند و زەوییەکانمان بێ پێدانی قەرەبوو دەستیان بەسەردا گیرا. زۆرهێنانێکی زۆر کرایە سەرما، مزگەوت و قوتابخانەکانیان ڕووخاند و درەختی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێمەیان لەناو برد.»
ئەو جەخت دەکاتەوە کە گواستنەوەی بنەماڵەکەی بۆ ناوچە کوردنشینەکان بە مەبەستی زەوتکردنی زەویی کوردەکان ئەنجام نەدراوە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاستەکانی حکوومەتی ئەو کاتە بووە. بە وتەی ئەو، بەرپرسانی دەوڵەتی لە کاتی نیشتەجێکردندا بە بنەماڵەکەیان گوتبوو زەوییە ڕادەستکراوەکان سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریان و بنەماڵەکەی لە ئەگەری سەر بە خاوەنە کوردەکان بوونی ئەم زەوییانە ئاگادار نەبوون.
ئەم بنەماڵەیە زیاتر لە ۵۰ ساڵە لەم ناوچەیەدا دەژێت. فەیسەڵ عەبوود ئالشەواخ ئەلبوورسان دەڵێت لەم ماوەیەدا هیچ کێشەیەک لە نێوان بنەماڵەی ئەو و کوردەکانی ناوچەکەدا دروست نەبووە و بنەماڵەکەی دژی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان نییە.
ئەو دەڵێت: «ئێمە دژی کوردەکان یان خاوەنە ڕەسەنەکانی زەوییەکان نین. ئەگەر بەڵگەنامەیان بۆ سەلماندنی خاوەندارێتیی خۆیان هەیە، مافی خۆیانە داوای گەڕاندنەوەی زەوییەکانیان بکان.»
داواکاریی بنەماڵەی فەیسەڵ عەبوود ئالشەواخ ئەلبوورسان، وەرگرتنەوەی زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان لە ڕەققە یان وەرگرتنی قەرەبووی دادپەروەرانە و خانووبەرەی جێگرەوەیە لەو پارێزگایەدا. ئەو دەڵێت ئەگەر دەوڵەت ڕێگەچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان و گەڕانەوەی بنەماڵەکەی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوو بڕەخسێنێت، ئامادەن ناوچەکە بەجێ بهێڵن.
بە بڕوای ئەو، چارەسەرکردنی ناکۆکی دەبێت بە جۆرێک بڕواتە پێش کە هم مافی خاوەنە ڕەسەنە کوردەکان بپارێزرێت و هم ئەو بنەماڵە عەرەبانەی بە بڕیاری حکوومەتی پێشوو بۆ ناوچەکە گوازراونەتەوە، بەهۆی سیاستگەلێک کە لە دروستبوونیدا ڕۆڵیان نەبووە، سزادانیان بەسەردا نەسەپێت.
شوکری دەقووری، ۵۱ ساڵە و لە دانیشتووانی کۆنی گوندی کوردنشینی بەریفا، دەڵێت بنەماڵەکەی بەڵگەنامەی خاوەندارێتیی زەوییەکانی خۆی لە دەستدایە و لە شوێنی وەرگرتنی قەرەبووی دارایی، داوای گەڕاندنەوەی موڵک و مافە لەدەستچووەکانی دەکات. ئەو دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان بە بەشێک لە سیاستێکی ئامانجدار بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچە کوردنشینەکان دەزانێت.
بە وتەی شوکری دەقووری، ئێستا نزیکەی ۷۰ هێکتار لە زەوییەکانی سەر بە هۆزی دەقووری ماونەتەوە کە لە نێوان چوار بنەچەی ئەم هۆزەدا دابەش بوون و نزیکەی ۳۰ بنەماڵە پشتیان پێ بەستووە. ئەو دەڵێت نزیکەی ۱۸۰ هێکتاری دیکە لە زەوییەکانی پێشووی ئەم هۆزە لە دەستی بنەماڵە عەرەبەکاندا ماونەتەوە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبیدا لە ناوچەکەدا نیشتەجێ کران.
دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعس، ژمارەیەک لە بنەماڵە کوردەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک لەپێناو وەرگرتنەوەی زەوییەکانی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی گواستنەوەی سووریادا چوونە ناو گفتوگۆوە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵێک لە بنەماڵەکان لەگەڵ ئەحمەد الهیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە لە دەوڵەتی گواستنەوەی سووریادا، لە باڵەخانەی ئیدارەی ناوچەیی لە قامیشلۆ کۆبوونەوە (دیداریان کرد) تا ڕێگەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی و ڕێگری لە گرژییە کۆمەڵایەتییەکان تاوتوێ بکان.
شوکری دەقووری دەڵێت لەم کۆبوونەوەیەدا ڕێککەوتن کراوە کە تا کاتی گەیشتن بە ڕێگەچارە، لە کڕین و فروشنی زەوییە جێی ناکۆکییەکان و دروستکردنی باڵەخانە تێیاندا ڕێگری بکرێت. بە وتەی ئەو، ئەحمەد الهیلالی بەڵێنی دابوو کە بابەتەکە لە ماوەی ساڵێکدا چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی کردەییی دیاریکراو لەم بوارەدا نەنراوە.
شوکری دەقووری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بە ڕێگەچارەی کۆتایی دەزانێت، بەڵام هاوزەمان جەخت لەسەر پێویستیی دابینکردنی قەرەبوو و خانووبەرە بۆ بنەماڵە عەرەبە دانیشتووەکانی ئەم ناوچانە دەکاتەوە. بە وتەی ئەو، بنەماڵە کوردەکان لە دۆخی ئێستادا دژی چاندنی بەرهەمە وەرزییەکان لە زەوییە جێی ناکۆکییەکاندا نین، بەڵام فروشنی ئەم زەوییانە، دروستکردنی باڵەخانەی بەردەوام و جێبەجێکردنی پڕۆژەگەلێک کە دۆخی خاوەندارێتی ئاڵۆزتر دەکەن، قبووڵ ناکەن.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی دۆخی ئێستا قبووڵکراو نییە و دەبێت ڕێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە کە مافی خاوەنە ڕەسەنەکان بگەڕێنێتەوە و ڕێگری لە دروستبوونی کەلێن لە نێوان کورد و عەرەبدا بکات.
گۆڤاری «ئامارگی» بۆ وەرگرتنی ڕوونکرنەوە سەبارەت بە داواکاریی بنەماڵە کوردەکان و ئەنجامی دیدار لەگەڵ ئەحمەد الهیلالی پەیوەندیی پێوە کرد، بەڵام جێگری پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند کە لە ئێستادا مۆڵەتی لێدوان لەسەر ئەم بابەتەی نییە.
ئاماری دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان و پێویستیی ڕاستکردنەوە
ڕیاز عەلی، ڕاوێژکاری باڵای یاساییی ڕێکخراوی «سوورییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری»، پێی وایە کە چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر زەوییەکانی کەمەربەندی عەرەبی پێویستی بە توێژینەوەی گشتگیر لە بەڵگەنامەکانی خاوەندارێتی و داڕشتنی سازوکارێکی دادپەروەرانە بۆ گەڕاندنەوەی موڵکەکان هەیە.
بەپێی خەمڵاندنە کۆکراوەکان لەلایەن ڕیاز عەلی و تیمی توێژینەوەی ئەم ڕێکخراوەوە، نزیکەی ۳۳۵ گوندی کوردنشین لە لێکەوتەکانی پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها زیاتر لە ۴۰ ئاوەدانی بۆ نیشتەجێکردنی بنەماڵە عەرەبەکان دروست کراون کە کۆی ڕووبەری زەوییە تەرخانکراوەکان بۆیان نزیکەی ۷۳ هەزار هێکتار خەمڵێندراوە.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها خەمڵاندوویەتی کە نزیکەی ۱۳۹ هەزار هێکتار لە زەویی بنەماڵە کوردەکان دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ کێڵگەکانی ژێر بەڕێوەبەریی دەوڵەت دابڕێنراوە. بەم حاڵەشەوە، ڕیاز عەلی جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە پێویستیان بە توێژینەوەی وردی بەڵگەنامەکان و پشتڕاستکردنەوەی دامەزراوە سەربەخۆکان هەیە. خەمڵاندنەکانی ئەم ڕێکخراوەش لەگەڵ ژمارەی نزیکەی ۲۸۰ هەزار هێکتاریی ڕاگەیەندراو لەلایەن شوکری دەقوورییەوە یەک نین و بۆ گەیشتن بە وێنەیەکی ورد لە بڕی زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان، توێژینەوەیەکی گشتگیرتر پێویستە.
لە ڕوانگەی ڕیاز عەلییەوە، بابەتی کەمەربەندی عەرەبی ناکرێت لە فەرمانێکی دەوڵەتی یان قۆناغێکی کاتیدا کورت بکرێتەوە. ئەو پێی وایە کۆمەڵێک لە سیاست و بڕیارنامە جیاکارییەکان، لەوانە یاسای چاکسازیی زەویوزار، فەرمانی یاسادانانی ژمارە ۱۹۳ی پەسەندکراوی ساڵی ۱۹۵۲ سەبارەت بە سنووردارکردنی مامەڵەی موڵک لە ناوچە سنوورییەکاندا و سەرژمێریی تایبەتی ساڵی ۱۹۶۲ لە پارێزگای حەسەکە، ڕۆڵیان لە بێبەشکردنی کورد لە مافی خاوەندارێتیدا هەبووە.
سەرژمێریی تایبەتی ساڵی ۱۹۶۲ ڕەگەزنامەی سووریی لە دەیان هەزار کورد سەندەوە. سنووردارکردنی پەیوەندیدار بە تۆمارکردن و گواستنەوەی موڵک لە ناوچە سنوورییەکاندا، تۆمارکردنی خاوەندارێتی و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بڕیارەکانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ زۆرێک لە بنەماڵەکان دژوار کرد. بە بڕوای ڕیاز عەلی، توێژینەوە لە بابەتی کەمەربەندی عەرەبی بێ سەرنجدان بە پەیوەندیی نێوان سەکردنەوەی ڕەگەزنامە، سنووردارکردنی خاوەندارێتی و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، وێنەیەکی ناتەواو لە ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکە پێشکەش دەکات.
ڕیاز عەلی پێی وایە دەوڵەتی گواستنەوەی سووریا دەبێت گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان، دوای توێژینەوە و سەلماندنی خاوەندارێتی لە هر دۆسیەیەکدا، بخاتە پێشەنگی کارەکانییەوە. بەم حاڵەشەوە، ئەو جەخت دەکاتەوە کە بنەماڵە عەرەبە دانیشتووەکانی ئەم ناوچانە نابێت بە بەرپرسیاری سیاستەکانی حکوومەتی بەعس بزانرێن یان بکەونە بەر ئاوارەبوونی زۆرەملێ.
بە وتەی ئەو، هەندێک لەم بنەماڵانە لە دۆخێکی ناچاریدا بۆ ناوچەکە گوازراونەتەوە؛ لەوانە کاتێک پڕبوونی ئاوی بەنداوی فورات گوند و زەوییەکانیانی خستە ژێر ئاوەوە. هەندێکی دیکەشیان بە هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا لەم ناوچانەدا نیشتەجێ بوون. لەم ڕووەوە، چارەسەرکردنی ناکۆکی دەبێت لە پاڵ دابینکردنی مافی خاوەنە ڕەسەنەکاندا، ڕێگری لە دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی بێخانووبەرەیی و ناڕەحەتی بکات.
ڕاوێژکاری باڵای یاساییی ڕێکخراوی «سوورییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری» پێشنیاز دەکات کە دەوڵەتی گواستنەوەی سووریا بڕیارنامە و فەرمانەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆژەی کەمەربەندی عەرەبی بە فەرمی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵگەنامەکانی تۆماری پێشووی زەوییەکان زیندوو بکاتەوە و دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ توێژینەوە لە موڵکەکان، ڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکانی خاوەندارێتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پێک بهێنێت. ئەو هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی ڕەخساندنی بواری ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بڕیارەکانی ئەم دامەزراوەیە لە دادگا شیاوەکاندا دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی ڕیاز عەلییەوە، دەوڵەت دەبێت تێچووی قەرەبووکردنەوەی زیان یان دابینکردنی خانووبەرەی جێگرەوە بۆ بنەماڵە عەرەبەکانیش بگرێتە ئەستۆ و ئەم پرۆسەیە هاوزەمان لەگەڵ گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان بباتە پێش. بەم شێوەیە، دابینکردنی مافی کوردەکان نابێت ببێتە هۆی گواستنەوەی زۆرەملێی بنەماڵە عەرەبەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانی یەک گرووپیش نابێت بە نرخی فەرامۆشکردنی مافی گرووپێکی دیکە تەواو بێت.
ئەو هەروەها داوای ئەوە دەکات کە دۆسیەی کەمەربەندی عەرەبی ببێتە بەشێک لە پرۆسەی بەرفراوانتری دادپەروەریی گواستنەوە لە سووریای دوای حکوومەتی بەشار ئەسەددا و دەبێت لێکەوتەکانی بێبەشکردن لە ڕەگەزنامە، دەستبەسەرداگرتنی موڵک، گۆڕینی زۆرەملێی پێکهاتەی دیمۆگرافی و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکان لە قۆناغی حکوومەتی پێشوودا تاوتوێ بکات.
لە پاڵ بەدواداچوونی یاسایی و ئیداریدا، گفتوگۆی نێوان کۆمەڵگە خۆجێییەکانیش بۆ ڕێگری لە توندبوونەوەی گرژییەکان پێویستە. بابەتی زەوی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا تەنیا ناکۆکییەک نیست لەسەر بەڵگەنامەکانی خاوەندارێتی، بەڵکو کەلەپووری چەندین دەیەی سیاست و ڕێبازی دەوڵەتییە کە هم کوردە ڕەسەنەکان و هم ژمارەیەک لە بنەماڵە عەرەبە گوازراوەکانی بۆ ئەم ناوچانە زیانپێگەیاندووە.
لەم ڕوانگەیەوە، چارەسەری هەمیشەیی ناکۆکی پێویستی بەوەیە کە خاوەندارێتیی زەوییەکان لەسەر بنەمای بەڵگەنامەی بڕواپێکراو و توێژینەوەی سەربەخۆ دیاری بکرێت، مافی خاوەنە ڕەسەنەکان بگەڕێندرێتەوە، زیانەکانی بنەماڵە ئاوارەبووەکان قەرەبوو بکرێنەوە و هیچکدام لە دوو کۆمەڵگەکە بەهۆی بڕیارەکانی حکوومەتی پێشوو سزا نەدرێن. ئامانج لە دادپەروەریی گواستنەوە، دابینکردنی مافی زیانپێکەوتووان و چاککردنەوەی لێکەوتەکانی سیاستەکانی ڕابردووە؛ نەەک ڕەخساندنی زەمینە بۆ جیاکاری یان پێکدادانی نوێ لە نێوان کورد و عەرەبدا.
ڕاپۆرتی گۆڤاری ئامارگی
بۆچوونی بەکارهێنەران