زۆریی کەمپی ئاوارەکان بارگرانیی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: زۆریی کەمپی ئاوارەکان بارگرانیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بۆیە بڕیاریان داوە کەمپەکان کەم بکەنەوە و خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ دابین بکەن.
بە گوتەی حوسێن کەلاری، خەرجیی رۆژانەی هەر ئاوارەیەک لە هەرێمی کوردستان رۆژانە دوو تاوەکوو سێ دۆلار لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت و رۆژانەش خەرجیی سەرجەم ئاوارەکان دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێیوایە "حکوومەتی عێراق کەمترین هاوکاری پێشکێش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ خەرجیی ئاوارەکان" و دەشڵێت، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کۆمەکەکانیان کەم کردووەتەوە و دەڵێن: عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و پێویستی بە کۆمەکی خێرخوازیی نییە.
لەبارەی گەڕانەوەی هەزار و 637 ئاوارە لە کەمپەکانی ئاشتی و ناوەندی پارێزگای سلێمانی، حوسێن کەلاری دەڵێت: ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و جارێ ئاوارەکان بە نیازی گەڕانەوە نین، بەڵام لە پلانیاندایە ژمارەی کەمپەکان کەم بکەنەوە.
بە گوتەی حوسێن کەلاری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانە، بەڵام لیژنەی تایبەت هەیە و بەردەوام ناوی ئەو ئاوارانە تۆمار دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و کارئاسانییان بۆ دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، جگە لەوەی 36 کەمپی ئاوارە هەن، بەڵام 74٪ی ئاوارەکان لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
بۆچوونی بەکارهێنەران