خبر 2026-10-18 08:08 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی: دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن بەرامبەر بە شەڕی ناوچەکە

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە کەرکووک، ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت بەهۆی بێمنەتییان لە ئاست شەڕی ناوچەکە و پێکنەهێنانی حکوومەت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین لە سەردانێکیدا بۆ شاری کەرکووک، هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەکرد، جێی نیگەرانییە بەرپرسانی هەرێم خوێندنەوەی پێویستیان بۆ فراوانبوونی ئەو ئاگرە نەکردوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرساوە. ئەو بڕوای وایە کە بێمنەتیی دەسەڵات لە ئاست ڕوداوەکان و پشتگوێخستنی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتداران هەست بە گەورەیی مەترسییەکان ناکەن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەمینداری یەکگرتوو باسی لە دۆخی کەرکووک کرد و ڕەخنەی توندی لە پارتی و یەکێتی گرت و ئاماژەی بەوەکرد کە هەردو هێزی دەسەڵاتدار لە ڕابردودا خزمەتیان بە خەڵک و خاکی کەرکووک نەکردوە و تەنها ناکۆکییەکانیان بوەتە هۆی لەدەستدانی ئەو دەستکەوتانەی کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە بۆ کورد بەدەست هاتبون.

سەلاحەدین بەهائەدین جەختی کردەوە، یەکگرتوو بڕوای تەواوی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە هە یە و خزمەتکردنی هاوڵاتیان بێ جیاوازی پرەنسیپی کارکردنیانە. ئەو دوپاتی کردەوە کە حزبەکەی هەمیشە خەمی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانی خواردوە و لە ناوەوە و دەرەوە هەوڵی یەکخستنی ناوماڵی کوردی داوە، و دەیانەوێت بەو بەرنامەیەی هەیانە سەروەری بۆ کەرکووک و گەلەکەیان بەدەست بهێنن.

سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ڕایگەیاندووە: "ئێمە شانازی بە نەتەوەییبونی خۆمان دەکەین و پێویستە کەرکووکییەکان خوێندنەوە و پێوەریان بۆ زوڵم و زاڵمان هەبێت؛ بە بەرنامەی خزمەتکردنی هاوڵاتیان بێ جیاوازی، ئینشائەڵڵا سەروەری بۆ خۆمان و شاری کەرکووکی خۆشەویست دەگەڕێنینەوە".

زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.