خبر 2026-10-17 12:08 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئایا کۆتایی بە گرژیی نێوان تورکیا و پەکەکە هاتووە؟

ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی توێژینەوەی (JINSA) ئاماژە بەوە دەکات کە چۆڵکردنی خاکی تورکیا لەلایەن هێزەکانی پەکەکەوە، پرۆسەی ئاشتیی ئەنقەرە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە گەیاندووەتە قۆناغێکی کەموێنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی یاسا نوێکە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و پرسی دیموکراسی لە تورکیادا بێ وەڵامە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا تێپەڕ دەبێت، لەم ماوەیەدا و بە گوتەی توێژەران، هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداری لە نێوان هەردوو لادا ڕووی نەداوە. بە دەرچوونی هێزەکانی پەکەکە لە خاکی تورکیا و چۆڵکردنی حەشاردگە و پەناگەکانی ئەم ڕێکخراوە لە باکووری عێراق، وادەردەکەوێت ئەم ڕەوتە لەو کۆسپ و تەگەرانە پەڕیبێتەوە کە پێشتر بە چارەسەرنەکراو دەهاتنە بەرچاو. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم پێشڕەوییانە دەبنە هۆی کۆتاییهاتنی بنەبڕی ململانێکان، یاخود گرێکوێرەکانی وەک جێبەجێکردنی یاسای ئاشتی و پرسی دیموکراسی هێشتا ڕێگاکە سەخت و دژوار دەکەن؟ پەیمانگەی JINSA لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پەرژاوەتە سەر وەڵامدانی ئەم پرسیارە.

بەڕای جەیران ئۆجان، توێژەری کاروباری کورد لە پەیمانگەی JINSA، پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە دەستی پێکردووە، تا ئەمڕۆ بێ ڕوودانی هیچ شەڕ و پێکدادانێکی چەکداری بەردەوام بووە. سەرچاوە هەواڵگرییەکانی تورکیا لە ٨ی تشرینی یەکەمدا ڕایانگەیاند کە پەکەکە تەواوی هێزەکانی لە خاکی تورکیا کێشاوەتەوە و چوار حەشاردگەی ئەو ڕێکخراوەش لە باکووری عێراق چۆڵ کراون. موراد قەرەیڵان، لە سەرکردە دیارەکانی پەکەکەش، ڕایگەیاندووە کە فەرمانی کشانەوە دراوە بە یەکە نهێنییەکانی ڕێکخراوەکە لە ئەستەمبوڵ و شارەکانی تریشدا.

ئۆجان هۆکاری سەرەکیی پاڵنەری ئەنقەرە زیاتر لە هەر شتێک لە گۆڕانکارییە ناوچەیییەکاندا دەبینێتەوە. بە بڕوای ئەو، بەرپرسانی تورکیا لە جەنگ و قەیرانەکانی غەززە، سووریا و ئێراندا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبینن، و ئاشتی لەگەڵ کورددا بە ڕێگەیەک دەزانن بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و ڕێگری لە قۆستنەوەی بارودۆخەکە لەلایەن نەیارەکانیانەوە، وەک ئیسرائیل. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ڕەوتە کاریگەریی ناوچەییشی لێکەوتووەتەوە؛ لەوانە کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و دەسەڵاتی دیمەشق لە سووریا، هەروەها ڕادەستکردنی یەکێک لە پایەگاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بەغدا.

بەڵام بە بڕوای نووسەر، هەموو شتێک بەپێی خواست ناڕوات. ئەو یاسایەی کە پەرلەمانی تورکیا لە ئابدا پەسەندی کرد، ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە دەدات بێ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو یاسایە مەرجدار کراوە بە پشتڕاستکردنەوەی داماڵینی تەواوەتیی چەک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە، و تا ئەمڕۆش هیچ ئەندامێک نەگەڕاوەتەوە. سەرکردایەتیی پەکەکە جەخت دەکەنەوە کە دەبێت داماڵینی چەک و جێبەجێکردنی یاساکە هاوتەریب و بەیەکەوە بەڕێوە بچن. جگە لەوەش، ڕەخنە لەوە دەگرن کە سەرکردەکان و سەدان ئەندامی باڵای ڕێکخراوەکە لە لێبووردنی ئەو یاسایە بێبەش کراون.

ئۆجان کە پێشتر وتەبێژی حزبی سەرەکیی لایەنگری کورد بووە لە تورکیا، ئاماژە بەوە دەدات کە ئاشتی بە تەنیا دیموکراسی دەستەبەر ناکات. ئەو تیشک دەخاتە سەر خستنەژێر چاودێری و تەنگەتاوکردنی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا و دەنووسێت: ئەم جۆرە ڕەفتارانە بڕوای سەرکردە کوردییەکانی بە بەڵێنەکانی دەسەڵات کەم کردووەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەو ئەنجامە دەگات کە هەردوو لا گەڕانەوە بۆ بژارەی شەڕ بە دوور دەزانن، و هاتنە ئارای تورکیایەکی دیموکراتیکتر بێ بەدیهێنانی ئاشتی مەحاڵە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.